نزیکەی ٣٠٠ هەزار ئاوارەی سووریا لە عێراق و هەرێمی کوردستانن

دوایین ژمارەی ئەو هاووڵاتییە سوورییانەی کە ئاوارەی عێراق و هەرێمی کوردستان بوون و لەوەتەی دەستپێکردنی جەنگی ناوخۆیی لەم وڵاتە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، بە فەرمی ڕاگەیەنرا کە سەرووی ٢٦٠ هەزار کەسە و بە دەیان هەزاری تریش بە شێوەی نافەرمی لە نێو شارەکان دەژین.

لە ساڵی ٢٠١١وە دۆخی سووریا شڵەژاوە و بەهۆی شەڕی ناوخۆیی و پاشان سەرهەڵدانی تیرۆر و پەرەسەندنی ململانێ سیاسی و سەربازییەکان بە ملیۆنان کەس لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە ئاوارەی وڵاتانی جیهان بوون و، بەهۆی دراوسێیەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەو وڵاتە بەشێکی بەرچاو لە ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان گیرساونەتەوە و چاوەڕوانن قەیران و ئاڵۆزی لە ولاتەکەیان کۆتایی بێت و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
هەرێمی کوردستان بە چەند قۆناغێکی جیاواز پێشوازی لە ئاوارەکانی سووریا کردووە، یەکەمیان لە دەستپێکی جەنگی ناوخۆیی سووریا و دووەمیش لە ساڵی ٢٠١٤ و دوای سەرهەڵدانی داعش شەپۆلێکی تری ئاوارە ڕوویان لە هەرێم کرد و نێوە نێوە هاتنی ئاوارەکان هەبووە و لە کەمپە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق جێیان بۆ کراوەتەوە.
ئامارەکە لە لایەن دکتور فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانەی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی برۆکسێل کە لەبارەی داهاتووی سووریا ڕێک خرابوو، خرایە ڕوو. کۆبوونەوەکە لە لایەن یەکێتی ئەورووپا ڕێکخرابوو و تێیدا وەزیری دەرەوەی عێراق وتارێکی پێشکەش کرد. ئەو لە وتارەکەیدا پێداگری لەوە کرد کە قەیرانی سووریا کاریگەری زۆر خراپی بۆ سەر هاووڵاتیان وخەڵکی سڤیلی ئەم وڵاتە هەبووە و ملیۆنان کەس لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە ئاوارە بوون و ژێرخانی زۆربەی خزمەتگوزارییەکانی سووریاش بەهۆی جەنگ لەناو چوون.
بە گوتەی دکتور فواد حسێن، ١١ ساڵ لە شەڕ و قەیرانی سووریا تێدەپەڕێت و ئەوە بۆ هەمووان ئاشکرا بووە گەمارۆی ئابووری و سیاسی و ڕووبەرووبوونەوەی سەربازی، جگە لە قووڵترکردنەوەی قەیرانەکە و ماڵوێرانی زیاتری خەڵکەکەی، هیچی لێ شین نابێت و باشترین ڕێگای کۆتاییهێنان بەو دۆخە نالەبارەی سووریا ئەوەیە، ڕێگەچارەیەکی ڕێکوپێک و تۆکمەی سیاسی بۆ بدۆزرێتەوە و بە کردەوە هەنگاو بۆ باشترکردنی دۆخەکە بنرێت.
بەگوتەی وەزیری دەرەوەی عێراق، لە دەستپێکردنی جەنگی سووریاوە پشتیوانی تەواوی پڕۆژە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی سووریا بووە و ئێستاش داوا لە تەواوی لایەنەکان دەکات دەست بە دانوستان و گفتوگۆی جیددی بکەن و هەر چی زووە کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنن.
بە پێی ئەو ئامارەی وەزیری دەرەوەی عێراق خستیە ڕوو عێراق میوانداری ٢٦٠ هەزار کەس لە هاووڵاتیانی سووریا دەکات کە ناویان لە بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی پەنابەرانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان تۆمار کراوە و سوپاسی یەکێتی ئەورووپا و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی کرد کە پاڵپشتییەکانیان درێژە پێ دەدەن.
خاڵێکی تر کە لەم کۆنفرانسەدا پێداگری لەسەر کرا پرسی تیرۆر بوو کە هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر خەڵکی ناوچەکە و جگە لە داعش بیری توندئاژۆیی هێشتا لە هەندێک شوێن زاڵە و تاوانی جەنگ ڕووی داوە و ئەو پێویستییە هاتووەتە کایەوە بڕیاری شێلگیرانەی نێودەوڵەتی لەبارەی کەمپەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بدرێت کە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت ژمارەیەک کەمپی گەورە لە ڕۆژئاوای کوردستان هەن کە بە هەزاران کەس لە خێزانەکانی داعش تێیدا دەستبەسەر کراون و بە هەزاران تیرۆریستی داعشیش لە گرتووخانەکانن کە ژمارەیەکی زۆریان بیانین و هەموو کاتێک مەترسین بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیتوانیوە چارەسەرییەکی بنەڕەتی بۆ ئەو کەمپ و گیراوانە بدۆزێتەوە.
ساڵی ڕابردوو لە ئاکامی ئاژاوەنانەوەی بەشێک لەو زیندانییانە و دروستبوونی ئاڵۆزی و شەڕ لە نێو گرتووخانەکە بۆ ماوەیەک جەنگێکی قورس ڕووی دا و بە دەیان تیرۆریست کوژران و هەرچەندە دۆخەکە کۆنترۆڵ کرا بەڵام بە دەیان تیرۆریستیش توانیان ڕا بکەن کە بەشێکیان بۆ تورکیا و بەشێکی تریشیان بۆ عێراق ڕایان کرد و بەرپرسانی عێراق بەردەوام ئەوە دووبارە دەکەنەوە کە دووبارە تووشی هەمان مەترسی و هێرشی تیرۆریستی ساڵانی ڕابردوو نەبنەوە.
چاودێریکردنی ئاوارەکان بە تایبەتی لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە بە سەدان هەزار ئاوارەی تری ناوخۆیی عێراق لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن و ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری سووریا و بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق دەتوانێت باری سەرشانی هەرێمی کوردستانیش سووکتر دەکات.

ھەواڵی زیاتر