سەدر دەستی بە جموجۆڵی سیاسی کردووەتەوە و خەریکی خۆ کۆکردنەوەیە

پەرلەمانتارە دەست لەکارکێشاوەکانی سەدر بەشداریی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانیان لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕەوتەكەیان کرد. چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە، ئەو هەنگاوە سەرەتایەكە بۆ گەڕانەوەی موقتەدا سەدر بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی و لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا بەشدارییەکی بەرفراوانیان دەبێت.

دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەدرییەكان لە ئەندامییەتی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی رێگریی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، سەدرییەکان بە دروستكردنی پەیوەندیی سەركردایەتیی رەوتەكە لەگەڵ بنكە جەماوەرییەكان، جارێكی دیكە دەستیان بە جموجۆڵی سیاسیی گەورە کردووەتەوە.

لە بەیاننامەیەکی سەدرییەكاندا هاتووە، بەگوێرەی ڕێنماییەکانی موقتەدا سەدر، ڕێبەری رەوتی سەدر، ئەو پەرلەمانتارانەی دەستیان لە كاری پەرلەمانتاری كێشاوەتەوە، بەشداریی کۆبوونەوەیەکی فراوانیان لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕەوتەكەیان کردووە، ئامانجی كۆبوونەوەكە پێکهێنانی ئەو لێژنانەیە، کە ئەرکی پەیوەندیکردنیان لەگەڵ بنکە جەماوەرییەکاندا پێسپێردراوە.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەو هەنگاوە سەرەتایەكە بۆ گەڕانەوەی موقتەدا سەدر بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق و لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا بەشدارییەکی بەرفراوانیان دەبێت.

ڕۆژنامەی (ئەلعەرەب) لە زاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاویکردووەتەوە، سەدر چیدیكە ئامادە نییە بە بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی زیانەکانی زیاتر و قووڵتر بکات، بەڵكو بەشداریی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا دەكات و چاوی لەوەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

پێنجشەممەی ڕابردوو، 28-03-2024، نووسینگەی تایبەتی موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر، فەرمانی پێکهێنانی ئەو لێژنە ناوەندییانەی لە سەركردەكانی رەوتەكەی دەرکرد و داوای كرد، لە پرسەكانی خەڵكی و خۆشییەكانیاندا بەشداریی بكەن و سەردانی كەسوكاری شەهیدان و لە مزگەوتەكانیشدا پێشنوێژیی بكەن، هەروەها ژمارەكانی خۆیان بۆ سكاڵای خەڵكی دابنێن و سەردانی نەخۆش و پەككەوتەكان بكەن، بە هەموو شێوەیەك خۆیان لە جەماوەر نزیك بكەنەوە

ھەواڵی زیاتر