رۆژنامەی ھەولێر

ساڵیادی هونەرمەند محەمەد عەباس بەهرام لە لەندەن بەڕێوەچوو

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

 

لەلایەن ماڵی هونەری مەریەم خان، ساڵیادی هونەرمەندی ناوداری کورد «محەمەد عەباس بارام» بە بەشداری چوار هونەرمەندی کورد، لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەڕێوەچوو

سەروەت کۆیی، هونەرمەندی میوزیکژەن لە لێدوانێکی دا بۆ هەولێر گوتی: بە گرنگمان زانی ئەم ساڵیادە رێکبخەین، کە تێیدا چوار هونەرمەندی کورد و کۆمەڵێک میوزیکژەنی بەتوانا بەشداری تێدا دەکەن، ئەم شەوە بۆ بەرز راگرتنی ساڵیادی هونەرمەندی ناسراوی کورد، (محەمەد عەباس بارام) تەرخان کرابوو، هەروەها ئەم بۆنەیە تەنیا یادکردنەوەیەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو هەوڵێکە بۆ پاراستن و نوێکردنەوەی ئەو میراتە هونەرییەی کە هونەرمەندە گەورەیە لە ماوەی چەندین ساڵی کار و ئەزموونی هونەریدا بەجێیان هێشتووە.
سەروەت کۆیی هەر لەمباریەوە گوتیشی: محەمەد عەباس، بە یەکێک لەو هونەرمەندانە دادەنرێت کە لە رێگەی کار و بەرهەمەکانییەوە توانیویەتی هەستی نەتەوەیی، ناسنامەی کوردی و رەنگی ژیانی رۆژانەی مرۆڤی کورد بخاتە ناو هونەرەکەیەوە. ژیان و هونەری ئەو بۆ زۆرێک لە هونەرمەندان و خۆشەویستانی هونەر وەک سەرچاوەیەکی هاندەر و بیرکردنەوە ماوەتەوە، بۆیە ئەم شەوە هونەرییە جگە لە یادکردنەوە، بوو بە ساتێکی هەستیار بۆ دووبارە گەڕانەوە بۆ یادە جوانەکانی ڕۆژانی هونەری ڕاستەقینەی کوردی.
ئەو هونەرمەندە باس لە بەشداری هونەرمەندان لەو ساڵیادەدا کرد و روونتر گوتی : لەو چالاکییەدا ژمارەیەک هونەرمەندی ناسراوی کورد ئامادە بوون، لە ڕێگەی پێشکەشکردنی گۆرانی و بەشە هونەرییە جیاوازەکان ئەوانیش وەکو، (کانی و نەورۆز و شاخەوان هەڵەبجەیی و یوسف تاڵیب) هەروەها ژمارەیەک میوزیکژەنی دیار بە ئامێرە جیاوازەکان وەک سەنتور و ئامێرە رۆژهەڵاتییەکان، رۆڵی سەرەکییان هەبوو لە دروستکردنی کەشوهەوای شەوەکەدا ئەوانیش وەکو، نیازی سەنتوور، شایوان، رۆسکار نەسان، ئارام تەها، زانیار حیسامی، سەروەت کۆیی.
سەروەت کۆیی ئاماژەی بەوەش دا: ئەم چالاکییە هەوڵێکیشە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لەنێوان کوردانی دەرەوەی وڵات، بەتایبەتی لە لەندەن، کە ماوەیەکە بووەتە یەکێک لە گرنگترین ناوەندەکانی چالاکییە هونەری و رۆشنبیرییەکانی کورد. ئامادەبوونی هونەرمەندان، نووسەران، میوانان و خۆشەویستانی هونەر لە یەک شوێندا، دەتوانێت ئەو شەوە بکاتە بوارێک بۆ گفتوگۆ، هاوبەشکردنی یادەکان و بەرز راگرتنی بەهای هونەری کوردی لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵات.
جێگەی ئاماژە بۆ کردنە محەممەد عەباس بارام یەکێک بوو لە هونەرمەندە دەنگخۆش و جوانەکانی کۆڕی هونەری گۆرانی کوردی، ساڵی 1952 لە شاری کەرکوکی ئازیز لە گەڕەکی تەپەی مەڵا عەبدوڵا لە دایک بووە.
سەرەتا ساڵی حەفتاکان پەیمانگای هونەرەجوانەکانی لە شاری بەغداد، تەواو کردووە لە ساڵی 1985 ـەوە چۆتە هەندەران و سەرەتا سکۆتلەندا نیشتەجێ بووە.
هونەرمەندێک بوو خاوەنی ستایلێکی تایبەت بەخۆی بوو خاوەنی چەندیین گۆرانی جوانە سەرجەم بەرهەمەکانی بوون بە یاد و یادەوری جوان لەلای جەماوەر و گوێگری کوردستان.
ئەم هونەرمەندە ئازیزە بە داخەوە ساڵێک بەر لە ئەمڕۆ لە شاری ئوردن لە ڕێکەوتی 15/5/2025 لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی لە تەمەنی 73 ساڵی دا کۆچی دوای کرد.
گۆرانیە بە ناو بانگەکانی مامۆستا محەمەد عەباس باران بریتی بوون لە (ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش، کیژۆڵەی سورە گوڵ، بەیانی بوو گزنگی خۆر، ئەی چاوشینی پەرچەم کوڵ، توڕە مەبە خۆت زیز مەکە)ـەو چەندیین شاکاری جوانی هونەری ئاست بەرز.