“خۆشەویستی زۆر بدرێت بەمنداڵ ناتوانێت پشت بەخۆی ببەستی”

مەزهەر كەریم – سلێمانی

زۆرینەی خێزانەكان ئاماژە بەوە دەكەن نایانەوێت خۆشەویستی زۆر بدەن بەمنداڵەكانیان بۆئەوەی لەهیچ شوێنێك گۆشەگیر نەبن، چونكە پێیانوایە خۆشەویستی زیانی زیاترە لەسوود. كارمەندی دایەنگەیەكیش تەكید لەوە دەكاتەوە ئەو منداڵانەی خۆشەویستی زۆریان پێدەدرێت ماوەیەكی زۆریان دەوێت تا لەدایەنگە ڕادێن پسپۆری دەروونیش ئاماژە بەوە دەكات خۆشەویستی والە منداڵ دەكات لەداهاتوودا نە توانێت پشت بەخۆی نەبەستێت.

میدیا حسێن، مامۆستایە تەمەنی 30 ساڵە و كورێكی هەیە بەناوی ئەنەس تەمەنی سێ ساڵە ئەو ژنە باسی لەوە كرد كە لەبەرئەوەی ئەو كوڕەی یەكەم منداڵی خێزانەكەیانە بۆیە گرنگی زۆریان پێداوە گوتی” هەرچەندە هەموو منداڵەكانی خێزانەكەمان خۆشەویستن بەڵام ماڵی خەزوورم گرنگی زۆری پێدەدەن لەبەرئەوەی لەئێستاوە فێری یاساكانی ژیان ببێت ناردومەتە دایەنگە.
دایكی تابلۆ شەمسەدین، كە 34 ساڵە ئاماژەی بەوەدا كە خۆشەویستی زۆری خێزانی هەردوو ماڵی باپیری شانۆ، وایلێكردوە كە منداڵەكەی ناتوانێت بەكەسی نوێ تێكەڵ ببێت، بەڵكوو هەمیشە چاوەڕوانی ئەو خۆشەویستییە دەكات، ئەم ژنە باسی لەوەكرد كە بۆیە ناردویەتیە دایەنگە لەو خۆشەویستیەی كە پیدراوە كەم بكاتەوە، بەڵام دایكی تابلۆ پێیوایە پێدانی خۆشەویستی زیانی زۆر ترەو گوتی” كاتێك ناردمە دایەنگە بەردەوام دەگریا و زۆر درەنگ لەوێ ژیر بوو بەڵام پێم باشترە لە خۆشەویستی و نازداری یەی ئێستای.
شیرین حەسەن دادەیە لەدایەنگەی ناز ئاشكرای كرد كە ئەو منداڵانەی خۆشەویستی زۆریان دەدرێتێ و نازدارن درەنگتر ڕادێن، یاخود منداڵ هەیە كە لەگەڵ بارودۆخی دایەنگە ڕانایەت دەینێرنەوە بۆ ماڵەوە، لەبەرئەوەی ناهێڵێت منداڵەكانی دیكەش ئیسراحەت بكەن ئاماژەی بەوەدا كە منداڵ هەیە لەدایەنگە ئالودەی دادەیەك دەبێت و بەردەوام حەزدەكات لەلایی بێت.
شیرین ڕوونیكردەوە كە ئەو منداڵانەی درەنگ ڕادێن یان هەندێكجار داخراون، یاخود حەزناكەن تێكەڵی منداڵی دیكە ببن، یان ئەو منداڵانەی كە باوكیان خۆشەویستی زۆری پێداون، بەڵام كاتێك باوكیان دەیانهێنن بەدوایاندا دەگرین یان ئەگەر دایكیان خۆشەویستی زۆریان پێبدەن، ئەوا بەدوایاندا دەگرین ئەو گوتی” بەو دایك و باوكانە دەڵێین ئەگەر بەخۆشەویستی و نازداری زۆر منداڵەكانتان پەروەردە كردووە باشتروایە نەیانهێنن بۆ دایەنگە.
بەڕێوەبەری باخچەی ساوانی دیما لەسلێمانی، سیدرا كەریم بۆ “هەولێر” ڕوونیكردەوە كە خۆشەویستی و ناز بۆ منداڵ خراپە چونكە هەندێكجار كە منداڵ دەبەن بۆ بەخچەی ساوایان وایلێدەكات خۆی بەسەركردەی منداڵەكانی دیكە بزانێت بۆیە كاتێك منداڵێكی لەو شێوەیە دەچێتە دایەنگە ئەوانیش بۆ ماوەیەك دەیبەنە لای توێژەری كۆمەڵایەتی باخچە بۆئەوەی قەناعەتی ژیانی باخچەی لەلا دروست بێت.
سیدرا گوتی” تازەترین نموونە منداڵێكمان لایە ئەوەندە خۆشەویستیان پێداوە كە دەڵین ناوت چی یە دەڵێت ناوم “ئەحمەد گیانە” ناوبراو ڕوونیكردەوە كە بەهۆی توێژەرەكەیانەوە پەروەردەی ئەو منداڵەیان بەئاڕاستەیەكی باشتردا بردووەو كەسوكاریان سوپاسیان كردووە كە ئێستا لەماڵەوە باشتر هەڵسوكەوت دەكات.
پسپۆری دەروونی د. كەریم شەریق قەرەچەتانی، لەلێدوانێكیدا بۆ “هەولێر” ڕایگەیاند كە پێدانی ناز و خۆشەویستی زۆر بۆ منداڵ باش نیە بەتایبەت هەندێك لەخێزانەكان كە منداڵیان تاقانەیە یاخود خۆشەویستیەكی زۆر دەدەن بەمنداڵی یەكەمیان ئەمەش وایلێدەكات كە هەر كارێكی خراپ بكات پیناڵێن هەڵەیە و لێپرسینەوەی لەگەڵ ناكەن.
ناوبراو ڕوونیكردەوە كە جاری وا هەیە منداڵ كەلوپەل دەشكێنێ یاخود قسەی ناشرین دەكات ئەمەش بۆ پەروەردەكردنی كارێكی خراپە چونكە كاتێك دەچێتە دایەنگە و باخچەی ساوایان و پاشانیش قوتابخانە، ئەگەر هەڵەیەك بكات لێی قەبوڵ ناكرێت و ئەمەش وای لێدەكات ڕووبەڕووی دوو جۆر پەروەردەكردن ببێتەوە واتا لەنێوان (ماڵ و دایەنگە و باخچەی ساوایان) لەبەرئەوە منداڵەكە بۆ داهاتوو ناتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت.

ھەواڵی زیاتر