کیێڤ ڕەتی دەکاتەوە شەڕ دژی ڕووسیا ڕابگرێت

سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ ڕەتی کردەوە،ئۆکرانییەکان واز لە شەڕ بهێنن و سازش بۆ ڕووسیا بکەن لەسەر مافەکانیان، هەروەها داوای لە ڕۆژئاوا کرد چەک و تەقەمەنی و سیستەمی بەرگرییان بۆ بنێرن.

ڕۆژنامەی “بێلد”ی ئەڵمانی لەسەر زاری ڤیتاڵی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ گواستوویەتەوە و دەڵێت، “پێویستمان بەسیستەمی بەرگری و مووشەکی زیاترە، بیرۆکەی وازهێنان لەشەڕ بیرۆکەیەکی خراپە، بەڵکو پێویستمان بە پاڵپشتی و هاوکاری زیاترە، ئێمە دەستبەرداری خاکەکەمان نابین بۆ ڕووسیا”.

پێشتر سەرۆکی پارتی “دیموکراتی سۆسیالیستی ئەڵمانی” ڕۆڵف موتسینیخ، گوتبووی: پێویستە ئۆکرانیا بیر لە ڕاگرتنی شەڕ بکاتەوە و چەک دابنێن.

لەلایەکی دیکەوە، ڕووسیا ڕایگەیاندووە، ئەو ناوچانەی کەوتووەتە ژێردەستمان بۆ هەتاهەتایە هی ڕووسیایە، هەروەها ئۆپەراسیۆنەکانمان لە ئۆکرانیا بەردەوام دەبێت تاوەکو هەموو ئامانجەکانمان بەدەست دەهێنین.

هەروەها هۆشداریشی دایە هاوپەیمانی “ناتۆ” هەر هێزێک لە ئۆکرانیا دەرکەوێت، دەبێتە ئامانج و کارە لەپێشینەکانی سوپای ڕووسیا.

ھەواڵی زیاتر