رۆژنامەی ھەولێر

کۆڵیود چیرۆکی سەدەیەک سینەما لە دڵی تامیلستان

سەردارئەکرەم _ بەریتانیا

بەشی دووەم
ڕاجا وتی ئەگەر بمانەوێت چیرۆکی کۆڵیود (Kollywood) بزانین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی سینەما لە شاری مەدرەس، کە ئەمڕۆ بە چێنای ناسراوە. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا سینەما گەیشتە ئەو ناوچەیە و بە خێرایی بوو بە بەشێک لە ژیانی خەڵک. لەو سەردەمەدا نمایشە سینەماییەکان زۆرجار لە شوێنی کاتی و بە شێوەی گەشتیاری پیشان دەدران، تا ئەوەی کەم‌کەم بیرۆکەی دروستکردنی فیلم لە خۆی ناوچەکەش سەری هەڵدا.
لە نێوان ئەو کەسانەی ڕۆڵێکی گرنگیان لە سەرەتای سینەمای باشووری هندستان هەبوو، ڕاغوپاتی ڤێنکایا نایدو بوو؛ کە لە نمایشکردن و بڵاوکردنەوەی سینەما لە شار و ناوچە جیاوازەکاندا کاریگەرییەکی دیاربوو. دواتر ڕ. ناتاراجا مودەلیار هەنگاوێکی گرنگی نا؛ فیلمی بێدەنگی (Keechaka Vadham) کە لە ساڵانی ١٩١٠کاندا دروست کرا، بە یەکێک لە گرنگترین سەرەتاکانی فیلمی تامیلی دادەنرێت، هەرچەندە خودی فیلمەکە ئێستا بە تەواوی بەردەست نییە.
گۆڕانکارییە گەورەکە لە ساڵی ١٩٣١دا ڕووی دا، کاتێک «Kalidas» بە دەرهێنەرانی H. M. Reddy دەرکەوت و بە یەکەم فیلمی دەنگداری تامیلی ناسرا. لەو ساتەوە سینەمای تامیل تەنها وێنە و موزیک نەبوو؛ دەنگ، گفتوگۆ و گۆرانی بوون بە بەشێکی سەرەکی لە فیلمەکان. شانۆ و ئەدەبیاتی تامیل کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ئەو سینەمایە هەبوو و زۆرێک لە هونەرمەندان لە شانۆوە هاتنە ناو سینەما.
بە گەشەکردنی پیشەسازی فیلم، مەدرەس بوو بە ناوەندی بەرهەمهێنانی فیلم لە باشووری هندستان، بە تایبەتی ناوچەی کۆدەمباککەم. ناوی «کۆڵیود»یش لە پەیوەندی نێوان (Kodambakkam) و (Hollywood)ـەوە دروست بوو و بوو بە ناوی ناسراوی پیشەسازی سینەمای تامیل.
لە دەیەکانی دواتردا، سینەمای تامیل تەنها بە چیرۆکی ئەفسانەیی و موزیک نەماوە؛ کۆمەڵێک بابەتی کۆمەڵایەتی و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی هێنایە ناو پردەی سینەما. لە هەمان کاتدا ئەکتەرانی وەک (M. G. Ramachandran) و (Sivaji Ganesan) بوون بە ناوی گەورەی سینەما و کاریگەرییان لە دروستکردنی سیستەمی ئەستێرەکانی کۆڵیوددا هەبوو.
لە ساڵانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠دا شێوازی گێڕانەوە و فیلمسازی گۆڕانی زیاتر بەخۆیەوە بینی. کارگەردانانی وەک (Bharathiraja)، (K. Balachander) و (Balu Mahendra) هەوڵیان دا چیرۆکەکان بە شێوازێکی نوێتر و نزیکتر لە ژیانی ڕاستەقینە بگێڕنەوە. لە هەمان قۆناغدا ئەکتەرێکی گەنج بە ناوی (Rajinikanth) هاتە ناو سینەما و بە تێپەڕبوونی کات بوو بە یەکێک لە ناسراوترین ئەکتەرانی کۆڵیود.
دواتر ناوی دەرهێنانی وەک (Mani Ratnam) و ئەکتەرانی وەک و جۆرێکی نوێ لە فیلمسازیان بە سینەمای تامیل بەخشی. موزیکیش بەردەوام ڕۆڵێکی بنەڕەتی هەبوو؛ لەگەڵ گەورەبوونی کاری (Ilaiyaraaja) و دواتر (R. Rahman). گۆرانی و موزیکی فیلمە تامیلییەکان زیاتر لە سنووری تامیلستان بڵاو بوونەوە.
ڕاجا لە کۆتاییدا ووتی: کۆڵیود تەنها چیرۆکی چەند ئەکتەر و فیلمێک نییە؛ چیرۆکی گۆڕانی سینەمایەکە لە نمایشە سادەکانی سەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا پیشەسازییەکی گەورەی فیلمسازی. ئەو مێژووە نیشان دەدات کە سینەمای تامیل چۆن لە ناوچەیەکی دیاری کراوەوە دەستی پێ کرد و بە تێپەڕینی سەدەیەک، بوو بە بەشێکی گرنگ لە مێژووی سینەمای هندستان. بۆ کاتێکی تر هەوڵ دەدەم باسی سینەمای تۆلیود (Tollywood) بکەم.