رۆژنامەی ھەولێر

کورتەفیلمی “بردنەوەیەکی چاک” بەرهەمهێنرا و لە فێستیڤاڵە ناوخۆیی و جیهانییەکان نمایش دەکرێت

عەبدولغەفار عەبدوڵا – هەولێر

کورتەفیلمی “بردنەوەیەکی چاک”، لە بەرهەمهێنانی عەبدوڵڵا فەتاح و لە نووسین و دەرهێنانی شاکار بابەکرە، هەر یەکە لە، گۆران نامی، کەمال محەمەد و چاوان قارەمان، لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە ئەکتەراندا بەشدارن و رۆڵەکانیان لە چیرۆکەکەدا دەگێڕنەوە، بەرهەمهێنرا و بڕیارە لە فێستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا نمایش بکرێت.

عەبدوڵڵا فەتاح، بەرهەمهێنەری کورتە فیلمەکە بۆ هەولێر گوتی: کورتەفیلمەکە بە چیرۆکی زیندانیێک دەستپێدەکات کە لە دۆخێکی سەخت و نادیاری بەندیخانەیەکی سەردەمی بەعسدا، رووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار و کاتێکی دیاریکراو دەبێتەوە. لە نێوان ترسی مەرگ، بێدەنگیی ژوورە ساردەکە و چاوەڕوانییەکی پڕ لە نیگەرانی، ساتەکانی ژیانی ئەو زیندانییە دەبنە مەیدانی پێکدادانی ترس و هیوا.
عەبدوڵڵا فەتاح سەبارەت بە کورتەفیلمەکە گوتی: لە ناو ئەم بارودۆخە قورسەدا، یارییەکی سادەی دۆمینە لەگەڵ هاوڕێیەکی زیندانیدا، لە چیرۆکەکەدا واتایەکی قووڵتر وەردەگرێت و دەبێتە هۆی تاقیکردنەوەی هێزی رۆحی مرۆڤ، توانای بەرگەگرتن و پاراستنی هیوا تا دوا ساتەکانی ژیان.
عەبدوڵڵا فەتاح جەختی کردەوە: ئەو کورتەفیلمە لە رێگەی ئەم چیرۆکەوە، تیشک دەخاتە سەر دۆخی مرۆڤ لە ژێر گوشاری زیندان و چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ترسی لەدەستدانی ژیان. هەروەها ناونیشانی فیلمەکە، لە رووی ماناوە، ئەو پرسیارە دەورووژێنێت کە بردنەوەی راستەقینە لە بارودۆخی بێهیواییدا چییە؛ سەرکەوتن لە یارییەکدا، یان پاراستنی هیوا و کەرامەتی مرۆڤ لە بەرامبەر چارەنووسێکی دژواردا؟.
سەبارەت بە نمایشکردنی فیلمەکە لە فێستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا، عەبدوڵڵا فەتاح دەڵێت: بەو کورتەفیلمە ئامادەکاری بۆ بەشداری لە چالاکییە سینەماییەکان دەکەین، بەو هیوایەی چیرۆکەکە لە رێگەی نمایشکردنەوە لە فێستیڤاڵەکان، بگاتە ژمارەیەکی زیاتر لە بینەران و ببێتە هۆی گفتوگۆ لەسەر ئەزموونی زیندان، بەهای هیوا و بەرگریی مرۆڤ لە دژوارترین ساتەکانی ژیاندا.