رۆژنامەی ھەولێر

شێوەکاری سەرکەوتوو خاوەنی شوناس و ستایلی تایبەتی خۆیــــــــــــەتی و، ئەو کەسە نییە کە تەنیا کۆپی واقیع دەکاتەوە

حەسەن حەمەد ئاندێکی

 

شێوەکار پەرێز شوان خەڵکی خەلیفانە، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە بەشی شێوەکاری زانکۆی سەلاحەددین، مامۆستای شێوەکارە، وبەرپرسی پەیوەندییەکانە لە ڕێکخراوی ڕەنجی هونەری لە وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ برەودان بە توانای شێوەکاران و فێرخوازانی هونەر، لە دیمانەیەکی رۆژنامەی “هەولێر”ـدا، چەندین پرسیارمان ئاراستەکرد، وەڵامێکی سەردەمیانە و هونەریانەی داینەوە.

چەمکی هونەری شێوەکاری چییە، پسپۆرانی ئەم بوارە چۆن راڤەی هونەری شێوەکاریان کردووە؟
هونەری شێوەکاری یەکێکە لە لقە هەرە سەرەکی و گرنگەکانی هونەرە جوانەکان، کە تێیدا هونەرمەند هەست و بیرۆکەکانی خۆی لە ڕێگەی کەرەستەی بەرجەستەوە دەگۆڕێت بۆ شێوەیەکی بینراو، وشەی “شێوەکاری” لەوەوە هاتووە کە هونەرمەند “شێوە” بە کەرەستەکان دەدات. ئەم بوارە چەندین جۆری جیاواز لەخۆ دەگرێت وەکو (وێنەکێشان، پەیکەرتاشی، سیرامیک، دیزاین و گرافیک و هیتر)
بە زمانێکی نێودەوڵەتی زۆرێک لە پسپۆڕان پێیان وایە هونەری شێوەکاری “زمانێکە بێ وشە”. مرۆڤەکان لە هەموو جیهاندا دەتوانن لە ڕێگەی هێڵ، ڕەنگ و شێوەوە لە یەکتر تێبگەن بەبێ ئەوەی پێویستیان بە وەرگێڕان هەبێت؛ بە بەرجەستەکردنی ناوەوە لایەنێکی تری ڕاڤەی پسپۆڕان ئەوەیە کە ئەم هونەرە تەنها نیشاندانی شتەکان نییە وەک خۆیان، بەڵکو گوزارشتکردنە لە “دنیای ناوەوەی هونەرمەند”. واتە هونەرمەند تەنها وێنەی دارێک ناکێشێت، بەڵکو هەستی خۆی بەرامبەر بەو دارە دەردەبڕێت؛ ئەگەر بمانەوێت هاوسەنگیەک دروست بکەین لەنێوان فۆرم و ناوەڕۆکدا، ڕەخنەگران جەخت لەوە دەکەنەوە کە هونەری شێوەکاری سەرکەوتوو ئەوەیە کە بتوانێت هاوسەنگییەک لە نێوان “جوانیی دەرەوە” (فۆرم) و “پەیامە فکرییەکە” (ناوەڕۆک) دروست بکات و، لەبارەی هونەری هاوچەرخەوە بدوێین دەڵێن هونەری شێوەکاری تەنها ڕەنگدانەوەی ژیان نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی واقیع و نیشاندانی لایەنە شاراوەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگە.
شێوەکاری سەرکەوتوو کێیە، چۆن دەبیت بە شێوکاری سەرکەوتوو، مەرجی شێوەکاری سەرکەوتوو چییە؟
هونەرمەندی شێوەکاری سەرکەوتوو تەنیا ئەو کەسە نییە کە دەزانێت چۆن فڵچە یان قەڵەم بەکاربهێنێت، بەڵکو ئەو کەسەیە کە دەتوانێت پردێک لە نێوان هەستی ناوەوەی خۆی و چاوی بینەردا دروست بکات شێوەکاری سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە خاوەنی شوناس و ستایلی تایبەتی خۆیەتی. ئەو کەسە نییە کە تەنیا کۆپی واقیع دەکاتەوە، بەڵکو ئەو هونەرمەندەیە کە:
دەتوانێت پەیامێکی فکری یان مرۆیی لە پشت کارەکانیەوە بشارێتەوە، بەرهەمەکانی کارلێک لەگەڵ بینەردا دەکەن و دەبنە جێگەی تێڕامان، بەردەوام لە گەڕان و ئەزموونکردنی کەرەستە و تەکنیکی نوێدایە.
چۆن بوو بوویت بە شێوەکار، هاندەرەکان چی بوون، دەستپێکی ڕێگای شێوەکاریتان چۆن بوو؟
هەر لە منداڵیەوە خولیای هونەری شێوەکاریم هەبوو و پەرەم پێی دا و، حەز و خولیام بوو کە ببم بە شێوەکارێکی سەرکەوتوو و بتوانم جیهان بەو شێوەیە نیشانی خەڵک بدەم کە ئەیبینم نەک وەک ئەوەی کە هەیە، شێوەکاری وام لێ دەکات هەست بە جیاوازی خۆم بکەم و هانی هەوڵدان و بەرەوپێشچوونی زیاترم ئەدا و، پێم وایە کە هونەر ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی شتێک لە دوای خۆت جێ بێڵی کە تێپەڕینی کات کۆنی نەکات. هاندەری من خولیا و جیاوازبوونم و، دەستخۆشیەکانی باوکم بوون لە هەر وێنەیەک کە کێشام و هەموو کاتێک بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەو وێنانەم بوو کە دروستم دەکردن، ڕێگای شێوەکاری من پێم وایە بۆ هەموو شێوەکارێک کۆمەڵێک سەختی هەیە و منیش بەشێک بوومە لەوە بە پێی ئەوەی من خەڵکی شارۆچکەیەکی بچووک بوومە کە هونەر تێیدا زۆر کەم بووە تا ئەو ڕادەیەی کە من یەکەم کچی شێوەکاری خەلیفان بوومە چوومەتە کۆلێژی هونەرەجوانەکانی هەولێر ئیتر کە یەکەم کەسیش بیت و لە شوێنێکی وا دژایەتی هەر ئەکرێیت بەڵام پاڵپشتی خێزانەکەم منی گەیاند بەم ڕۆژە و هەموو کاتێک سوپاسگوزاریانم.
رۆڵی هونەرەکانی شێوەکاری لە پێشخستنی کۆمەڵگە چییە و چەند پشتگیری لە هونەرمەندانی شێوەکاری ئافرەت دەکرێت؟
هونەری شێوەکاری تەنها ئامرازێک نییە بۆ ڕازاندنەوەی دیوارەکان، بەڵکو هێزێکی بێدەنگە دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە لە هزر و پێکهاتەی کۆمەڵگەدا دروست بکات.
ڕۆڵی هونەری شێوەکاری لە پێشخستنی کۆمەڵگە بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و بینین: هونەر چاوی مرۆڤەکان ڕادێنێت لەسەر بینینی جوانی و وردەکارییەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تاکی کۆمەڵگە لە ژیانی ڕۆژانەشیدا بەدوای ڕێکخستن و جوانی و پاک و خاوێنیدا بگەڕێت و، هونەرمەندان لە ڕێگەی تابلۆکانیانەوە کولتوور، جلوبەرگ و، مێژووی نەتەوەکەیان دەپارێزن. ئەمە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هەستی نەتەوایەتی و پاراستنی ناسنامە لە فەوتان، یان زۆرجار تابلۆیەک کاریگەرییەکەی لە سەد وتار زیاترە. هونەرمەندان دەتوانن باس لە ئازارەکانی مرۆڤ، نادادپەروەری، یان ژینگەپارێزی بکەن و سەرنجی ڕای گشتی بۆ لای ئەو بابەتانە ڕابکێشن و، لەبارەی ئابووری و گەشتیاری مۆزەخانە و پێشانگا هونەرییەکان دەبنە ناوەندی ڕاکێشانی گەشتیار و نیشاندانی ڕووە شارستانییەکەی وڵات بە جیهان.
پشتگیریکردنی ئافرەتان لەچاو ساڵانی پێشتر زۆر باشترە بەڵام مانای ئەوە نییە کە بەربەست نەبێت بەڵام ئەوەی باشە کە ئێستاکە بایەخێکی زۆر دەدرێت بە ڕێکخستنی پێشانگای تایبەت بۆ ئافرەتان، بەتایبەت لە بۆنە جیهانییەکانی وەک (٨ی مارس) یان فێستیڤاڵە ناوخۆییەکان و، پلاتفۆرمی وەک و سۆشیاڵ میدیا دەرفەتێکی زێڕینیان بۆ هونەرمەندانی ئافرەت ڕەخساندووە تا بەبێ نێوەندگیر، کارەکانیان نیشانی جیهان بدەن و تەنانەت بەرهەمەکانیان بفرۆشن و، زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی بواری ئافرەتان، هونەر وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی تواناکانی ئافرەت بەکاردێنن و خولی فێربوونیان بۆ دەکەنەوە.
بەشەکانی هونەری شێوەکاری چین؟ ئامرازەکانی هونەری شێوەکاری چین و چۆنن؟
بەشە گرنگەکانی هونەری شێوەکاری کە لە سەرەوەش ئاماژەم پێی دا وێنەکێشان، پەیکەرسازی، سیرامیک، دیزاین و گرافیک، تەلارسازی و، هتد.
ئامرازەکانی هونەری شێوەکاری بە پێی جۆری هونەرەکە دەگۆڕێت گرنگترینیان:
بۆ وێنەکێشان کە زۆر جۆری هەیە بەڵام بۆ جۆری ڕەنگی زەیتی کە زۆر بەکاردێت کەرستەکان وەکو (فڵچە، تابلۆ، ستاند، پالێت، سکێنە (شەفرەی ڕەنگ)؛ بۆ پەیکەرتاشی وەکو (قوڕی دەستکرد، ئامرازەکانی تاشین و چەکوش و هەڕە (بڕەر) و، بە پێی جۆرەکانی کەرستەکانیش دەگۆڕێت.
زۆرترین سەرچاوەی ئیلهام بۆ کارەکانتان چییە؟ تابلۆی شێوەکاری بۆ کێ دەکێشت؟ پەیامتان بۆ ئافرەتانی شێوەکاری چییە؟
من هێشتا خۆم بە قوتابیەکی شێوەکاری ئەزانم و بۆ کارەکانم ئیلهام لە کاری هونەرمەندانی تر و فیلمە جیهانییەکان و ئەو ڕووداوانەی کە ڕوو ئەدات وەرەگرم، تابلۆی شێوەکاری بۆ خۆم دەکێشم تا بتوانم پێشانگای شێوەکاری بکەمەوە لەگەڵ هونەرمەندانی تر و، هەندێ جاریش لەسەر داواکاری دروستی دەکەم بۆ ئەوانەی کە خولیای تابلۆیان هەیە، پەیامی من بۆ ئافرەتانی شێوەکار هونەرەکەتان تەنیا کێشانی وێنەیەک نییە لەسەر پارچە قوماشێک، بەڵکو تێکۆشانێکە بۆ سەلماندنی بوون و گوزارشتکردن لەو جیهانە پڕ لە هەستەی کە تەنیا ئێوە دەتوانن بەو وردکارییە بیبینن.
ڕەنگەکانتان دەنگی ئێوەن لەو شوێنانەی کە وشەکان دەستەوسان دەبن، ڕەنگەکانتان دەتوانن باسی ئازار، هیوا و، بەهێزیی ئافرەت بکەن. هەر هێڵێک کە دەیکێشن، چیرۆکی خۆڕاگرییەکە مەترسن لەوەی جیاواز بن. جیهان پێویستی بەو دیدگا تایبەتە هەیە کە تەنیا ژنێک دەتوانێت بە سروشت و ژیان و مرۆڤایەتی ببەخشێت ئەگەر کات کەمە، یان ڕەخنەکان زۆرن، یان پشتگیرییەکان کەم بن، با ئەمانە ببنە وزەیەک بۆ ئەوەی تابلۆیەکی بەهێزتر بخولقێنن. مێژووی هونەر پڕە لەو ئافرەتانەی کە لە ناو سەختییەکاندا جوانترین کارە مێژووییەکانیان جێ هێشتووە.
ئایا تابلۆکانتان پەیوەندی بە کێشە کۆمەڵایەتی و ژنانی کوردستان هەیە، ئاستەنگی کارتان چییە؟
بەڵێ بێگومان هونەرمەند بە لایەنی کەمەوە خۆ دەبێت هیچ نا تابلۆیەکی هەبێت لەسەر نەتەوەکەی جا نیشاندانی جوانی نیشتیمانی یان ئازار و خەم و ناسۆری میللەتەکەی بێت جا هەر نەتەوەیەک بێت منیش بە هەمان شێوە کە کۆمەڵێک تابلۆم بە تەکنیکی جیاواز یەکێک لەوانە بە تەکنیکی هونەری هاوچەرخ کە باس لە بابەتی بە بێگانەبوون دەکا و، تابلۆیەکی ترم باس لە خۆڕاگری و بەهێزیی کورد دەکات لە ڕێگای بەکارهێنانی داری زەیتوون لە تابلۆکەم دا و کۆمەڵێک تابلۆی تر.
بارودۆخی شێوەکارانی ئافرەت لە هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن، هونەری شێوەکاری چۆن دەتوانێت دەنگی ئافرەت بگەیەنێت؟
ئەگەر سەیری دیمەنە هونەرییەکە بکەین، دەتوانین بڵێین قۆناغێکی “ڕاپەڕینی هونەری” دەبینرێت، ئێستاکە ژمارەی کچان لە کۆلێژ و پەیمانگاکانی هونەرە جوانەکان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک زۆر زیادی کردووە. ئەمە نەوەیەکی نوێی دروست کردووە کە بە شێوەیەکی زانستی لە هونەر تێدەگەن و، پلاتفۆرمەکانی وەک ئینستاگرام بوونەتە گەلەرییەکی کراوە بۆ کچانی کورد. زۆرێک لە ئافرەتان لە ماڵەکانی خۆیانەوە کارەکانیان دەفرۆشن و ناوبانگیان پەیدا کردووە، ئەمەش سەربەخۆیی دارایی پێ بەخشیون وەکو بەربەستیش هێشتا گەورەترین کێشە بۆ شێوەکاری ئافرەت لە کوردستان ئەوەیە کە کۆمەڵگە چاوەڕێی لێ دەکات لە یەک کاتدا دایکێکی نموونەیی، کچێکی گوێڕایەڵ و کارمەندێکی سەرکەوتوو بێت، ئەمەش کاتی گرنگیدان بە کاری هونەری لێ دەگرێتەوە.
چۆن هەوڵ دەدەن قوتابیان هان بدەن بۆ داهێنان، لە بواری شێوەکاری، کێشەی شێوەکاری لە ناوەندەکانی خوێندن چییە؟
هاندانی قوتابیان بۆ داهێنان لە بواری شێوەکاری پێویستی بە گۆڕینی دیدگایە، لە وانەیەکی بێزارکەرەوە بۆ ژینگەیەکی ئازاد کە تێیدا قوتابی نەترسێت لە هەڵەکردن. وەک کەسێک کە لە ناوەندی پەروەردە و هونەردایە و، کۆتایهێنان بە لاساییکردنەوە.
یەکەم هەنگاوی داهێنان ئەوەیە بە قوتابی نەڵێین ئەم وێنەیە وەک خۆی بکێشەوە. دەبێت هانیان بدەین خەیاڵی خۆیان بەکاربهێنن. بۆ نموونە وێنەیەک بکێشن کە تێیدا دارەکان شین بن و ئاسمان زەرد! ئەمە مێشکیان لە قاڵب دەردەهێنێت هەستی جیاواز بونیان پێ دەبەخشێت، دروستکردنی گۆشەیەکی تایبەت لە قوتابخانە بۆ نمایشکردنی کارەکانیان، وادەکات قوتابی هەست بە شانازی بکات و ململانێی ئەرێنی بکات بۆ ئەوەی کاری جوانتر پێشکەش بکات و، بردنی قوتابیان بۆ مۆزەخانەکان، گەلەرییە هونەرییەکان، یان تەنانەت ناو سروشت، ئیلهامیان پێ دەبەخشێت و وایان لێ دەکات لە نزیکەوە لەگەڵ چەمکی جوانی ئاشنا بن هاندانیان بۆ بەکارهێنانی پاشماوەکانی ژینگە (وەک کارتۆن، قوماشی کۆن، یان بەرد) بۆ دروستکردنی کاری هونەری، کە ئەمە هەم داهێنانە و هەم وانەیەکی ژینگەپارێزییە و، کەموکوڕیەکان ئێمە باسی قوتابخانە حکومیەکان دەکەین چونکە قوتابخانە ئەهلیەکان لەبەر بوونی بودجەیەکی باش دەتوانم تا ڕادەیەک گرنگی بە وانەی هونەری بدەن بەو مەرجەی کە بەشی کارگێری و بەڕێوەبەر ئاستی ئەتەکێتیان بەرز بێت و تەنها لەبەر داواکاری وەزارەتی پەروەردە گرنگی پێ نەدەن لەبەرئەوەی ئێستاش بەڕێوەبەر و بەشی کارگێڕی هەیە کە وا بیرئەکەنەوە دەرسی و هونەر و موزیک تەنها زیادە و بارگرانین.
• کەم‌کەرەستەیی: زۆربەی قوتابخانەکان ژووری تایبەت (ئەتەلیە) یان بودجەیان نییە بۆ کڕینی ڕەنگ و کەرەستە سەرەتاییەکان، ئەمەش بارگرانی دەخاتە سەر شانی دایک و باوک.
• وانەی پڕکردنەوە: بەداخەوە هێشتا لە زۆر شوێن وانەی هونەر وەک وانەیەکی لاوەکی دەبینرێت و زۆرجار کاتەکەی بۆ وانە “سەرەکییەکان” (وەک بیرکاری یان زانست) بەکاردێت لە کاتێکدا قوتابی تەواوی هەفتەکە چاوەڕێی ئەم دەرسە دەکات کە ئەمە داخێکی زۆر گەورەی ناو دڵی من و هەموو شێوەکارانە.
• نەبوونی پڕۆگرامی هاوچەرخ: میتۆدی وانەوتنەوەی هونەر لە زۆر ناوەندی خوێندن کۆنە و تەنیا لەسەر وێنەکێشانی کلاسیکی چەقیوە، بێ ئەوەی باس لە هونەری هاوچەرخ یان تێڕوانینی فەلسەفی هونەر بکرێت کە ئەوە تا ڕادەیەک کۆلێژی هونەریش دەگرێتەوە نەک تەنیا قوتابخانەکان واتە ئێمە پێویستیمان بەوەیە کە لە کۆلێژەوە چارەسەری بکەین و دووبارە مامۆستای شێوەکاری پەروەردە بکەین و ئینجا بینێرین بۆ قوتابخانەکان.
• کەمیی هۆشیاری هونەری: هەندێک لە خێزانەکان وا دەزانن هونەر کات بەفیڕۆدانە، ئەمەش وادەکات قوتابی بەهرەمەند سارد ببێتەوە و زیاتر بایەخ بە وانە تیۆرییەکان بدات.
• قەرەباڵغیی پۆلەکان: کاتێک ژمارەی قوتابیان زۆر بێت، مامۆستا ناتوانێت وردەکاری و بەهرەی یەکە یەکەی قوتابیەکان بدۆزێتەوە و گەشەیان پێ بدات.
تەکنەلۆژیا و میدیای نوێ چۆن گۆڕانکاریان لە فێربوونی هونەری شێوەکاری دروست کردووە؟
تەکنەلۆژیا و میدیای نوێ شۆڕشێکی گەورەیان لە جیهانی هونەری شێوەکاریدا بەرپاکردووە، بە جۆرێک کە سنوورە تەقلیدییەکانی نێوان هونەرمەند و کەرەستەکان و، هونەرمەند و بینەریشیان بەزاندووە، جاران فێربوونی تەکنیکێکی تایبەت پێویستی بە چوون بۆ دەکادیمیایەکی دیاریکراو یان شاگردی کردن لای مامۆستایەک بوو، بەڵام ئێستا: کۆرسە ئۆنڵاینەکان وەکو پلاتفۆرمەکانی وەک (YouTube، Coursera، Skillshare) هەزاران وانەی فێربوونیان تێدایە، لە سەرەتاییترین هەنگاوەوە تا ئاستی پرۆفێشناڵ و، گەلەرییە ڤێرچواڵەکان کە قوتابی دەتوانێت لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە وردترین تەکنیكی تابلۆکانی “داڤینچی” یان “مۆنێ” ببینێت بەبێ ئەوەی بچێتە پاریس یان لەندەن؛ ئێستا زیرەکیی دەستکرد بووەتە ئامرازێکی نوێ بۆ ئیلهام و بیرۆکە هونەرمەندان دەتوانن بۆ وەرگرتنی کۆنسێپت یان پێکهاتەی ڕەنگی نوێ سوود لە AI وەربگرن و، زۆرجار بۆ خێراکردنی کار سوودی زۆریان هەیە کە هەندێک کاری تەکنیکی و بێزارکەر کە پێشتر کاتی زۆری دەویست، ئێستا بە یەک کلیک ئەنجام دەدرێن.
ڕۆڵی هونەری شێوەکاری لە گۆڕینی هۆشیاری کۆمەڵگەدا چۆن دەبینن؟
کۆمەڵگەیەک کە لەگەڵ هونەری شێوەکاریدا دەژیێ، تەنیا سەیری ڕووکەشی شتەکان ناکات. هونەر وا لە مرۆڤ دەکات ورد بێتەوە لە ڕەنگ، سێبەر و، هاوسەنگی. ئەم وردبوونەوەیە وردەوردە دەبێتە بەشێک لە کەسایەتیی تاک و وادەکات لە کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیشدا بەدوای ڕاستییە شاراوەکاندا بگەڕێت، نەک تەنیا بڕوا بەوە بهێنێت کە دەبینرێت هونەرمەندی شێوەکار زۆر جار وەک ڕابەرێکی فکری کار دەکات. کاتێک تابلۆیەک یان پەیکەرێک کێشەیەکی هەستیار وەک (مافی ئافرەت، ئازادیی ڕادەربڕین، یان چەوسانەوە) دەورووژێنێت، بینەر ناچار دەکات دووبارە بیر لەو چەمکانە بکاتەوە کە بە لایەوە وەک “بەڵگەنەویست” وەرگیراون. لێرەوە هونەر دەبێتە سەرەتایەک بۆ ڕەخنەگرتن لە خۆو کۆمەڵگە و، هونەری شێوەکاری دەتوانێت ئازاری کەسێکی تر یان نەتەوەیەکی تر بە شێوازێک بگوازێتەوە کە هیچ وتارێک ناتوانێت بیکات. کاتێک بینەر تابلۆیەک دەبینێت کە باس لە ئاوارەیی یان هەژاری دەکات، هەستێکی مرۆیی لە ناخیدا بێدار دەبێتەوە. ئەم هاوسۆزییە دەبێتە بنەما بۆ دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی میهرەبانتر و تێگەیشتووتر ئەگەر باسی لایەنی ناسنامە و مێژوو بکەم لەو کۆمەڵگەیانەی کە ڕووبەڕووی مەترسی سڕینەوەی ناسنامە دەبنەوە (وەک کۆمەڵگەی کوردی)، هونەری شێوەکاری ڕۆڵی “پاسەوانی مێژوو” دەگێڕێت. کێشانی سیمبولە نەتەوەییەکان، جلوبەرگ و، دیمەنە مێژووییەکان بە شێوازێکی هونەریی بەرز، هۆشیارییەکی بەهێز لای نەوەی نوێ دروست دەکات کە کێیە و لە کوێوە هاتووە.
پلانتان بۆ داهاتووی چییە، کۆی گشتی پێشەنگە ناخۆییەکان ودەرەوەی هەرێمت چەند، لە کوێ کارەکانتان کردوە؟
پلانی داهاتوو بێگومان کارکردنی زیاتر لەسەر هونەر و، بتوانم ببم بە خاوەنی شوناس و ستایلی تایبەت بە خۆم و، تا ئێستا پانزە تا بیست پێشانگای شێوەکاری هاوبەشم کردۆتەوە لە شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێم وەکو (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کۆیە، سۆران، خەلیفان، ڕواندز، ئیمارات (دوبەی، عەجمان، فوجەیرە).