عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
وەیسی محەمەد، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین گۆرانی خۆی بە ناوی “جەمیلە”، بە شێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاو کردەوە.
وەیسی محەمەد، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بۆ هەولێر گوتی: ئەو بەرهەمە شیعر و ئاوازەکەی فۆلکلۆرە، واحید کرمانشاهی دابەشکردنی موزیکەکەی کردووە بە بەشداریی ئۆرکێسترای کرماشان، کە رەنگ و هەناسەیەکی تایبەتیان بە بەرهەمەکە داوە. هەروەها بێژەن ئیبراهیم دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کردووە و، شیاو کاری مۆنتاژی بەرهەمەکەی ئەنجام داوە.
وەیسی محەمەد باس لە چیڕۆکی تۆمارکردنی گۆرانییەکەی دەکات و دەڵێت: ئەم بەرهەمە لەسەر بنەمای چیرۆکی ئەشقێکی قووڵ دروست کراوە، چیرۆکێک کە رووداوەکانی لە شاری شەقڵاوە سەر هەڵدەدەن و هەڵگری بیرەوەری و هەستێکی قووڵە، بۆیە ئەو داستانە کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەرم و بووەتە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم بابەتە بۆ گۆرانییەکەم. هیوادارم ئەو بەرهەمە نوێیەم بە دڵی هەموو لایەک بێت و چێژی لێ ببینن.
وەیسی محەمەد، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لە ساڵی 1972 لەشاری کەرکووک لەدایک بووە، دەرچووی کۆلێژی ئادابە لە زانکۆی سەلاحەددینی هەولێر. خاوەنی چەندین بەرهەمی گۆرانییە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.
جێگەی ئاماژە بۆ کردنە ئەم گۆرانیە فۆلکلۆرە پێشتر لەلایەن چەندین هونەرمەند گوتراوە لەوانە (حەسەن زیرەک، جەلال سەعید، تاهیری خەلیلی، ناسری رەزازی) گوتراوەتەوە.

