عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
گۆران باباعەلی، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، نوێترین پێشانگەی شێوەکاری خۆی لەژێر ناوی “دابڕانێک لە شێوازدا”، لە گەلەریی ماڵی ئەفسانە لە شارۆچکەی فۆڵکستن لە بەریتانیا کردەوە و دەڵێت، “ئەو پێشانگەیە زیاتر لە پێشانگەیەکی هونەریی دەچێ، بانگهێشتێکە بۆ بینینی ئەو ساتانەی کە من لە بەرپرسیارێتییەکانی خۆم هەڵدێم و رێگە بە خۆم دەدەم بە یاری و تاقیکردنەوە بچمە ناو ناوچەی نەناسراو.
گۆران باباعەلی، هونەرمەندی شێوەکاری کورد بۆ هەولێر گوتی: لەو پێشانگەیەدا ئەو تاقیکردنەوانە هەمیشە بە مەبەستی دەرچوون بوون لە سنووردارکردنەکانی خۆم و دۆزینەوەی ئازادییەکی نوێ بۆ بەرهەمهێنان. لە زنجیرە کاری “لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان”دا، هەوڵم داوە لە رێگەی هێڵ و رەنگ و فۆرمی پێکداچوو، نزیک ببمەوە لەو رۆحە سەرەتاییەی مرۆڤی کۆن کە لەسەر دیوارەکانی ئەشکەوتەکان جێی هێشتووە.
گۆران باباعەلی گوتیشی: ئەو کارانە ساڵی 1997 لە ناوەندێکی پەنابەران لە هۆڵەندا و بە بەکارهێنانی کەرەستە و تەکنیکی جیاواز وەک تێمپرا، گواش، ئەکریلیک و چاپی مۆنۆتایپ ئەنجامدراون؛ ئەزمونێک بوو بۆ من کە بۆ ماوەی چەند هەفتە بەردەوام بووم و پاشان گەڕامەوە بۆ شێوازی سەرەکی خۆم.
ئەو هونەرمەندە کوردە باس لە قۆناغی دیکەی گرنگی تابلۆکانی دەکات و دەڵێت: لە قۆناغێکی دواتردا، زنجیرە کاری “هێڵە تێکچڕاوەکان”، وەک هەوڵێکی تر بۆ دابڕان لە نیگارکێشانی نزیک لە فۆتۆریالیزم دەرکەوت. لەو بەرهەمانەدا هێڵ جێگەی رەنگی گرتەوە و من بە پاستێل و رووپۆشی رەش و کڕاندنەوەی وێنەکان شێوازێکی کارکردنی خێراتر و ئازادترم تاقیکردەوە؛ ئەنجامێکە کە وەک هێڵکارییەک لەناو رەنگدا هەڵکۆڵدرابێت دەردەکەوێت.
گۆران باباعەلی ئاماژەی بەوەش دا: هەروەها ئەو هەموو گۆڕانکارییانە تەنیا دابڕانێک لە شێوازێک دا بوون؛ ناوبڕێکی کاتی لەناو پرۆژە درێژخایەنەکەم دا، ئەو جیهانەی لەسەر فیگەری ئەفسانەیی ئەفسانە و ماسییەکەم دروستم کردووە. بۆیە ئەو پێشانگەیە زیاتر لە پێشانگەیەکی هونەریی دەچێ، بانگهێشتێکە بۆ بینینی ئەو ساتانەی کە من لە بەرپرسیارێتییەکانی خۆم هەڵدێم و رێگە بە خۆم دەدەم بە یاری و تاقیکردنەوە بچمە ناو ناوچەی نەناسراو.
گۆران باباعەلی، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، خەڵکی سلێماییە و دانیشتووی بەریتانیایە. خاوەنی چەندین پێشانگەی تایبەتە و بەشداری چەندین پێشانگەی هاوبەشی لە دەرەوەی وڵات کردووە.

