مەحمود محەممەد:دەبێت خەڵک بزانێت لەسەر چ بنەمایەک داهاتی ناوخۆی سلێمانی بەروارد بە سەردەمی کۆرۆناکەمی کردووە

مەحمود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت؛ ئێمە لەگەڵ ئەوەین لەیەکنزیکبوونەوەیەک دروستبێت لە نێوان ئەو لایەنانەی لە هەرێمی کوردستان سیاسەت دەکەن و لە پرۆسەی سیاسیدا بەشدارن، دەشڵێت؛ بەم نزیکانە پارتی گەڕێکی دانوستاندن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. ئەمەش پوختەی دیمانەکەی گوتەبێژی پارتیە؛

  • دوایین کۆبوونەوەی سێ قۆڵی و هەنگاوەکان بۆ دەرکردنی عێراق لە چەقبەستوویی
  • مەحمود محەممەد: ئەو کۆبوونەوەیە پێویست بوو بۆ ئەوەی باس لەو چەقبەستووییە بکرێت کە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق هاتووەتە ئاراوە؛ لەوانەیە لە ئەجێندای کۆبوونەوەکە چارەسەرێکی دیاریکراو نەبووبێت، بەڵام چارەسەر لە کۆبوونەوەکان دەستنیشاندەکرێت و دەدۆزرێتەوە؛ بۆ ئەو بابەتە بەدڵنیاییەوە هەوڵی ئەوە درا سەرجەم ئەو وردەکارییانەی رێگرن لە پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی تاوتوێ بکرێن و سەرجەم ئەو ئاستەنگانەی تا ئێستا دروستبوون، خرانەڕوو و باس لەوەکرا کە چۆن دەکرێ ئەو داخرانە سیاسییە بکرێتەوە. لە راگەیێندراوەکەشدا زۆر بە روونی دیاربوو کە دەبێ هەوڵ و کۆششەکان چڕ بکرێنەوە و کاروباری هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمانیش زیاتر رێکبخرێتەوە و کۆبوونەوەکانی بەردەوامبن بۆ ئەوەی بەردەوام لەگەڵ پێشهاتەکان و رووداو و گۆڕانکارییەکان چارەسەری نوێ هەبێت.
  • دەستپێشخەری و ئەجێندای سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەری دۆخەکە
    مەحمود محەممەد: ئەو دەستپێشخەرییەی کە پێشتر هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان کردبووی بۆ ئەوەی سەربەخۆکان رۆڵی خۆیان ببینن و حکوومەت پێکبهێنن و پشتیوانییان لێدەکرێت، جارێ کاتی ماوە و دەبێ ئەو کاتەی پێیاندراوە تەواوبێت؛ ئەوکات باس لەوە دەکرێت کە ئایا چی دیکە بخرێتەڕوو بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی لەم چەقبەستووییە بێتەدەر.
  • دەستپێشخەری و پرۆژە و بڕیارەکانی هاوپەیمانی ڕزگاریی
    مەحمود محەممەد: بێگومان ئەو دەستپێشخەرییەی سەبارەت بە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان کرا بە راوێژ بوو و دوای لێکدانەوە و لەبەرچاوگرتنی هەموو لایەنە باش و خراپەکانی بوو و ئینجا بابەتەکە خرایەڕوو. لەوانەیە ئەو پرسیارە لە زۆر شوێن هەبێت، هەم لەلایەن ئەندام پەرلەمانەکانەوە و هەم لەلایەن جەماوەری هەرسێ لایەنی هاوپەیمانییەکەوە کە ئاخۆ ئەو هاوپەیمانییەی نێوانمان درێژخایەنە یان هەر بۆ ماوەیەکی دیاریکراوە؟ هەروەها پرسیاری ئەوە هەیە کە چی دەکرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت و تا کەی ئەو چەقبەستووییە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت؟ لەوەدا پێویستمان بەوە بوو کە باس لە دروستکردنی سکرتاریەت بکەین بۆ ئەو هاوپەیمانییە و سکرتاریەتەکە لە هەرسێ لایەن پێکبێت بۆ ئەوەی بەردەوام کارەکان بە شێوازێکی رێکوپێک بەڕێوەبچن و هەر ڕاگەیێندراوێک دەربچێت، لەوێوە بێت و شتەکان لەوێ کۆبکرێنەوە و زیاتر کۆبوونەوەکان چڕ بکرێنەوە؛ لەبەر ئەوەی لە سەرەتاشەوە ئاماژەم پێکرد، لەوانەیە لە سەرەتای کۆبونەوەیەکدا چارەسەرێکی دیاریکراوت پێنەبێ، بەڵام کاتێک کۆبوونەوە دەکەی، وردە وردە دەگەیتە ئەوەی کە چارەسەر دروستبکەی و کۆبوونەوەش بۆ دروستکردنی چارەسەرە.
  • پێشنیارەکانی پێکهێنانی حکوومەت و سیناریۆکانی
    مەحمود محەممەد: ئێمە جارێ چاوەڕێی ئەنجامی ئەو دەستپێشخەرییەین کە هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان کردوویەتی بۆ پەرلەمانتارە سەربەخۆکان، کاتێک کە مۆڵەت بەوان دراوە و مۆڵەتی ئیشکردنی ئەوانە و پێویست ناکات کە ئێمە شتی دیکە بڵێین تا ئەوان بۆچوونی خۆیان دەردەخەن کە ئایا چۆن پشتگیری خەڵک بەدەستدەهێنن بۆ ئەوەی بتوانن حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانی پێکبهێنن کە ئێمەش وەک هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان پشتیوانییان بکەین. ئەوکاتە ئێمە دەتوانین بڵێین ئەگەر سەرکەوتوو نەبوون، ئاخۆ جێگرەوەی ئەوە چی دەبێت.
  • ئەگەری شکستهێنانی سەربەخۆکان لە پێکهێنانی حکوومەت هەیە و پلانی دواتر
    مەحمود محەممەد: بە دڵنیاییەوە خۆمان بۆ ئەوەش ئامادە کردووە چی بکەین بۆ ئەوەی ئەم داخرانە سیاسییە بکرێتەوە. لە راگەیێندراوەکەدا کرانەوەیەک هەیە؛ ئێستا باس لەو پلانە ناکەم، لەبەر ئەوەی دوای ئەوەی پلانی یەکەم کۆتاییهات و سەرکەوتوو نەبوو، ئینجا پلانی دووەم دەخەینەڕوو.
  • هەوڵەکان بۆ چارەسەریی کێشە نێوخۆییەکانی لە نێوان لایەنە کوردستانییەکان
    مەحمود محەممەد: هەر لەم چەند رۆژەی رابردوودا چ لە مەکتەبی سیاسی و چ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی، بە دوورودرێژی تاوتوێی ئەم بابەتە کرا و بڕیاری پێویستی لەبارەوە درا. ئێمە لەگەڵ ئەوەین لەیەکنزیکبوونەوەیەک دروستبێت لە نێوان ئەو لایەنانەی لە هەرێمی کوردستان سیاسەت دەکەن و لە پرۆسەی سیاسیدا بەشدارن، چ ئەوانەی لە پەرلەمانی عێراق کورسییان هێناوە و چ ئەوانەش کە بەشداربوون و کورسیان نەهێناوە و تەنانەت ئەوانەی کە بەشداریشیان نەکردووە؛ ئەوانەی لایەنی سیاسین لە کوردستان بە تێکڕا دەبێ لە خەمی ئەوە بین ئەو چەقبەستووییەی لە عێراق هەیە چارەسەری بکەین. لەلایەکی دیکەش ئەو گرفتانەی کە لەناوخۆ هەیە توانای چارەسەربوونیان هەیە و دەبێ چارەیان بکەین و پێویستە لەئاستی ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورەیە بین، چونکە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانی تێدایە و بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری خەڵک لەوەدایە ژینگەیەکی ئارام دروستببێتەوە و پێکەوەیی و نزیکبوونەوەیەک دروستببێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی داهاتوودا دەست بە گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکردن دەکات لەگەڵ لایەنەکان و هەوڵدەدات لەیەکنزیکبوونەوەیەک لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان لە کوردستان دروستبێت و هەروەها لەسەر بنەمای ئەو مافە دەستوورییانەی هەمانە، هەموومان بەیەکەوە بەرگرییان لێبکەین و بەدییان بهێنین. پێشتر بۆچوونمان وابوو لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەموو لایەنەکان بکرێت و چەتری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنی کۆکردنەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و چەند جارێکیش هەوڵی ئەوە درا. پێشووتر هەندێک حیزب بیانوویان هێنایەوە لە بەشداریکردن، بەڵام ئەمجارە تا ئێستا ئەو داواکارییە نەکراوە تا بزانین ئایا کۆبوونەوەی دووقۆڵی و سێقۆڵی بکەین پێش ئەوەی کۆبوونەوە لەژێر چەتری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بکرێت یان کۆبوونەوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بکرێت و ئینجا کۆبوونەوە دووقۆڵییەکان بکەین.
  • کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی
    مەحمود محەممەد: بەدڵنیاییەوە ئەو هەوڵە دەبێت و هەوڵدەدەین گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش ئەنجام بدەین؛ ئەوە ئەرکی هەموو لایەکە بەخەم ئەو بارودۆخەوە بن، ئەرکی لایەنێک بەتەنیا نییە و ئەگەر لایەنێک بەتەنیا هەموو هەوڵەکانی خۆی چڕ بکاتەوە، لایەنەکانی دیکە هاوکار نەبن، ئەو بەستەڵەکەی هەیە بە ئاسانی ناشکێت؛ بۆیە دەبێ هەموو بەخەمەوەبین و هەمووشمان گفتوگۆ بکەین؛ لەبەر ئەوەی شوێنی دۆزینەوەی چارەسەرەکان گفتوگۆکردنە و شوێنی دۆزینەوەی چارەسەرەکان لە کۆبوونەوەکان و لەسەر مێزی گفتوگۆ و دانیشتنە نەک لە راگەیاندن گفتوگۆ لەگەڵ یەک بکەین و گرژییەکان زیادبکەین. بۆیە پێمان وایە هەوڵەکانی ئێمە چڕدەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانین رێگەچارەیەک بۆ ئەو بابەتە بدۆزینەوە، بەتایبەت کە ئێستا پرسی هەڵبژاردن لەپێشە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسومێکی دەرکردووە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتوساتی خۆیدا بکرێت و هەندێک ئاستەنگی بۆ هاتووەتەپێش و ئەو ئاستەنگانەش چۆن چارەسەر دەکرێن، ئەوانە هەمووی دەهێڵینەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆکان.
  • گرفتەکانی سلێمانی و گلەییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە هاوپەیمانییەتی لەگەڵ پارتی
    مەحمود محەممەد: لەوانەیە گلەییەکانی ئێمە زۆر زیاتر بن لەوانەی کە ئەوان کردوویانە، بەتایبەتی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان؛ یەکێتی بەشێکە لە کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەیەکەوە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی ئەو کابینەیەمان پێکهێناوە؛ بەپێی ئەو رێککەوتنانەی لە رووی سیاسی و ئیدارییەوە کراون، دامودەزگاکانی حکوومەت و دامەزراوە شەرعییەکانمان دامەزراندوونەتەوە، بەڵام بۆ بابەتی سزادان، پارتی سلێمانی بە هی خۆی دەزانێت کە یەکێکە لە شارە تێکۆشەرەکانی هەرێمی کوردستان و رۆڵی خەڵکەکەی لە مێژوودا دیارە لە بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و ستەم و بەرەنگاربوونەوەی داپڵۆسێنەرانی رژێمی بەعس و ئەوانەی ویستوویانە خەڵکی کوردستان قڕ بکەن و کورد تەعریب بکەن؛ روونە کە خەڵکی سلێمانی چ هەڵوێستێکی جوامێرانەی هەبووە؛ بۆیە ئەوە راست نییە. خۆ هەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان پڕۆژەیەکی هەبوو بۆ ئەوەی لامەرکەزی ئیداری و دارایی هەبێت و لەسەر بنەمای داواکەی ئەوان ئەو لامەرکەزییە داراییە دراوە بە پارێزگاکان و لەوێدا چەند روونکردنەوەیەک درا لەو داتایانەی لەبەردەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو لەسەر دابەشکردنی ئەو پارانەی کە دێت. 43٪ی پارەی نەوت کە دەفرۆشرێت دەنێردرێت بۆ سلێمانی و 43٪ ئەو 200 ملیارەی لە بەغداوە دێت دەنێردرێتە سلێمانی و 43٪ی پارەی هاوپەیمانانیش رەوانەی سلێمانی دەکرێت؛ دەمێنێتەوە 18٪ی دابینکردنی مووچە کە دەبێ لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی و گومرگەکان دابینبکرێت. کێشەکە تا ئێستا لەسەر ئەو بڕەیە کە لە داهاتی ناوخۆ کۆدەکرێتەوە؛ تا ئێستا هەندێک وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی نەیانتوانیوە لەوێ مووچەی مانگی سێ وەربگرن لەکاتێکدا دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار دەستیپێکردووە. کەواتا مادام باوەڕیان بەوە هەیە کە دەبێ لای خۆیانەوە سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی داهاتی ناوچەکە بکرێت، با رێکیبخەن؛ ئەوە ماقوڵە لەکاتی کۆرۆنادا داهاتی دەروازەکان و باج و رسوومات زیاتر بووبێت لە ئێستا؟ دەبێ دیاربێت داهاتی گومرگەکان و مەرزەکان چییە و چەندە و بۆکوێ دەچێت. ئەو گلەییانە هی ئەوەیە هەندێک خەڵک هیچ شارەزاییەکیان نییە باوەڕی پێبکەن؛ باوەڕناکەم خەڵک بڕوا بەو قسە بێبنەمایانە بکات کە ئێمە بمانەوێ شارێکی خۆشەویست کە زۆر رۆڵی هەبووە و پارتی بە شاری خۆی دەزانێت، سزا بدەین. ئەوە بۆ چەواشەکارییە و بۆ ئەوەیە کە هەستی خەڵکی لە دژی پارتی پێ بجوڵێندرێت و زۆر شتی دیکەی لەو بابەتە کراوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە خەڵکی سلێمانی زۆر لەوە شارەزاتر و سیاسیترن کە بەو چەواشەکارییانە بخەڵەتێن.
  • بەرپرسیاریی دۆخی سلێمانی
    مەحمود محەممەد: ئەو دامودەزگایانەی سەرپەرشتی سلێمانی دەکەن بەرپرسیارن. ئەگەر داهاتەکە دێت و دیارنامێنیت، وەک ئەوەی لە رۆژنامەکان بڵاوکرایەوە، ئەی ئەو پارەیە چی لێ بەسەردێت و ئەگەریش کۆناکرێتەوە، هۆکارەکەی چییە؟ ئەگەر داهات کەمیکردووە، لەسەر چ بنەمایەک کەمبووەتەوە، دەبێ خەڵک ئەمە بزانێت. بەڵام کە رێککەوتووین لەسەر ئەو بنەمایەی لامەرکەزییەکی ئیداری و دارایی هەبێت و لەسەر داوای ئەوان ئەوەکراوە، خۆ دەبێ بەرپرسیارێتییەکەش هەڵبگرن و دەبێ ئەو بودجەیە دابینبکەن. بۆیە ئەو چەواشەکارییانەی بۆ بەلاڕێدابردنی خەڵک دەکرێن، تەنیا بەکارهێنانی هەندێک دەستەواژەن بۆ ناشیرینکردنی لایەنێکی سیاسی و ئەوەش کارێکی گونجاو نییە.
  • کۆنگرەی پارتی
    مەحمود محەممەد: ئێمە زۆر ئەو پرسی کۆنگرەیەمان هێنا و برد؛ هەڵبژاردنەکان کۆتاییان نایەت، بەڵام ئێمەش وەک پارتی دیموکراتی کوردستان پێویستمان بە کۆنگرەیە، لەبەر ئەوەی پێڕەوی ناوخۆمان لەگەڵ بارودۆخی ئێستای جیهان و کوردستان و ناوچەکە بگونجێنین و ئەو گۆڕانکارییانەی کراون تیایدا رەنگبداتەوە و ئەو پێویستییانەی هەمانە بتوانین جێگیریان بکەین. بۆیە ئەمجارە بەدڵنیاییەوە هەوڵدەدەین لە کۆتایی مانگی 10 یان سەرەتای مانگی 11 کۆنگرەکەمان ببەستین و تا ئێستاش هەر بڕیارە کۆنگرە لە دهۆک ببەسترێت.
  • بۆچوونی پارتی لەبارەی پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە
    مەحمود محەممەد: کێ بەرپرسە با ئەوە لێگەڕێین، بەڵام ئەوەی کە پەرلەمانی کوردستان جگە لە پرسی هەڵبژاردن بەهۆی ئەوەی رای جیاواز هەیە و لەسەر سیستم و یاسای هەڵبژاردن چ بۆ گشتییەکەی و چ بۆ کۆتاکان کێشەی تێکەوتووە، کە ئێمە پێمانوایە بەشێکی هەوڵە بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردن دروستبکرێت، ئەگینا دەکرێ ئەوانە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، بەڵام جگە لە پرسی هەڵبژاردن، پەرلەمان ئەرکی زۆر گرنگتری لەئەستۆ هەیە کە چۆن ئەو یاسایانەی پێویستن بۆ کوردستان و حکوومەتی هەرێم پێویستی پێی هەیە بۆ بەرێوەبردنی ئەو وڵاتە و هەروەها پەرلەمان رۆڵی چاودێری خۆی ببینێت. بۆیە ئەو راوەستانەی لە ئیشوکاری پەرلەمان دروستبووە، بە شتێکی باشی نازانین و هەر ئەوەشمان بە هەڤاڵانی خۆمان لە پەرلەمان گوتووە و هەروەک لە راگەیەنراوەکەی خۆشمان دیاریمان کردووە، پەرلەمان دەبێ رۆڵی کارای خۆی ببینێت و ئێمە پشتیوانی دامودەزگا شەرعی و هەڵبژێردراوەکانی خۆمان لە هەرێمی کوردستان دەکەین.

دیمانە؛ سەنگەر عەبدلڕەحمان – تۆڕی میدیایی ڕووداو

ھەواڵی زیاتر