رۆژنامەی ھەولێر

“لــــــۆرکــــــا” شاعیری تراژیدیا و دەنگی ژنانی چەوساوە لە دڵی ئەندەلوسیادا

سەردار ئەکرەم/ بەریتانیا

 

فێدێریکۆ گارسیا لۆرکا، ئەو شاعیر و شانۆنامەنووسە مەزنە که ی ئیسپانیا کە لە سەدەی بیستەمدا درەوشایەوە، بە کارە هونەرییەکانی توانی سنوورەکانی ئەدەبیاتی وڵاتەکەی تێپەڕێنێت و پەیامێکی جیهانی بگەیەنێت. لۆرکا، کە لە ساڵی ١٨٩٨لە گوندێکی نزیک غەرناتە لەدایکبووە و لە ساڵی١٩٣٦ بە دەستی هێزە تووندڕەوەکان تیرۆر کرا، باوەڕێکی قووڵی بەوەهەبوو کە تەنها هیوای بەختەوەری لە ژیانکردنی غەریزی و سرووشتیی مرۆڤدایە بە تەواوی. ئەم باوەڕە فەلسەفییە بە ڕوونی لە شانۆنامەکانیداڕەنگیداوەتەوە، بە تایبەتی لەو سێ شانۆنامەیەی کە بە تریلۆژیای گوندنشینی ناسراون: “بووکی خوێناوی”، “یێرما”، و “ماڵی بێرناردا ئالبا”. ئەم سێ کارە هونەرییە، کە بە تراژیدیای گوندنشینی ناودەبرێن، ململانێی قووڵی نێوان ئارەزووە سرووشتییەکانی مرۆڤ و کۆتوبەندە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان نیشان دەدەن. پەیامی سەرەکی لۆرکا بریتییە لە پیشاندانی ئەو ئازار و چەوسانەوەیەی کە بەسەر ئەو کەسانەدا دێت کە هەوڵ دەدەن بە پێچەوانەی نەریت و یاسا کۆمەڵایەتییەکانەوە بژین، بە تایبەتی ژنان.
“بووکی خوێناوی”، کە لە ساڵی١٩٣٢ نووسراوە، بە شاکاری لۆرکا دادەنرێت و زۆرترین نمایشکراوی کارەکانییەتی لە سەرانسەری جیهاندا. ئەم شانۆنامەیە لە ڕووداوێکی ڕاستەقینەوە وەرگیراوە کە لە گوندێکی ئەندەلوسیا ڕوویداوە، کاتێک بووکێک لە شەوی هاوسەرگیرییەکەیدا لەگەڵ خۆشەویستە کۆنەکەی هەڵدێت و ئەمەش دەبێتە هۆی خوێنڕشتن و تراژیدیایەکی قووڵ. لۆرکا بە شێوازێکی هونەرییانە و پڕ لە هێما، ئەم ڕووداوە سادەیە دەگۆڕێت بۆ چیرۆکێکی جیهانی دەربارەی چارەنووس، ئارەزووی قەدەغەکراو، و ململانێی کۆمەڵایەتی. تەوەرەکانی سەرەکی شانۆنامەکە لەسەر سێگۆشەیەکی خۆشەویستی دەسوڕێتەوە کە دەبێتە هۆی ململانێ و لە کۆتاییدا کارەسات. بووکەکە، سەرەڕای ئەوەی دەبێت شوو بە زاوا بکات، بەڵام هێشتا دڵی لای لیۆناردۆیە، خۆشەویستە کۆنەکەی. ئەم ئارەزووە قەدەغەکراوە هێمایە بۆ غەریزەی سرووشتی مرۆڤ کە لەلایەن کۆمەڵگاوە سەرکووت دەکرێت. لە کۆمەڵگەی گوندنشینی ئەندەلوسیادا، شەرەف و تۆڵەسەندنەوە ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن. خێزانی زاوا بەهۆی کوژرانی باوک و براکانیان لە ململانێیەکی خوێندا، هەست بە پێویستی تۆڵەسەندنەوە دەکەن. ئەمەش نیشانەیەکە لەو نەریتە کۆمەڵایەتییانەی کە دەبنە هۆی خوولگەیەکی بێ کۆتایی لە تووندوتیژی و خوێنڕشتن.
لۆرکا بە شێوەیەکی تایبەت سەرنج دەخاتە سەر ژیانی ژنان لەم کۆمەڵگەیەدا. ژنانی ناو شانۆنامەکە، وەک بووکەکە و دایکی زاوا، لە نێوان ئارەزووەکانی خۆیان و چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەدا گیرۆدە بوون. ئەوان ناچارن ملکەچی نەریتەکان بن، تەنانەت ئەگەر بەهایەکی زۆریشی هەبێت و ژیانیان وێران بکات. لۆرکا بە شێوەیەکی بەرفراوان هێما سرووشتییەکان بەکاردەهێنێت، وەک مانگ، خوێن، ئەسپ، و دارستان، بۆ قووڵکردنەوەی پەیامەکان و دروستکردنی کەشێکی تراژیدی. مانگ هێمایە بۆ مەرگ و چارەنووس، خوێن بۆ ئارەزوو و تووندوتیژی، و ئەسپیش بۆ ئازادی و غەریزە. تریلۆژیای گوندنشینی لۆرکا، بە گشتی، تیشک دەخاتە سەر ژیانی ژنان لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا کە تێیدا ئازادی و ئارەزووەکانیان سەرکووت دەکرێن. لە “یێرما”دا، ژنێک بە ناوی یێرما خەون بە منداڵبوونەوە دەبینێت، بەڵام مێردەکەی نایەوێت منداڵی هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئازارێکی قووڵی دەروونی بۆ یێرما و لە کۆتاییدا کارەساتێکی گەورە. یێرما لە هەوڵدانیدا بۆ بەدیهێنانی خەونەکەی، ڕووبەڕووی کۆتوبەندە کۆمەڵایەتییەکان دەبێتەوە و چارەنووسێکی تراژیدی چاوەڕێی دەکات.
لە “ماڵی بێرناردا ئالبا”شدا، بێرناردا ئالبا دوای مردنی مێردەکەی، کچەکانی ناچار دەکات بۆ ماوەی هەشت ساڵ ماتەمینی بگێڕن و لە ماڵەوە قەتیس بن. ئەم قەتیسکردنە و سەرکووتکردنی ئارەزووەکانیان، دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی و ململانێی ناوخۆیی لە نێوان خوشکەکاندا و لە کۆتاییدا کارەساتێکی دیکە دەخولقێنێت. ئەم شانۆنامەیە بە ڕوونی نیشان دەدات کە چۆن کۆتوبەندە کۆمەڵایەتییەکان و نەریتە تووندەکان دەتوانن ژیانی مرۆڤەکان وێران بکەن. لۆرکا لە ڕێگەی ئەم کارانەوە، دەیەوێت بڵێت کە سەرکووتکردنی غەریزە سرووشتییەکانی مرۆڤ و پابەندبوون بە نەریتە کۆنەپەرستانەکان، دەبێتە هۆی وێرانکاری و تراژیدیا. ئەو داکۆکی لە ئازادی تاک و مافی مرۆڤ دەکات بۆ ژیانێکی ڕاستگۆیانە لەگەڵ سرووشتی خۆیدا. پەیامی لۆرکا پەیامێکی هەمیشەییە و لە هەموو کات و شوێنێکدا جێگەی خۆی دەگرێت، چوونکە باس لە ململانێی نێوان ئازادی تاک و کۆتوبەندەکانی کۆمەڵگە دەکات، کە ململانێیەکی هەمیشەیی مرۆڤایەتییە.