عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، لە یادی 14 ساڵەیدا، پێشانگەیەکی ئەرشیفی بۆ کارە هونەرییەکانی هونەرمەند جەلال بەیار، لە خانووی کولتووری جەلال بەیار لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
هیوا سوعاد، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بۆ هەولێر گوتی: جەلال بەیار لەو هونەرمەندانە نەبوو کە تەنیا بەشداری لە بەرهەمێک یان رۆڵێک بکات و تێپەڕێت، بەڵکوو ئەو باوەڕی بەوە هەبوو کە ئەکتەر بوون بریتییە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکی کولتووری و مرۆیی. بۆیە هەر کارێکی لە شانۆ یان درامادا پێشکەش کردووە، هەوڵی داوە پەیام و مانایەک لەگەڵ خۆی بگەیەنێت.
هیوا سوعاد گوتیشی: جەلال بەیار لە قۆناغێکدا کاری هونەری دەستپێکرد کە شانۆ و دراما لە کوردستاندا هێشتا لە رێگای دامەزراندن و پەرەسەندندا بوون و ئەو بەشێک بوو لەو نەوەیەی کە بە ماندووبوون و خۆبەخشین، بناغەی کارکردنی هونەرییان بەهێزتر کرد.
هیوا سوعاد باس لە رۆڵی هونەری جەلال بەیار دەکات و دەڵێت: جەلال بەیار لەسەر شانۆ هەمیشە هەوڵی دەدا رۆڵەکەی بە راستگۆیی و هەستی مرۆڤانە پێشکەش بکات. ئەو پێیوابوو شانۆ تەنیا شوێنی نمایشکردنی رۆڵ نییە، بەڵکوو شوێنێکە بۆ گەیاندنی هەست، بیرکردنەوە و دروستکردنی دیالۆگ لەگەڵ کۆمەڵگە. هەروەها لە هەر رۆڵێکدا دەیتوانی بینەر بباتە ناو چیڕۆکی نمایشەکە، هەروەها ئەو بە توانای ئەکتەری و تێگەیشتنی لە هونەر، هەمیشە هەوڵی دەدا مرۆڤ و ژیان لە ناو کارەکانیدا بخوێنێتەوە.
دەربارەی گرنگی بەرهەمە هونەرییەکانی جەلال بەیار، هیوا سوعاد دەڵێت: بەشێکی گرنگی بەرهەمەکانی ئەو تەنیا بەرهەمی کاتێکی دیاریکراو نەبوون، بەڵکوو بەشێک بوون لە پاراستنی بیرکردنەوە و مێژووی هونەری کوردی، هەر بەرهەمێکی جەلال بەیار هەوڵێک بوو بۆ ئەوەی هونەر لە ژیانی خەڵک نزیکتر بێت و بابەتە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان بە زمانێکی هونەری بگاتە بینەر.
هیوا سوعاد ئاماژەی بەوەش دا: جەلال بەیار لە ژیان و کارکردنی خۆیدا تەنیا بیری لە ناسراوی و سەرکەوتن نەکردووەتەوە، بەڵکوو گرنگی بە دروستکردنی ژینگەیەکی باش بۆ هونەرمەندانی داهاتوو داوە. لە زۆرێک لە قۆناغەکاندا نزیکبووە لە چالاکییە هونەرییەکان و هەوڵی داوە ئەزموونەکانی بگوازێتەوە بۆ جیلی تازە.
هیوا سوعاد باسی لەوەش کرد: یادکردنەوەی جەلال بەیار تەنیا رێزلێنان لە کەسێک نییە؛ بەڵکوو رێزلێنانە لە هەموو ئەو ساڵانەی کە بە دڵسۆزی و ماندووبوون بۆ شانۆ و دراما تەرخان کراون. هونەرمەند دەمرێت، بەڵام کاری هونەری و شوێنەواری ئەگەر بە مانا و دڵسۆزی دروست کرابێت، لە یادەوەری خەڵکدا دەژی و بەردەوام دەبێت.”
جەلال بەیار، هونەرمەندی بواری شانۆ و دراما، لە ساڵی 1949 لە هەولێر لەدایکبووە. لە ساڵی 1974 دەستی بە کاری هونەری کرد و لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەدا بە نواندن، نووسین و دەرهێنان بەشێکی گرنگی لە مێژووی شانۆ و درامای کوردی پێکهێنا.
جەلال بەیار لە دەیان شانۆ و درامادا بەشداری کردووەو خاوەن پێگەو ستایلێکی تایبەت بە خۆیەتی.
جەلال بەیار لە 27ی حوزەیرانی 2012، بە هۆی جەڵدەی مێشک کۆچی دوایی کرد و لە تەمەنی 63 ساڵیدا جێگەیەکی دیاری لە نێو کۆڕی شانۆ و درامای کوردی بەجێهێشت.

