عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
مەریوان سەفائەدین، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی (بۆ تۆ) بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.
مەریوان سەفائەدین، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بۆ هەولێر گوتی: ئەو گۆرانییە نوێیەم، لە دەقی مازیار فەیاقەە و هێمن ڕەسوڵیان کاری بەرهەمهێنانی موزیکیی ئەنجام داوە، هەروەها تێکەڵکردن و ماستەرکردنی موزیکەکە لەلایەن بەرهەمهێنانی ئازا پڕۆدەکشنەوە ئەنجام دراوە.
ئەو هونەرمەندە سەبارەت بەهاوکارانی تۆمارکردنی بەرهەمەکەی دەڵێت: لە بەشی ئامێرە موزیکییەکاندا، زانیار خەلیل بە کەمانچە، باڵا شێرزاد بە ساز و شاخۆ مورادی بە ڤیۆلین بەشدارییان لەم بەرهەمەدا کردووە. هەروەها هێرش جەمال وەک یاریدەدەر و هێژا عەبدوڵڵا لە بەشی پەیوەندی بە زیرەکیی دەستکردەوە بەشدارییان کردووە. هێمن ڕەسوڵیانیش ئەرکی دەرهێنانی ڤیدیۆی گۆرانییەکەی لە ئەستۆ گرتووە.
مەریوان سەفائەدین باسی لەوەش کرد: لەو بەرهەمەدا نوێیەمدا هەوڵم داوە بە ستایلێکی جیاواز ئەو گۆرانییە بڵێم، ستایلێکی تەواو عاشقانەیە و گوێگر بەرەو خەیاڵێکی جوان دەبات و هیوادارم بەدڵی هەموو هەوادارە ئازیزەکانم بێت.
مەریوان سەفائەدین، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، لە ساڵی 1972، لە ھەڵەبجە لەدایکبووە. مەریوان لە ساڵی 1993 لەڕێگەی بەھجەت یەحیاوە دەستی بە کاری ھونەری کردووە و ھەر لەو ساڵە یەکەم گۆرانیی خۆی بەناوی ھەی باوە باوە بڵاو کردووەتەوە.

