رۆژنامەی ھەولێر

هونــــــەری کـــــــوردی لە ئەمستردام دەدرەوشێتەوە

عەبدولقەهار هەولێری/ ئەمستردام

لە چوارچێوەی چالاکییە کولتووری و هونەرییە نێودەوڵەتییەکان لە هۆڵەندا، تیپی «کۆما ١ وڵات»، وەک نوێنەری هونەر و فۆلکلۆری کوردی، بەشداریی لە فێستیڤاڵی تامی عەرەبی لە شاری ئەمستردام کرد و بە نمایشکردنی بەشێک لە میرات و فۆلکلۆری کوردی، ڕەنگ و دەنگی کولتووری کوردستانی گەیاندە بینەرانی فێستیڤاڵەکە.

ئەم بەشدارییە، کە لە چوارچێوەی چالاکییە کولتوورییەکانی هۆڵەندادا کرا؛ ئامانجی ناساندنی زیاتری ناسنامە و میراتی نەتەوەیی کوردی و پیشاندانی دەوڵەمەندی و جۆراوجۆری کولتووری کوردستان بوو لە کۆڕ و بۆنە نێودەوڵەتییەکاندا.
تیپی «کۆما ١ وڵات»، کە سەر بە فیدراسیۆنی هۆڵەندایە، بە پێشکەشکردنی چەندین تابلۆی هونەری و نمایشە فۆلکلۆرییە کوردییەکان، توانی سەرنجی ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکە ڕابکێشێت و بە شێوەیەکی زیندوو و سەرنجڕاکێش، بەشێک لە ڕەنگ و ڕووحی کولتووری کوردی بخاتەڕوو.
فێستیڤاڵی تامی عەرەبی، شاهیدی بەشداریی نوێنەرانی چەندین وڵاتی عەرەبی و ناوچەکە بوو، لەوانەیە میسر، جەزائیر، سوریا، عێراق، لوبنان، یەمەن، مەغریب، فەلەستین، ئوردن و تونس. لە نێوان ئەم بەشدارییە فرەچەشنەدا، فیدراسیۆنی هۆڵەندا بەهۆی تیپی «کۆما ١ وڵات»ـەوە، بە شێوەیەکی تایبەت کولتووری کوردیی نوێنەرایەتی کرد.
نمایشە فۆلکلۆرییەکان، گۆرانی و شێوە هونەرییە کوردییەکان، بوونە بەشێک لە ڕەنگاڵەی کولتووری فێستیڤاڵەکە و وێنەیەکی ڕەسەن لە ژینگە، ناسنامە و کەلەپووری کوردییان بە بینەرانی نێودەوڵەتی ناساند.
بەشداریی ئەم تیپە کوردییە لە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیدا، تەنها بەشدارییەکی هونەری نییە، بەڵکو هەنگاوێکە بۆ پاراستن و بەردەوامکردنی میراتی نەتەوەیی و ناساندنی کولتووری کوردی لە دەرەوەی نیشتمان، هەروەها دروستکردنی پردی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی کولتووری لەگەڵ گەلان و کۆمەڵگە جیاوازەکان.
ئەم بۆنەیە جارێکی دیکە دەریدەخات کە هونەر سنوور ناناسێت و زمانێکی هاوبەشە بۆ نزیککردنەوەی گەلان؛ بەشداریی کوردی بە فۆلکلۆر، گۆرانی و ڕەنگ و شێوە تایبەتەکانی، ڕەنگدانەوەیەکی جوان لە دەوڵەمەندیی کولتووری کوردستان بوو و بەشێکی تایبەتی بە فێستیڤاڵەکە بەخشی.