سەردار ئەکرەم/ بەریتانیا
کاتێک بڕیارم دا سەردانی لۆکەیشنی فیلمی باتمان بکەم لە شاری نۆتینگهام، تەنها گەشتێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو گەشتێک بوو بۆ ناو دڵی چیرۆکێک کە ساڵانێکە سەرسامی کردووم ئەویش جیهانی باتمانە. وەک هەوادارێکی فیلمی (The Dark Knight Rises)ـەکەی کریستۆفەر نۆلان، هەمیشە ئەو حەزەم هەبووە کە لە نزیکەوە ئەو شوێنانە ببینم کە بوونەتە بەشێک لەو گەردوونە سینەماییە. نۆتینگهام، بە شاراوەییەکانی و مێژووە دەوڵەمەندەکەی، دەروازەیەک بوو بۆ تێکەڵکردنی خەیاڵ و واقیع. یەکەم وێستگەم کۆشکی (Wollaton Hall) بوو. کاتێک لە دوورەوە بینیم، هەستم بە خۆشیەک کرد. ئەم کۆشکە شکۆدارە، کە لە نێوان ساڵانی ١٥٨٠ بۆ ١٥٨٨ دروست کراوە و لەلایەن تەلارساز ڕۆبێرت سمیسۆنەوە دیزاین کراوە، نەک تەنها ساختمانێکی مێژووییە، بەڵکو لە فیلمەکەدا بووەتە ماڵی بروس وەین، یان (Wayne Manor)؛ لە نزیکەوە، وردەکارییە تەلارسازییەکانی، ئەو بەردە قاوەییانەی تێیدا بەکار هاتووە و، ئەو هەستە کلاسیکەی کە پێیدا دەهات، هەمووی وای لێ دەکردم هەست بکەم لە ناو دیمەنێکی فیلمەکەدام. بیرم لەو دیمەنانە دەکردەوە کە بروس وەین و ئەلفرێد تێیدا پیاسەیان دەکرد، یان ئەو کاتانەی کە باتمان لە سێبەرەکانیدا ون دەبوو. ناتان کراولی، دیزاینەری بەرهەمهێنانی فیلمەکە، بە وریاییەوە ئەم شوێنەی هەڵبژاردبوو، چونکە شکۆ و مێژوویەکی قووڵی هەبوو کە لەگەڵ گەشەکردنی کەسایەتی بروس وەیندا دەگونجا. ئەمە تەنها شوێنێکی وێنەگرتن نەبوو، بەڵکو کاراکتەرێکی بێدەنگ بوو لە فیلمەکەدا. بۆ ئەوەی لە قەبارەی ئەو کارە مەزنە تێبگەین، پێویستە ئاوڕێک لەو ستافە بدەینەوە کە ئەم جیهانەیان خوڵقاندووە:
دەرهێنەرکریستۆفەر نۆلان (Christopher Nolan) داڕێژەری سەرەکیی دیدگای سێانەی باتمان نووسەران کریستۆفەر نۆلان و جۆناتان نۆلان سیناریۆکە لەسەر بنەمای چیرۆکی دەیڤید ئێس گۆیەرە نووسیوە و، بەرهەمهێنەران ئێما تۆماس، کریستۆفەر نۆلان، چارڵز ڕیڤن تیمێکی سەرکەوتوو لە بەرهەمهێنانی فیلمە مەزنەکان و دیزاینەری بەرهەمهێنان ناتان کراولی (Nathan Crowley) ئەو کەسەی کۆشکی (Wollaton Hall)ـی هەڵبژارد و، مۆسیقای فیلم هانس زیمەر (Hans Zimmer) خاوەنی مۆسیقا کاریگەر و حەماسییەکەی فیلمەکەیە؛ بەڕێوەبەری وێنەگرتن والی فیستەر (Wally Pfister) وێنەگری دیمەنە ناوازەکانی کۆشک و شاری گۆتەم.
پاشان، گەشتەکەم بردمی بۆ ناو دڵی شاری نۆتینگهام و لەوێوە بۆ گوندی گۆتەم (Gotham)؛ لە سەرەتادا، تەنها وەک گوندێکی ئاسایی دەهاتە بەرچاو، بەڵام کاتێک زانیم ئەم گوندە بچووکە چ پەیوەندییەکی مێژوویی بە ناوی شاری گۆتەم سیتییەوە هەیە، سەرسام بووم. چیرۆکی دانیشتوانی گۆتەم کە لە سەدەی سێزدەهەمدا خۆیان بە “شێت” نیشان داوە بۆ ئەوەی پاشا جۆن ڕێگایەکی گشتی بە ناو گوندەکەیاندا تێپەڕێنێت، وای لێ کردم هەست بە قووڵایی مێژوو بکەم. ئەم چیرۆکە، کە دواتر بوو بە هەوێنی کتێبی (The Wise Men of Gotham)، نیشانەی ژیری و فێڵبازیی خەڵکی ئەم ناوچەیە بووە. چەند سەیرە کە گوندێکی بچووک لە دڵی ئینگلتەرادا، ببێتە ئیلهامبەخشی ناوی ئەم گواستنەوە کولتوورییە، لە گوندێکی ئینگلیزییەوە بۆ شارێکی ئەمریکایی و، پاشان بۆ جیهانێکی سینەمایی، گەواهیدەری ئەوەیە کە چۆن چیرۆک و شوێنەکان دەتوانن لە سنووری جوگرافی تێپەڕن و ببنە بەشێک لە هۆشیاریی گشتی. لەو ساتەدا، هەستم دەکرد لەسەر زەوییەک وەستاوم کە تێیدا مێژوو و خەیاڵ بەیەکەوە دەبەسترێنەوە و، هەر هەنگاوێک دەینێم، دەمباتە ناو چینێکی قووڵتری تێگەیشتن لەو پەیوەندییە شاراوەیەی نێوان ئەم دوو جیهانە و ستافی نواندن، کە دیمەنە ناوازەکانیان تۆمار کرد:
کریستیان بەیڵ لە ڕۆڵی بروس وەین/ باتمان • تۆم هاردی: لە ڕۆڵی بەین (Bane) • ئان هاساوای: لە ڕۆڵی سێلینا کایل/ کات وۆمان • مایکل کەین: لە ڕۆڵی ئەلفرێد پێنۆرس (خزمەتکارە دڵسۆزەکە) • گاری ئۆڵدیمان: لە ڕۆڵی کۆمیسار جەیمس گۆردۆن • مۆرگان فریمەن: لە ڕۆڵی لوکۆس فۆکس • ماریۆن کۆتیار: لە ڕۆڵی میراندا تایت/ تالیا ئەلغوڵ • جۆزێف گۆردۆنلێڤیت: لە ڕۆڵی جۆن .
ئەم سەردانەم تەنها بینینی شوێنەکان نەبوو، بەڵکو گەشتێک بوو بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن سینەما دەتوانێت جوگرافیا و مێژوو بە شێوازێکی نوێ زیندوو بکاتەوە. کۆشکی (Wollaton Hall) نەک تەنها وەک ماڵی بروس وەین، بەڵکو وەک پردێک لە نێوان ئەوسا و ئێستادا، لە نێوان خەیاڵ و واقیعدا، دەردەکەوێت. ئەم ئەزموونە وای لێ کردم زیاتر لەوە تێبگەم کە چۆن شوێن دەتوانێ کار بکاتە سەر چیرۆک و، چۆن چیرۆکیش دەتوانێ شوێن بکاتە ئەفسانە. نۆتینگهام، بە گوندە مێژووییەکەی گۆتەم و کۆشکە شکۆدارەکەی (Wollaton Hall)، بۆ من بووەتە دەروازەیەک بۆ جیهانی باتمان و، گەواهیدەری ئەوەی کە هەندێک جار، خەیاڵ زۆر لە واقیع نزیکترە لەوەی بیری لێ دەکەینەوە.

