یاسین ئەحمەد خدر
خانەقین یەکێك لە شارە گرنگەکانی کوردستانە؛ بەناوبانگە بە خورما، باشترین خورمای هەبووە و زیاد لە شەست جۆری لێ بەرهەم هێنراوە. ساڵانی هەشتاکان نزیکەی سەدهەزار دارخورمای هەبووە، بەڵام ئێستا کەمی کردووە و، نزیکەی پەنجاهەزاری لێ ماوە. کەشوهەوای شارەکە و خاکی گونجاو و ڕووباری ئەڵوەند هۆکاری سەرەکی بووە کە خانەقین ببێتە شاری خورما؛ گرتنەوەی ئاوی ڕووباری ئەڵوەند و دەرماننەکردنی باخە خورماکان و بڕینەوەی دارەکان و کردنی زەوییەکان بە شوێنی نیشتەجێبوون بوونە هۆی کەمبوونەوەی دارخورماکانی خانەقین.
ئێستا خانەقینییەکان دەیانەوێت پارێزگاری لە مێژووی خۆیان بکەن و شانازییەکانی ڕابردوویان زیندوو بکەنەوە و ڕێ بگرن لە کاولکرانی باخە خورماکانیان و زیندوویەتی بگێڕنەوە بۆ شارەکەیان کە بە هۆی هاتنی عەرەبی هاوردەوە خەریکە مەترسی بۆ سەر سەرجەم باخە خورماکانیان دروست دەبێت، چونکە هاوردەکان دەیانەوێت مێژووی شارەکە بشێوێنن و بە بیانووی شوێنی نیشتەجێبوونەوە کۆتایی بە دارخورماکانی بەشێکی خاکی کوردستان بهێنن.
ڕۆژی هەینی (٩/١٠/٢٠٢٦) لە خانەقین فێستیڤاڵی خورما و هونەرە میللییەکان بەڕێوە چوو کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو، بۆ یەکەم جار بوو فێستیڤاڵێکی لەو شێوەیە لەم شارەی کورستان ئەنجامبدرێت، هەربۆیە خەڵکێکی زۆر بەتایبەت لە شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە سەردانی خانەقینیان کرد بە مەبەستی بەشداریکردن لەو فێستیڤاڵە، مۆرکێکی کوردیانە بە فێستیڤاڵەکەوە دیار بوو کە جێی خۆشحاڵی هاووڵاتییەکانی شارەکە بوو.
فێستیڤاڵەکە لەلایەن ماڵی ڕووناکبیری شەهید سەلام بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەر لە خانەقین ڕێک خرابوو، نزیکەی (٥٠) کەس بەشدارییان تێدا کردبوو؛ سەرەڕای ئەوان، (٤٠) هونەرمەندیش بەشدارییان کردبوو، کە هەریەکەو بە نمایشکردنی تابلۆیەك بەشداری کردبوو، ئەو خورمایەی نمایش کرا جگە لە خانەقین خورمای قەزا و ناحیەکانی پارێزگەی دیالەشی تێدا بوو؛ جگە لە خورما، چەندین بەرهەمی دیکەیش نمایش درا و چەند چالاکیەکی هونەرییشی لێ کرا؛ وەك: کاری دەستکرد و شێوەکاری و خواردنی خۆماڵی و نمایشی هونەری.
جگە لە هاووڵاتییان و گروپ و فەرمانگەکانی خانەقین، لە شوێنانی دیکەشەوە هاووڵاتی و گروپ و فەرمانگەکان بەشدارییان لە نمایش و چالاکییەکاندا کردبوو، وەك: هۆبەکانی کشتوکاڵی سەر بە پارێزگای دیالە، چەندین کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە نمایشی ڕوبەهەنار و هەنگوین بەشدارییان کردبوو، هەروەها چەندین تیپی هونەری لە خانەقین و سلێمانی، وەك: سەنتەری گەنجانی خانەقین و گروپی هونەری لە سلێمانی.
ئامانج لەم فێستیڤاڵە هەروەك سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکە ڕایانگەیاند بریتییە لە: بازرگانی، ئابووری، گەشتیاری، هانی بازرگانان بدەن بێنە خانەقین و شارەزای جۆرەکانی خورمای ناوچەکە بن، ئەوان لەوەیە چەند جۆرێکی خورما بزانن، بەڵام لە خانەقین سەدان جۆری هەیە، هەروەها بەم فێستیڤاڵە مێژووی خانەقین زیندوو بکەنەوە و بە نەوەی ئێستای ئاشنا بکەن کە شارێکە بە خورما بەناوبانگ بووە و ناوەندێکی بازرگانیی خورما بووە دەبێت بپارێزرێت و پەرەی پێ بدرێت، پێشتر لێرە خانی خورما هەبووە و بازرگانان لێرەوە خورمایان بردووە بۆ وڵاتانی دەوروبەر و لەوێشەوە کەلوپەلیان هێناوەتەوە.
لە ڕووی ڕەنگ و تام و قەبارە و کاتی پێگەیشتنەوە لە خانەقین دەیان جۆری خورما هەیە، وەك: برێم، ئەشرەسی، خەزراوی، جەمالەدینی، زەهدی، بەرحی، خەستاوی، دەگڵ و دەیان جۆری دیکە.

