رۆژنامەی ھەولێر

بڵند ئیبراهیم گۆرانی “44 ساڵ”ی بڵاوکردەوە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

بڵند ئیبراهیم، هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناوداری کورد، نوێترین گۆرانی خۆی لە ژێر ناونیشانی “44 ساڵ”، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.

بڵند ئیبراهیم، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بۆ (هەولێر) گوتی: ئەم گۆرانییە هۆنراوەکەی لەلایەن ئەحمەد حەسەنی نووسراوە و خۆشم ئاوازم بۆ داناوە. رێکخستن و ئاراستەکردنی موزیکی لەلایەن معین رەهبەر و میکس و ماستەرینگی لەلایەن عەزیز یگیت، و تۆمارکردنی لە تۆن ستۆدیۆ ئەنجامدراوە. هەروەها سوپاسی هەموو ژەنیارەکان دەکەم وەکو، کانیوار ئیبراهیم، راشد یونس، ئیحسان میکائیل، عەبدوڵڵا مەجید، معین رەهبەر و کاوەر سلێمان، کە گرنگیی زۆریان بە سەرکەوتنی ئەو بەرهەمەدا.
بڵند ئیبراهیم باس لە چیڕۆکی گۆرانییەکە دەکات و دەڵێت: دوای گۆرانی 40 ساڵ کە پێش حەوت ساڵ بڵاوم کردەوە، ئێستا 44 ساڵم پێشکەش کردووە، چونکە پێم وایە خۆشەویستیی راستەقینە بە تەمەن و رووخسار پێوانە ناکرێت. ئەگەر خۆشەویستی لە دڵەوە بێت، لە چاوەکانی عاشق، مەعشوق هەمیشە جوان و گەنج دەبینرێت. هیوام وایە ئەم گۆرانییەش هەمان هەست و پەیام بگەیەنێت بە هەموو گوێگرێک.
بڵند ئیبراهیم، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، لەساڵی 1977 لەشاری دهۆک لەدایکبووە. خاوەنی چەندین ئەلبووم و بەرهەمی تۆمارکراوە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.