رۆژنامەی ھەولێر

کابووسی واقیع و گەشتی وەهمی لە ڕۆمانی (لە خەوما)

نووسینی: جەمیل سائب

 

لە مێژووی ئەدەبی نەتەوەکاندا، بەرهەمگەلێک هەن دەبنە بەردی بناغە و وەرچەرخانێکی مێژوویی لە ڕەوتی گەشەسەندنی شێوازەکانی گێڕانەوەدا. لە ئەدەبی هاوچەرخی کوردیدا، ڕۆمانی (لە خەوما)ی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی پێشەنگ جەمیل سائب، کە لە ساڵی ١٩٢٥ – ١٩٢٦ لە ڕۆژنامەی (ژیان و ژیانەوە) بڵاوبۆتەوە، وەک یەکێک لە جوانترین و دیارترین کارە ئەدەبییەکانی ئەو سەردەمە ئەژمار دەکرێت. ئەم بەرهەمە نەک تەنیا وەک تاقیکردنەوەیەکی سەرتایی لە بواری چیرۆکنووسی و ڕۆماندا گرنگیی هەیە، بەڵکو وەک بەڵگەنامەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕەخنەییەکی قووڵی سیاسی لە بارودۆخی دژواری کۆمەڵگەی کوردی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا سەیر دەکرێت. جەمیل سائب لە ڕێگەی ئاوێتەکردنی هەردوو ڕەگەزی واقیع و خەون، دەقێک دەخوڵقێنێت، کە تێیدا ڕاستییە تاڵەکان بە زمانێکی ئەدەبیی ئەفسوناوی دەگێڕێتەوە.
دەستپێکی چیرۆکەکە و سەفەری ناچاری (وەهمی)، کارەکتەری سەرەکی شەوێک لە خەودا دەبینێت، کە خاوەن خێزان و منداڵە و زۆر بێپوڵ و هەژارە و باری دارایی زۆر خراپە. لەبەر کەم دەرامەتی ناچار دەبێت سەفەرێک بەرەو وڵاتی ئیسلام بکات بەو هیوایەی لەوێ یارمەتی بدرێت و بتوانێت بژێوی زستانی منداڵەکانی دابین بکات. لە ڕێگەدا لەگەڵ کاروانچییەکە ڕێکدەکەوێت، کە خزمەتی وڵاغەکان بکات و لە بەرانبەردا ناوە ناوە سواری پشتی وڵاغەکان بێت، چونکە زۆر هیڵاکە و ناتوانێت وەک ئەون ڕێ بکات. لەم سەفەرە وەهمییە تووشی کۆمەڵێک کێشە دێت، کە بە قۆرت ناویان دەبات.
قۆرتی یەکەم: لە ڕێگادا تووشی سەرما، بێخەویی، هێرشی چەندین تاقمی ڕێگر و جەردە دەبن و بە شەڕە تەقە ڕزگاریان دەبێت. کاتێک دەگەنە قەراغی شار، باجگران لێیان دەدەن و پارەیان لێ دەسەنن. پاشان دووبارە ڕێگەی پێ دەگرنەوە و بە تۆمەتی ئەوەی جاسوسە دەستگیری دەکەن، هەرچەندە کاروانچییەکە دەپاڕێتەوە، کە ئەو پیاوە خەڵکی گەرمیانە و تەنیا بۆ کاسبی هاتووە.
قۆرتی دووەم: پاشان دەچنە خانێکەوە. لەوێ دەنگی قیژە و گریانی ژن و منداڵ دەبیستێت و کاتێک لە خانچییەکە دەپرسێت، ئەویش زۆر بە ئاسایی پێی دەڵێت: کە باوکیان کوژراوە. شەو دووبارە دەبێتە تەقە و خانچییەکە پێی دەڵێت لێرە بەردەوام شتی وا ڕوودەدات، پیاوێکیان بە تۆمەتی جاسوسی گرتووە، خانووەکەیان فرۆشتووە بۆ سزاکەی، بەڵام بەشی نەکردووە، دزیش هاتووەتە سەریان و تەقەی لێکردوون.
قۆرتی سێیەم: سێ کەسی زەبەلاح دێن و بە لێدان کارەکتەرەکە دەبەنە بەردەم پیاوێکی گەورە (دیارە بەرپرس، یان دەسەڵاتداری ناوچەکەیە) و ئەویش فەرمان دەکات بیخەنە ژوورێکەوە.
جۆری ئەدەبیی ڕۆمانەکە: واقیعی سیاسی و تاوان
ڕۆمانەکە لە بنەڕەتدا بەرهەمێکی واقیعییە. بە وردی و بێ پەردەپۆشکردن ڕەنگدانەوەی کێشە و ناڕەحەتییەکانی کۆمەڵگەیە، هەژاری، بێکاری، نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ڕێگری لەسەر ڕێگاکان، زوڵمی سیستەمی ئیداری و باج و سەرانە. سەرەڕای ئەوەی ڕووداوەکان لە چوارچێوەی خەونێکدا دەگێڕدرێنەوە، بەڵام ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی واقیعی تاڵی کۆمەڵگەن، وەک هەژاری، ململانێی هێزە سیاسییەکان (تورک و ئینگلیز)، فتوای ناڕەوای هەندێک لە مەلاکان، و نەبوونی مووچە و بژێوی خەڵک. هەروەها کۆمەڵێک تاوان ڕوودەدەن دوور لە چاوی یاسا و پۆلیس.
بەکارھێنانی ناونیشانی (لە خەوما) و دارشتنی چوارچێوەی گێڕانەوەکە لە قالب و شێوەی خەوندا، پێگەیەکی سیمبولی و ڕەمزی دەبەخشێتە دەقەکە. خەون لێرەدا نەک تەنیا ئامرازێکە بۆ هەڵاتن لە واقیع، بەڵکو ڕێگایەکە بۆ ئاشکراکردنی هەقیقەتە شاراوەکان و دەربڕینی ئەو ڕەخنانەی، کە لە واقیعی بەئاگا بووندا گووتنیان ئەستەم یان مەترسیدار بووە.
تەکنیکە ئەدەبی و هونەرییەکانی ئەو دەقە
جەمیل سائب بۆ گەیاندنی پەیامەکەی و دروستکردنی کارگەریی دەروونی لەسەر خوێنەر، سوودی لە کۆمەڵێک تەکنیکی ئەدەبیی پێشکەوتوو وەرگرتووە، کە بۆ سەردەمی نووسینی دەقەکە (١٩٢٥-١٩٢٦) ئاستێکی بەرز لە هۆشیاریی هونەری نیشان دەدەن.
بەکارهێنانی (خەون) وەک چوارچێوەیەکی گشتی بۆ ڕووداوەکان، ڕێگە بە نووسەر دەدات لە سنوورە تەنگەکانی واقیعی ئاسایی بپەڕێتەوە. ئەم تەکنیکە فەزایەکی نیمچە-سوریالیستیش بە گێڕانەوەکە دەبەخشێت، کە تێیدا ترس، دڵڕاوکێ و تاڵییەکانی ژیان قەبارەیەکی گەورەتر دەگرنە خۆ. خوێنەر تا کۆتایی لەوانەیە وەک واقیع تەماشای بڕگەکان بکات، بەڵام بونیادی خەونەکە ڕەهەندێکی فەلسەفی بە ئازارەکان دەدات. گێڕانەوە لە ڕێگەی تەکنیکی گوێگرتن لە بەشێکی گرنگی ڕۆمانەکەدا، کارەکتەرەکە لە ژوورێکدا دادەنرێت و لەوێوە بە دزییەوە گوێ لە قسەی ژنان و پیاوانی دەسەڵاتدار دەگرێت، کە باسی پلان و گەندەڵییەکانیان دەکەن. ئەم تەکنیکە یارمەتیدەرە بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییە شاردراوەکان بۆ خوێنەر لە ڕێگەی نیشاندانی دۆخێکی نالەبارەوە، ڕەخنەی توند لە دەسەڵات، گەندەڵی، واستەکاری، و نەبوونی دادپەروەری دەگرێت. دیوی ژنەکان: کارەکتەرەکە لەو ژوورەدا دەبیستێت، کە ژنان باسی زێڕ و جلوبەرگی بەنرخی خەڵک دەکەن و پلان دادەنێن لێیان بسەنن، ئەگەر ڕازی نەبن مێردەکانیان بە تۆمەتی جاسوسی دەستگیر بکەن، هەروەها بە واستە و خزمخزمێنە پۆست دەبەخشنەوە و خەڵک لە سەر کار لادەدەن. نووسەر لەمەوە تێدەگات کە کار و باری ئەو شوێنە تەنیا ڕووتاندنەوەی خەڵکە.
دیوی پیاوەکان و کۆبوونەوەی گەورە: گەورەکە داوای سەد هەزار لیرە دەکات. کاتێک پێی دەڵێن عەسکەر و تەقاویتەکان (خانەنشینان) ماوەی چەندین مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و هاواریانە، ئەو زۆر بە سووکایەتییەوە دەڵێت تەنیا کەمێک خواردنیان بدەنێ بەسە. فتوای مەلاکان، گەورەکە بە مەلاکان دەڵێت: فتوایەک بدەن دژی ئەو کەسانەی دژایەتی ئیدارەکەی ئەوان دەکەن، مەلاکانیش فتوای ئەوە دەدەن کە دەست بەسەر ماڵ و مۆڵەتەکانیاندا بگیرێت و ژنەکانیان تەڵاق بدرێن.
دەقەکە لە ڕێگەی گێڕەرەوەی کەسی یەکەم (من)ەوە دەگێڕدرێتەوە. بەکارهێنانی کەسی یەکەم وەک (چووم، پرسیم، هەڵسام، ڕووم کرده…) وا دەکات خوێنەر یەکڕاست بچێتە ناو کەشوهەوای دەروونیی پاڵەوانەکەوە. ئەم گۆشەنیگایە هاوسۆزییەکی بەهێز لە نێوان خوێنەر و کارەکتەری سەرەکیدا دروست دەکات، وا دەکات تاڵییەکان بە شێوەیەکی بەرجەستەتر هەستیان پێ بپۆشرێت.
دیالۆگی ڕاستەوخۆ: لە بەشە جیاوازەکانی دەقەکەدا، ڕووداوەکان لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی قسە و دیالۆگی کورتی نێوان کارەکتەرەکانەوە بەرەو پێش دەچن. دیالۆگەکان زۆر واقیعی و سروشتین، وەک قسەکردنی کاروانچییەکە، وەڵامی خاوەن خانەکە، یان دیالۆگی ژنەکان. ئەم تەکنیکە ڕۆحیەتی زیندویی دەبەخشێتە دەقەکە و لە وەستان و حیکایەتخوێنیی درێژدادڕ ڕزگاری دەکات.
هونەری تۆمارکردنی دیمەنەکان
نووسەر خاوەنی توانایەکی بەرزە لە دروستکردنی وێنەی بینراو و هەستپێکراو. بۆ نموونە
«لە قوژبنێک لەسەر چیچکان بە دیار چرای قوتیلە هەڵتروشکا و سەری خستە سەر ئەژنۆ»
وێنەیەکی تەواو ئەدەبییە، کە بێدەسەڵاتی، سەرمابوردوویی و خەمۆکیی مرۆڤێک لە کورتترین دێردا نیشان دەدات، بەکارهێنانی ڕەنگ و ڕووناکی کەم (چرای قوتیلە) کەشێکی ئاپۆکالیپتی و تاریک بە ناوچەکە دەبەخشێت
زمانی نووسینی جەمیل صائب لەم ڕۆمانەدا زمانێکی پڕ لە دەسەڵات، ڕەسەن و لە هەمان کاتدا ئاسانە. بەکارهێنانی زاراوە و ئیدیۆمە ڕەسەنەکانی کوردی ( دەست و پێ سپی، سەرگەردان، جەرگم دسووتاند، هەڵتروشکا) بەهایەکی زمانەوانیی گەورە بە دەقەکە دەبەخشن. زمانەکە دوورە لە ئاڵۆزکاریی دەستکرد، ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو جەرگەی هەستەکانی خوێنەرەوە، ئەم سادەیییە لە دەربڕیندا یارمەتیدەر بووە، کە تەنانەت دوای نزیکەی سەدەیەک لە نووسینی دەقەکە هەروەکو خۆی تازە و ڕەوان و کاریگەر بمێنێتەوە.
ڕۆمانی (لە خەوما)ی جەمیل سائب، تەنیا ڕۆمانێکی کورت، یان خەونێکی گێڕدراوە نییە، ئەم بەرهەمە بەڵگەنامەیەکی زیندووی ئەدەبیی و مێژووییە، کە تێیدا نووسەر توانیویەتی بە تەکنیکی بەرز، گۆشەنیگای دروست و زمانی ڕەسەن، وێنەی مرۆڤی چەوساوەی کورد لە سەردەمێکی پڕ لە ئاڵۆزیدا بکێشێت. گفتوگۆی سیاسی: سێ کەس دێن داوا دەکەن پشت بە تورک ببەستن. سێ کەسی تر دێن دەڵێن دەبێ لەگەڵ ئینگلیز ڕێکبکەون، چونکە بێ ئەوان کار سەرناگرێت. کۆمەڵێکی تریش دێن و بە هاوار هاوار دەڵێن ئێمە نە تورکمان دەوێت و نە ئینگلیز و دەبێت سەربەخۆ بین و گاڵتەیان بە تۆپ و تەیارەی ئەوان دێت.
دوای ڕۆیشتنی هەموو میوانەکانی، گەورەکە بە پیاوەکانی خۆی دەڵێت: کە ئەو لەگەڵ هیچ کام لەوانە نییە، کە قازانج و خێری خۆی تێدا نەبێت، پیاوەکانیشی دەستخۆشی لێ دەکەن. کارەکتەرەکە: لەو کاتەدا لە هۆش خۆم نەمام دەستمکرد بە قاقای پێکەنین لەو دیو گوێیان لێ بوو. گەورەکە تووڕە بوو، ئەوە کێ بوو؟ کابرای ددان زێڕ، کە منی هێنابووە ئێرە گوتی: گەورەم ئەوە جاسوسەکەیە، کە خۆت گوتت بیبەنە ئەو ژوورە. منیان ڕاکێشا دەرەوە گەورە وەستا بوو: جاسوسی کێیت؟ جاسوس نیم. ئەی چی دەکەی لەو ژوورە؟ ئێوە منتان خستە ئەو ژوورە، خۆ من بە هەوەسی خۆم نەهاتوم. بیگرن شەش کەس پەلاماریاندام پەلبەستیان کردم، خۆشی بەدار تێیدەسرەواندم. هاواری خوا و پێغەمبەر و مەلائیکەت و ئەسحاب و پیاو چاکان و باب و باپیران سوودی نەبوو، ئەو هەر ئەیوت ڕاستی بڵێ. بەخوا هیچ نازانم ڕاستی چی بڵێم…
بە دیاریکردنی جۆری ئەدەبیی بەرهەمەکە، کە واقیعیی و ڕەخنەیەکی سیاسییە، بەکارهێنانی تەکنیکی خەون و مۆنۆلۆگ، جەمیل سائب لە ساڵی ١٩٢٥ بەردی بناغەی ڕۆمانی هاوچەرخی کوردیی دانا. ئەم دەقە هەتا ئێستاش وەک شاکارێکی نەمر لە ئەدەبیاتی کوردی دەمێنێتەوە و وانەیەکی بەپێزە بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتە و مێژووی ڕۆمانی کوردی.
سەرچاوە: سائب، جەمیل، ٢٠٢١، لە خەوما، بڵاوکراوەی مادیار، سنە.