رۆژنامەی ھەولێر

خەڵاتەکانی پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەمستردام دابەشکران

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لەژێر ناونیشانی “لەنێوان نەریت و گۆڕاندا”، لە هۆڵەندا لە شاری ئەمستردام بەڕێوەچوو و خەڵاتەکان دابەشکران.

ئاری کەریم، گوتەبێژی فێستیڤاڵەکە بۆ هەولێر گوتی: پێنجەمین خوولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام، وەک پێشبڕکێیەکی سینەمایی گەورە هاوشێوەی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییە گشتییەکان، بۆ خەڵاتی جیاوازی وەک باشترین ئەکتەر، باشترین وێنەگرتن، یان باشترین مۆنتاژ، ڕێکنەخرابوو. بەڵکوو سەرنجی سەرەکی ئەم فێستیڤاڵە لەسەر نمایشکردن، دیالۆگ، و کۆکردنەوەی سینەماکاران بوو، نەک کێبڕکێی بەشە جیاوازەکان.
ئاری کەریم گوتیشی: خەڵاتی ئەکادیمیای فێستیڤاڵەکە، کە تەنیا یەک خەڵاتی فەرمی دابەشکرا، ئەم خەڵاتەش بەخشرا بە دەرهێنەر لانیە نورەدین بۆ کورتەفیلمی “لەژێر”، ئەوەش وەک رێزلێنانێک بۆ کوالێتی و پەیامی فیلمەکەی کە باس لە جینۆساید و سڕینەوەی مێژوو و یادەوەری دەکات لە رێگەی دیدارێکی بێدەنگی نێوان دوو پیاو، کە تێیدا سرووشت و دەورووبەر خۆیان دەبنە شایەتحاڵی رووداوەکان. هەروەها بەشەکەی تری بەرنامەی فێستیڤاڵەکە بریتی بوو لە نمایشکردنی فیلمەکان و ئەنجامدانی پانێڵ و گفتوگۆ لە نێوان دەرهێنەران و بینەراندا.
گوتەبێژی فێستیڤاڵەکە باس لە بەشەکانی تری فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت: لە فێستیڤاڵەکەدا کۆڕ و پانێڵی گفتوگۆ پێشکەشکرا، هەروەها دوای نمایشکردنی فیلمەکان، کات بۆ دەرهێنەر و ستافی فیلمەکان تەرخان دەکرا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بینەران، کە ئەمە خۆی وەک جۆرێک لە پێزانین و ناساندنی کارەکانیان سەیر دەکرێت. لەگەڵ ئەوەش دا بەشێوەیەکی باو لەم فێستیڤاڵەدا، سەرجەم ئەو دەرهێنەر و فیلمانەی وەرگیراون، بڕوانامەی فەرمی فێستیڤاڵەکەیان پێبەخشراوە بەبۆنەی هەڵبژاردنی فیلمەکانیان لە بەرنامەی فەرمی فێستیڤاڵەکەدا.
ئاری کەریم ئاماژەی بەوەش دا: هەروەها فێستیڤاڵەکە تەنیا بە فیلم کۆتایی نەهات، بەڵکوو چالاکیی کولتووری، میوزیک و دیدارە هونەرییەکانیشی لەخۆگرت، بۆ ئەوەی فێستیڤاڵەکە ببێتە شوێنێکی زیندووی یەکگرتنی کۆمەڵگەی کوردی و دۆستانی هونەر. هەروەها فێستیڤاڵەکە بۆ زۆرێک لە فیلمسازە گەنجەکانیش، دەرفەتی یەکەم بوو بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان لە ناوەندێکی نێودەوڵەتیی پێشان بدەن و پەیوەندی لەگەڵ بینەر و پیشەسازی سینەما دروست بکەن.”
پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەمستردام، بەبەشداری 35 فیلمی کوردی لەتەواوی جیهان، لە هۆڵەندا لەشاری ئەمستردام بەڕێوەچوو و ماوەی چوار رۆژ بەردەوامد بوو.