رۆژنامەی ھەولێر

بۆ هەناردەکردنی نەوت پێناچێت عێراق ئومێدی بە هورمز مابێت لە هەوڵی ئەوەدایە جێگرەوەیەک پەیدا بکات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

عێراق لە شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵ لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی زیاتر لە سێسەد ملیۆن بەرمیل نەوت بێبەش بووە، ئەمە ڕاپۆرتی ئیکۆعێراقە کە لە بارەی کۆی بەرهەمی نەوتی ئەمساڵی عێراق لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ کە بڵاوی کردۆتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە كۆی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە سەرووی چوارسەد و چل ملیۆن بەرمیل، لە کاتێکدا ئەو قەبارەیە دەبوایە سەرووی حەوتسەد و چل ملیۆن بەرمیل بوایە و ئەمەش دەیسەلمێنێت عێراق لە فرۆشتنی سێسەد و دوو ملیۆن بەرمیل نەوت بێبەش بووە.
ئەمساڵ قەبارەی بەرهەمێنانی نەوت تەنیا لە دوو مانگی کانوونی دووەم و شوبات ئاسایی بووە و لە مانگەکانی دیکە حکوومەت بەرهەمهێنانی نەوتی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.
توانای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی عێراق چوار ملیۆن و سەد هەزار بەرمیلە و هەندێک جار گەیشتووەتە سەرووی چوار ملیۆن و سێسەد هەزار بەرمیل. لەو نەوتەی عێراق بەرهەمی هێناوە سێ ملیۆن و سێسەد تا سێ ملیۆن و پێنجسەد هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە.
زۆرترین بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق لە مانگی شوباتدا بووە بووە کە بە تێکڕا توانی چوار ملیۆن و سەد و چل هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێت و لە مانگی کانوونی دووەمیشدا ڕۆژانە چوار ملیۆن و نەوەد و حەوت هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێنا.
وەک ئاشکرایە لە ٢٨ی شوبات جەنگ لە نێوان ئێران و ئەمریکا دەستی پێکرد هورمز داخرا و عێراق چیتر نەیتوانی ئەو نەوتەی بەرهەمی دەهێنێت هەناردەی بکات، بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوت لە مانگی ئادار بۆ ملیۆنێک و نۆسەد و شەش هەزار بەرمیل و لە مانگی نیسانیشدا بۆ ملیۆنێک و شەشسەد و سی و سێ هەزار بەرمیل دابەزی و لە ئایاردا زیاتر دابەزی و گەیشتە ملیۆنێک و چوارسەد و شەش هەزار بەرمیل . لە مانگی حوزەیراندا بەرهەمهێنان کەمێک بەرزبووەوە و گەیشتە ملیۆنێک و پێنجسەد و بیست و پێنج هەزار بەرمیل.
عێراق کە نەیتوانیوە نەوتی بەرهەمهێنراو ساغ بکاتەوە ناچار بووە چالاکیی ژمارەیەک لە بیرەکان ڕابگرێت چونکە کۆگەکانی نەوتیش پڕ بوون لە نەوت و ئەوەی بەرهەم هاتووە زۆر زیاتر بووە لە پێداویستی ناوخۆ و کاتێک هیچ دەرفەتێک بۆ هەناردەکردن نەبێت ناچارە بەرهەمهێنان کەم بکاتەوە کە لە دۆخی درێژخایەندا دەتوانێت زیانی بنچینەیی بە بیرەکانی نەوت و توانای بەرهەمهێنانیان بگەیەنێت.
لە هەشتی نیسان کە جەنگ وەستێنرا ئومێدێک هەبوو هەناردە بەرز ببێتەوە بەڵام هیچ کات هورمز بە تەواوی نەکرایەوە و لە دوای واژۆکرانی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانیشدا هورمز نەکرایەوە و لە هەشتی تەمووزیشەوە کە گەڕێکی نوێی جەنگ دەستی پێ کردووە هورمز بە تەواوی داخراوە.
پێناچێت عێراق ئومێدێکی ئەوتۆی بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێی هورمزەوە مابێت و بۆیەش زۆر بە خێرایی لە هەوڵی ئەوە دایە جێگرەوەیەک بۆ هەناردەکردنی نەوت و دەستخستنی داهات بدۆزێتەوە.
یەکێک لەو ڕێگایانەی کە گرنگە و دەتوانێت بەشێک لە هەناردە قەرەبوو بکاتەوە هێڵی نەوتی کوردستان -جەیهانە و بەپێی دواین هەنگاوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق خەریکن لەم ڕۆژانەدا ئەو هێڵە بە تەواوی چالاک بکەن و لە قۆناغی یەکەمدا تا چوارسەد هەزار بەرمیل نەوت لە کەرکووکەوە بڕژێننە نێو لوولەکە و بۆ بازاڕەکانی جیهانی بگوازنەوە.
هێڵی دووەم کە بە ڕژدی عێراق کاری لەسەر دەکات ڕاکێشانی هێڵی نەوتە بەرەو بانیاسی سووریا و دەیەوێت ئەو ڕێڕەوە مێژووییەی گواستنەوەی نەوت چالاک بکاتەوە.
عێراق بۆ نیوەی دووەمی ئەمساڵ دەبێت بە خێرایی ئەو دوو هەنگاوە بنێت و بۆ ئەوەی لانی کەم بتوانێت نیوەی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەناردەی بازاڕەکان بکات و قەبارەی کورتهێنانە داراییەکەی کەمتر بکاتەوە.