رۆژنامەی ھەولێر

فیلمی سینەمایی باوڵ دەبێتە میوانی سینەماکانی کوردستان

شیڤان شێرزاد – هەولێر

فیلمی سینەمایی باوڵ لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەندی دەرهێنەر دیاکۆ بایزە و بڕیارە لە ڕۆژانی جەژنی قوربان نمایش بکرێت.

دیاکۆ بایز، دەرهێنەری ئەو فیلمە سینەماییە گوتی، “فیلمی سینەمای “باوڵ”، کە ژانەرێکی کۆمیدیە و 90 خولەکە، کۆمەڵێک ئەکتەری بەئەزموون بەشدارییان تێدا کردووە وەکوو، ژیان ئیبراهیم خەیات، ئاکۆ سەنگاوی، زاهیر جەلال، زاهیر غەریب، کەیوان سەڵاحەدین، ئیدریس شەوکەت، نبراس جاف، زانست بەرزنجی، یاسین عومەر. هەروەها لە جەژنی قورباندا لە سینەماکانی سلێمانی و هەولێر و کەرکووک و کەلار نمایش دەکرێت.
گوتیشی، “چیڕۆکی فیلمەکە باس لە ژیانی کوڕێکی گەنج دەکات، کە هەرگیز ناو شاری نەبینیوە و تەنانەت لە دنیای دەرەوەی ژیانی خۆی دوور ماوەتەوە. ژیانی بە شێوەیەکی ئارام و دوور لە شەقام و قەرەباڵغیی شار تێدەپەڕێت، بەڵام دوای مردنی دایە گەورەی، وەسیەتنامەیەکی دەستدەکەوێت، کە هەموو ژیانی دەگۆڕێت.
ئەو دەرهێنەرە زیاتر باس لە چیڕۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێت: لەناو ئەو وەسیەتنامەیەدا دەزانێت، کە باوکی هێشتا لەناو شاردا ژیان دەکات. ئەم راستییە وای لێدەکات بۆ یەکەمجار بڕیار بدات بچێتە ناو شار و بە دوای بنەچە و خێزانەکەی دا بگەڕێت، بەڵام گەیشتن بە خێزانەکەی ئاسان نییە، چوونکە لە رێگەدا تووشی کێشە و ململانێی جۆراوجۆر دەبێت؛ ململانێیەک، کە هەم لەگەڵ کەسانی دەورووبەری و هەم لە ناخی خۆیدا روودەدات.”