رۆژنامەی ھەولێر

هۆڵەندا. ڕێکخراوی چەپک، ئیڤێنتێکی تایبەتی بۆ گەشەپێدانی مرۆیی بەڕێوە برد

عەبدولقەهار هەوڵێری/ هۆڵەندا

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و پشتیوانیکردن لە گەشەپێدانی مرۆیی، ڕێکخراوی چەپک، بە پشتیوانی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، ئیڤێنتێکی تایبەتی لە هۆڵەندا بەڕێوە برد کە بە ناونیشانی «گۆڕانکاری لە ژیان، هەنگاونان بەرەو سەرکەوتن و دەربازبوون لە شکستخواردن» ناسێنرا.

ئەم چالاکییە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیران، نوێنەرانی حزب و ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی بواری هونەر و میدیا بەڕێوە چوو. لە نێوان ئامادەبوواندا بەڕێز شوکری بەرواری و ژمارەیەک لە کەسایەتییە ناسراوەکان ئامادە بوون، هەروەها ١٥ هونەرمەند و چالاکوان و میدیاکار بەشداریان کرد و بە هەماهەنگی و هاوبەشی خۆیان ڕەنگیان بە ئیڤێنتەکە دا.
لە بەشی پێزانین و ڕێزلێنان، خەڵاتی «قەڵغانی ڕێز و سەرکەوتن» بە هەموو بەشداربووان پێشکەش کرا. هەروەها، لەلایەن شاخەوان دووکانی، سەرۆکی ڕێکخراوی چەپک، مەدالیای چەپک بۆ ڕێز و شکۆ بەخشرایە بەڕێز شوکری بەرواری، بە پێناسەی ئەوەی یەکێکە لە کۆنترین و چالاکترین کەسایەتییەکانی بواری کاری ڕێکخراوەیی.
ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانیان و بەشدارییەکی چالاکیان لە گفتوگۆ و هاوبەشکردنی ئەزموونەکانی ژیان، ڕەنگێکی تایبەتی بە چالاکییەکە بەخشی. بەشداربووان بە ئازادی و بێ ترس لە چیرۆک و ئەزموونی ژیانی خۆیان دوان و باس لە چالاکییە دەروونی و مرۆییەکان کرا، کە یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی بارە دەروونییەکان و بەرزکردنەوەی متمانەخۆیی.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، کێکی سەرکەوتن لەلایەن ئاورنگ شاوەیس پێشکەشی سەرۆکی ڕێکخراوی چەپک و هەموو ئامادەبووان کرا، لە ژینگەیەکی پڕ لە دۆستی و هاوڕێیەتی.
ڕێکخراوی چەپک جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم جۆرە چالاکیانە هەنگاوێکی گرنگن بۆ پەرەپێدانی کولتووری ئازادی ڕادەربڕین، گەشەپێدانی مرۆیی و دروستکردنی نەوەیەکی هۆشیار و سەرکردە بۆ داهاتووی کۆمەڵگە و نیشتمان.