ئارام كۆشكی – سلێمانی
خۆشەویستترین ئەو کتێبانەی لە ژیانمدا خوێندوومنەتەوە ئەو کتێبانەن، کە دژ بە بۆچوونەکانم بوون، یان دەرەوازەیەکیان بۆم کردووەتەوە، کە پێشتر پێی ئاشنا نەبووم. من بۆیە دەخوێنمەوە تا گۆشەنیگاکانی ڕوانینم زیاتر بکەم، نەک ئاراستەکانی ڕوانینم تەسکتر بکەمەوە. بەشێک لە خوێنەران ترسیان لە خوێندنەوە هەیە و دەترسن کاتێک دەخوێننەوە بڕوا جێگیرەکانیان زیانی بەر بکەوێتو ئەوەی لایان ئەفسانەیە کاڵ بێتەوە، هاوکات بەشێکی تر لە خوێنەران لەوە دەترسن لەنێو ئەو جیهانە فراوانەی خوێندنەوە بەڕوویاندا دەکاتەوە ون بن.
لاموایە هەموو ترسێک سەبارەت بە خوێندنەوە ترسێکی بێبنەمایە، تەنها یەک جۆر ترس نەبێت ئەویش ئەوەیە کە ئێمە لە یەک بواردا بخوێنینەوە، یان یەکجۆر کتێب بخوێنینەوە. ئەمە مەترسی دۆگمانبوون و حەقیقەتگەرایی و ڕەهاگەرایی لە خوێنەردا دروست دەکات، کە خوێندنەوەی ڕاستەقینە و فرەڕەهەند دژ بەم جۆرە لە خوێندنەوەیە. من بۆیە دەخوێنمەوە تا ترسەکانم بشکێت و بتوانم سەربەرزانە ئەو خەونانەی دەمەوێت کاریان بۆ بکەم تا بەدەستیان دەهێنم. ناخوێنمەوە بۆ ئەوەی لە هەمان جێگا و هەمان خەوندا لە هەمان ئاستدا بمێنمەوە، بەڵکو دەخوێنمەوە تا خەونی نوێ بێتە هزرمەوە و شوێنم بگۆڕم و ئاستی بیرکردنەوە و ژیانم بەرەو بەرەزتر بەرم.
هەفتەی ڕابردوو هاوڕێیەکی خوێنەرم دوای خوێندنەوەی کتێبی “ئەودیوی خوێندنەوە” چەند پرسیارێکی بۆ ناردم یەکێک لەو پرسیارانە سەبارەت بە چۆنێتی خوێندنەوە بوو، کە هەندێک خوێنەر تەنها لە یەک ژانر/بواردا دەخوێننەوە؟ ئەو پرسی بووی “ئەگەر خوێنەرێک تەنیا لە یەک ژانردا بخوێنێتەوە، دەگاتە ئاستی خوێنەری باڵا؟” پرسیارەکەیم گەلێک لا جوان بوو، هەر دەستبەجێ وەڵامی پرسیارەکەییم بۆ نووسی. لە پرسیاری ئەم خوێنەرەوە کەوتمە بیری جۆرێک لە خوێنەر، کە دەتوانم بە خوێنەری تاکڕەهەندی ناوی بەرم و لێرەدا هەوڵ دەدەم ئەم جۆرە لە خوێنەر و سیماکانی زیاتر ڕوون بکەمەوە.
لێرەدا پێداگرانە دەڵێم دەمێک ساڵە بڕوام بەوەیە، کە خوێنەری ڕاستەقینە ئەو خوێنەرەیە، کە لە چەند بوارێکی جیاوازدا دەخوێنێتەوە و لە یەکێک لەو بوارە جیاوازانەدا پسپۆڕانە/شەیدایانە دەخوێنێتەوە بەجۆرێک کە ئاگاییەکی تەواوەتی، یان نزیک لە تەواوەتی لەو بوارەدا پەیدا دەکات و بەردەوامیشە لە دەوڵەمەندکردنی ئەو پاشخانەی لەو بابەتەدا هەیەتی. ئەگەر خوێنەرێک تەنها لە یەک بواردا بخوێنێتەوە دەبێتە خوێنەرێکی تاکڕەهەند و مەترسی ئەمەش ئەوەیە، کە ببێتە خوێنەرێکی ئایدۆلۆژیی، یان خوێنەرێک، کە تەنها لە یەک پەنجەرەوە سەیری دونیا بکات. کێشەی خوێنەری تاکڕەهەند ئەوەیە، کە ناتوانێت هەموو ڕەنگەکان و ئایدیاکان و ئایدۆلۆژیاکان قەبووڵ بکات. خوێنەری ڕاستەقینە ڕوانینی تاکڕەهەندیی تێدەپەڕێنێت، خۆی ون ناکات، بەڵکو خۆی دەدۆزێتەوە. زۆرجار وەها تەفسیری خوێنەری تاکڕەهەندیی دەکرێ کە بۆ ئەوەیە تاک ون نەبێت لەنێو ڕەنگە جیاوازەکان و دەنگە جیاوازەکاندا. بەڵام پێموایە مرۆڤ بۆ ئەوەی خۆی بدۆزێتەوە پێویستی بە بینینی هەموو ڕەنگەکان و هاوکات ڕوانینە هەموو پەنجەرەکانەوە، تا لێوەی بڕوانێت، ئەمەش لەپێناو خۆدۆزینەوە دایە.
لێرەدا بۆ ئەوەی مەبەستی خوێنەری تاکڕەهەند ڕوونتر بکەمەوە چەند نموونەیەک دەهێنمەوە. هاوڕێیەکی خوێنەرم هەیە تەنها لە بواری مێژوو دەخوێنێتەوە، باسی هەر شتێک بکەین، گفتوگۆی هەر بابەتێک بکەین ئەو دەیبەستێتەوە بە مێژووەوە. لە ڕاستیدا ئێمه بهتهنیا ناتوانین له ڕوانگهی قۆناغێكی دیاریكراوی مێژوویی له دیاردهكان بدوێین. چونكه بابەت له كۆمهڵێك توخم پێكدێت، كه به تهنیا یهك ڕوانین بهشی ئهو كهرهستهمان ناداتێ تهواو لێی تێبگهین. بە هەمان شێوە هاوڕێیەکی دیکەشم هەیە تەنها بابەتی زانستی دەخوێنێتەوە ئەویش باسی هەر بابەتێک بکرێت دەیبەستێتەوە بە یهك ڕوانگهی وهك زانستەوە. لە ڕوانینی ئەم دوو هاوڕێیەوە ئەوەم بۆ دەرکەوتووە، کە هەست بە باڵایی دۆگمایی دەکەم لە ڕوانینەکانیاندا. لەڕاستیدا ئەم جۆرە لە خوێنەر، کە من ناوی دەنێم “خوێنەری تاکڕەهەند” ناتوانن بگەنە ئاستێکی ڕاستەقینەی بینین و خوێندنەوە، یان وەکو خوێنەرەکەی هاوڕێم ناوی ناون “خوێنەرێکی باڵا”.
باڵابوونی خوێنەر ئەوکاتە دەست پێ دەکات، کە فرەڕەهەندانە بخوێنێتەوە، بەڵام وەکو گوتم لەو بوارانەی لێکەوە نزیکن، تا توانای بینینی هەموو ڕەنگ و دەنگەکانی هەبێت و لەوێوە بگات بە خۆناسین و خۆدۆزینەوە. ئامانجی خوێندنەوە خۆناسین و خۆدۆزینەوەیە، هەر خوێنەرێک ئەم ئامانجەی نەبوو، خوێنەرێکی ڕاستەقینە نییە.

