لە سلێمانی تا ئێستا مووچەی مانگی سێی بەشێک لە فەرمانبەران و خانەنشینان دابەش نەکراوە

بەھۆی نەمانی پارە لە بانکەکان بەشێک لە خانەنشینان، فەرمانبەرانی شارەوانی، وەزارەتی خوێندنی باڵا، ڕۆشنبیری و کارەبا لە سلێمانی مووچەی مانگی سێیان وەرنەگرتووە، ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی دارایی و ئابووری دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار کردووە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی تەواوی وەزارەت و دەستەکانی ڕاگەیاندووە، تا ئێستا مووچەی مانگی چواری وەزارەتی تەندروستی و پێشمەرگە دابەش کراوە، ئەمڕۆش فەرمانبەرانی چەند وەزارەتێکی دیکە مووچە وەردەگرن، بەوەش ٣٠ی مانگ مووچەی تەواوی فەرمانبەران دابەش دەکرێت، بەوەش کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار دێت، ئەمە لە کاتێکدایە تائێستا فەرمانبەرانی پێنج وەزارەت و بەشێک لە خانەنشینان لە سنووری پارێزگای سلێمانی مووچەی مانگی سێیان وەرنەگرتووە، ئەوەش ناڕەزایی فەرمانبەرانی لێکەوتووەتەوە.
ڕۆژانە بە دەیان ملیار دینار لە دەروازەکان و داھاتی ناوخۆ لە سنووری سلێمانی کۆ دەکرێتەوە، بەڵام بێ ئەوەییەک دینار بۆ خەزێنەی حکوومەت بگەڕێتەوە، دەچێتە گیرفانی چەند کەسێکەوە.
فەرمانبەران و مامۆستایانی سنووری سلێمانی لەبەرامبەر پێنەدانی مووچەی مانگی سێ،ڕۆژانە ناڕەزای دەردەبڕن و دەڵێن، ڕۆژانە دەچینە بەردەم بانکەکان بۆ وەرگرتنی مووچەکانمان، بەڵام پێمان دەڵێن، بانکەکان پارەیان تێدا نییە و بڕۆن ڕۆژی دواتر وەرنەوە. فەرمانبەرانیش ئیدارەی پارێزگاکە بە ھۆکاری سەرەکی نەمانی پارە لە بانکەکان دەزانن و دەڵێن، لەسەر قوتی ئێمە دەیانەوێت یاری سیاسی بکەن، ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی دارایی دەستی کردووە بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار.
فەرمانبەرانی ناڕازی، نازانین بۆ بەرپرسانی سلێمانی پێمان ناڵێن، بۆ مووچەکانمان پێ نادرێت و بانکەکان بۆ پارەیان تێدا نامێنێت، ئەوە چەند ڕۆژێکە بەردەوام گردەبینەوە و ناڕەزایی دەردەبڕین، بەڵام کەس بە دەنگەوەمان نایەت و تەنیا ئەوە دەڵێن پارە لە بانکەکان نییە و بڕۆن بەیانی وەرنەوە، بۆیە دەبێت ئیدارەی سلێمانی ئەوەمان بۆڕوون بکاتەوە.
وەک بەشێک لە خانەنشنان، ڕوونیشی دەکەنەوە: “ئیدارەی سلێمانی بەو شێوەیە چاکەمان دەداتەوە، ئەوە وەزعە ئێمە تێداینە، پارە نییە پێداویستییەکانی ژیان بکرێن، زیاتر لە چوار جار ھاتووینەتە بەردەم بانک ھەر جارێکیش بێین ٥ ھەزار لە کرێی تەکسی دەدەین، ئەوەش ھەموو ئیدارەی سلێمانی لێی بەرپرسیارە ئەگەرنا بۆ لە ھەولێر و دھۆک ھیچ کێشەیەک نییە و لە کاتی خۆی مووچە دابەش دەکرێت، کە ئێستا ھەندێک لە فەرمانبەران و پێشمەرگە مووچەی مانگی چواریان وەرگرتووە، کە چی ئێمە ھێشتا مووچەی مانگی سێمان وەرنەگرتووە.
زیاد کاکە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ ھەولێر دەڵێت: “دەستەڵاتدارانی سلێمانی لەو دۆخەی لەو شارە ھەیە بەرپرسیارن، داهاتی ئەو سنوورە دیار نییە، ئەو پارەی کۆ دەکرێتەوە ناچێتەوە بانک، دیار نییە پارەکە بۆ کوێ دەچێت، دەبێت ئیدارەی شارەکە بە مووچەخۆران بلێ پارەکە چی لێ دێت”.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕوونیشی کردەوە: “ئیدارەی سلێمانی ڕێگرە لەبەردەم پێشکەوتن و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئەو شارە و ھەرچی پارە ھەیە ھەمووی بردووە و بانکەکانی تاڵان کردووە، خەڵکەکەش بۆتە قوربانی دەستییان، کە تا ئێستا چەندین خانەنشین لە سەرەی وەرگرتنی مووچە گیانیان لە دەستداوە و بریندار بوونە”.
سیروان بابان، پەرلەمانتاری کوردستان، دەڵێت: “شتێکی زۆر کارەساتبار لە سلێمانی ڕووی داوە، ئەویش بردن و دیار نەمانی پارەی ھاووڵاتییانە کە بە ئەمانەت لە بانکەکاندا دایان ناوە”.

ھەواڵی زیاتر