شوان حمەسعید
مارتا کلارک، هونەرمەند و شانۆکاری ناوداری ئەمریکی لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٤، وەک یەکێک لە داهێنەرترین دەرهێنەر و کۆریۆگرافەر و سەماکارەکان دادەنرێت لە مێژووی هاوچەرخی شانۆییدا. مارتا کلارک ناسراوە بە تێکەڵکردنی هونەرەکانی وەک: سەمای مۆدێرن و شانۆی پانتۆمایم و بەگشتی هونەرە بینراوەکان، سنووری نێوان ژانرە هونەرییەکانی تێکشکاندووە و ئەزموونێکی بینینی و هەستەکان بۆ بینەران لەسەر ئاستی جیهان دروست کردووە. کلارک هەر لە تەمەنی گەنجیدا وەک ئەندامێکی سەرەکی لە کۆمپانیای بەناوبانگی (Pilobolus Dance Theatre) دەرکەوت، کە لەوێدا شێوازێکی جیاوازی گرتەبەر ئەو شێوازە پشتی دەبەست بە جووڵەی ئەندامی و تەکنیکی دروستکردنی کەسایەتی لە ڕێگەی وزە و هێزی جەستەوە. ئەم ئەزموونە بوو بەبنەمای ناسنامە و شیوازی هونەریی تایبەت بە خۆی.
لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکاندا، کلارک بە شێوەیەکی سەربەخۆ دەستیکرد بە دەرهێنانی شانۆیی و بەرهەمەکانی بە خێرایی بوونە جێگەی سەرنجی ڕەخنەگران و تەواوی بینەران. یەکێک لە هەرە کارە ناوازەکانی بە ناوی (The Garden of Earthly Delights) کە لەسەر بنەمای تابلۆ بەناوبانگەکەی (هیرۆنیموس بۆش) دروستکرابوو، یەکێک بوو لەو وەرچەرخانانەی کە ناوبانگێکی جیهانی بە کلارک پێبەخشی.
لەم کارەدا، کلارک بە ڕێگەی بەکارهێنانی سەمای مۆدێرن و ئاکڕۆباتیکی نوێ، وێناکردنێکی سەرنجڕاکێش و پڕ لە سیمبۆلی لە نمایشەکەدا پێشکەش کرد. ئەو هەمیشە سوود لە تابلۆکان و هونەری شێوەکاری وەردەگرێت بۆ ئەوەی دونیایەک دروست بکات کە وشەکان توانای وەسفکردنیان نەبێت.
بەگشتی بابەتەکانی: مەرگ و خۆشەویستی و خەون و تاریک و ڕوونی دەروونی مرۆڤ، تەوەرە سەرەکییەکانی کارەکانی ئەون، بەڵام بە زمانێکی جەستەیی کە لە ڕێگەی ڕووناکی و میوزیکێکی تایبەتەوە نیشان دەدرێن.
تایبەتمەندی سەرەکی کاری مارتا کلارک ئەوەیە کە ئەو تەنها سەماکارێکی سەر تەختەی شانۆ نییە، بەڵکو هونەرمەندێکە کاراکتەرەکان وەک پەیکەر لەسەر شانۆ بەکاردەهێنێت، وە زۆر بە وردی میوزیک و ڕووناکی و جووڵە، پێکەوە گرێ دەدات تاوەکو دیمەنێکی کاریگەر دروست بکات. ڕەخنەگران زۆرجار ئاماژە بەوە دەکەن کە کلارک لە شانۆدا (وێنە) دەکێشێت. کارەکانی ئەو تێکەڵن لە سەمای مۆدێرن و پانتۆمایم و شانۆی کلاسیک، کەهەموو ئەوانە پێکەوە هەوڵی دۆزینەوەی زمانێکی نوێ دەدەن بۆ دەربڕینی هەستەکانی مرۆڤ. هەروەها، کلارک گرنگیەکی زۆر دەدات بە تێکستە ئەدەبییەکان، وەک کارەکانی (ئەنتۆن چیخۆڤ) ڕووسی، ئەمەش نیشاندەری ئەو توانایەیە کە چۆن دەتوانێت ئەدەب بۆ جووڵە و دیمەنی شانۆیی بگۆڕێت.
کلارک بە درێژایی تەمەنی هونەری خۆی چەندین خەڵاتی گرنگی بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی (MacArthur Fellowship) کە پێی دەوترێت خەڵاتی (زیرەک). کلارک کاریگەریی زۆری بەسەر شانۆی هاوچەرخدا هەبووە، چونکە ئەو ڕێگەی بۆ نەوەی نوێی و دەرهێنەران کردەوە تاوەکو بیر لە شانۆ بکەنەوە نەک وەک جێگەیەک بۆ وتنی دیالۆگ، بەڵکو وەک بۆشاییەک بۆ گێڕانەوەی چیرۆک لە ڕێگەی جووڵە وێنەییەکانەوە. ئەو فێری کردین کە جەستە چۆن دەتوانێت گوزارشت لە ئازار و شادی و ترس بکات بەبێ ئەوەی پێویستی بە وشە بێت.
بۆیە، مارتا کلارک خاوەنی دنیابینییەکی تایبەتە کە وا لە بینەر دەکات لە ڕێگەی جەستە و جووڵەوە لە دەروونی مرۆڤ تێبگات. بەرهەمەکانی کلارک وەک بەڵگەنامەیەک دەمێننەوە بۆ توانای هونەر لە تێپەڕاندنی سنوورەکانی زمان و گەیشتنی ماناکان بۆ هەستی بینەر. ئەو هەمیشە وەک چرایەک لە نێوان هونەری سەما و شانۆدا دەمێنێتەوە، کە ڕیگەی بۆ هەمووان کردەوە بە دونیا بینیەکەی هەستیارەوە سەیری مرۆڤ و ژیان بکەن. بۆیە دەکرێت مارتا کلارک وەک فەیلەسوفیکی بواری شانۆی پۆستمۆدێرن ببیندرێت نەک تەنها وەک دەرهێنەرێکی شانۆیی.

