رۆژنامەی ھەولێر

دیار حەیدەر گۆرانیەکی بەیتۆجان بە ژیری دەستکرد کلیپ دەکات

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەند و ژەنیار “دیار حەیدەر” دوای ساڵانێک دوورکەوتنەوە لە کاری هونەری، بەرهەمێکی نوێ بڵاو دەکاتەوە، کە پێشتر لە لایەن هونەرمەندی کۆچکردوو “بەیتۆجان” بە ناونیشانی “نابێ نابێ” گوتراوە و “دیار” دوای مردنی ئەو هونەرمەندە، بە شێوەی دەنگی لە ستۆدیۆ تایبەتەکەی خۆیدا تۆماری کردووە.

سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی ئەو گۆرانییە هونەرمەندی موزیسیان “دیار حەیدەر” بە “هەولێر”ی ڕاگەیاند: گۆرانی “نابێ نابێ”ـەکەی هونەرمەندی ناسراوی کورد “بەیتۆجان” دوای مردنی لە ساڵی ٢٠٢٣ لە ستۆدیۆکەی خۆمدا تۆمارم کرد و هەوڵم دا لەگەڵ ستافێکی هونەری ڤیدیۆکلیپێکی تایبەتی لە نێو گوند و سروشتە جوانەکەی کوردستان وێنە بگرم، بەڵام بە هۆی سەرقاڵی بە کاری میدیایی و نەپەرژانەوە، بڕیارم دا لە ساڵیادی ئەو هونەرمەندەدا بە ژیریی دەستکرد کاری لەسەر بکەم و هەر خۆشم مۆنتاژی ئەو بەرهەمە بکەم، چونکە پێم وایە کەس هێندەی من زانیاری لە باری ژیان و بەرهەمەکانی بەیتۆجانی کۆچکردوو نیە، کە ئێستا لە ژیاندا نەماوە بەرهەمەکانی دەبن بە ترێند لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا.
گوتیشی: گۆرانی “نابێ نابێ” بەرهەمێکە لە منداڵییەوە هەست و سۆزی ڕاکێشام بۆ گوێگرتن لە بەرهەمە کرمانجیەکان، بە تایبەت کاتێک بە ساز و نەغمەی بولبولی بەیتۆجان گوێم لەو دەنگە چیاییە دەگرت و بە دوای دەرفەتدا دەگەڕام، کە بتوانم جارێکی تر ئەو گۆرانییە بە ستایلێکی نوێ و گۆڕانکاری لە فۆرمی موزیکەکەیدا بکەم و بیڵێمەوە؛ جا دوای تێپەڕینی ٣ ساڵ بەسەر کۆچی ئەو هونەرمەندە توانیم بە شێوەیەکی تەواو جیاواز لە کارەکانی پێشووترم تۆماری بکەم و پێشکەشی کەناڵە ئاسمانییە کوردییەکانی بکەم و، لە یوتیوبی خۆیشمدا بڵاوی بکەمەوە.