رۆژنامەی ھەولێر

شڤان پەروەر گۆرانی و نەغمە و ئاوازی کوردی بە گوێچکەی بەریتانیەکاندا چرپاند

شیڤان شێرزاد – هەولێر

لە دوای سازدانی زنجیرەک پڕۆژەی هونەری لە ڤانکۆڤەر و ئەمستردام و چەندین وڵاتی ئەورووپا، ئەمجارەیان هونەرمەندی گۆرانیبێژ “شڤان پەروەر” لەگەڵ گرووپێکی هونەری گەیشتە ڕێککەوتن بۆ ئەنجامدانی کۆنسێرتێکی گۆرانی و موزیکی کوردی، کە بە هاوکاری هونەرمەندی موزیسیان (نەجمەدین بابەکر) لە شاری مانچیستەری وڵاتی بەریتانیا بە ئامادەبوونی کوردانی تاراوگە و بەشێک لە شارەزایانی موزیکی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.

لە کۆنسێرتەکەدا (شڤان پەروەر) بە جلە کوردی و جەمانە سوورەکەیەوە چەند سروودێکی نیشتمانیی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، پاشان گوڵبژێرێک لە کۆ بەرهەمەکانی ساڵانی هەشتاکان و ناوەڕاستی نەوەتەکانی وەک بیرهێنانەوەیەک بۆ هونەری ڕەسەنی کوردی لە پارچەکانی کوردستان بە گوێچکەی بەریتانیاکاندا چرپاند و بە دەیان چەپکە گوڵی خۆشەویستی و وەفایان پێشکەش بەو هونەرمەندە کوردە کرد، هەروەها هەوادارانی شڤان پەروەر جارێکیتر داوایان لێکرد گۆرانیی (من بیریا تووکریا) بە سازەکەی بڵێتەوە.
لەو کۆنسێرتە هونەرییەدا زیاتر لە ٥٠٠ هەواداری دانیشتووی وڵاتی بەریتانیا و کوردانی وڵاتانی سوێد و ئەڵمانیا و جیهان تێیدا ئامادەبوون و داوایەکیشیان پێشکەش بە کۆمپانیا هونەرییەکانی ئەو وڵاتە کرد، کە جارێکیتر و لە هۆڵێکی فراوانتر کۆنسێرتێکی هاوشێوەی ئەو کۆنسێرتە بۆ شڤان پەروەر ڕێکبخەن.