نوح چارنی
وەرگێڕانی: شۆڕش غەفووری
(سکۆت تورۆ ـ Scott Turow)، نووسەری ڕۆمانی (بێتاوان ناسراو – Presumed Innocent) کە تازەترین ڕۆمانە تاوانکارییەکەی، ناوی (Identical)ە، لەم گفتوگۆیەیدا باس لە کۆلێژی یاسا و کاری پارێزەری و ئەندامیەتی لە گرووپێکی مۆسیقا دەکات:
– لە کوێ گەورە بوویت؟
سکۆت تورۆ: لە باکووری شیکاگۆ گەورە بووم، لە گەڕەکی (وێست ڕۆجەرز پارک – West Rogers Park)، کە گەڕەکێکی جوولەکەنشینە. تەمەنم ١٣ ساڵ بوو کە لەگەڵ دایک و باوکم چووینە (وینێتکا – Winnetka) لە ویلایەتی (ئیلینۆی – Illinois)، کە ناوچەیەکی چینی دەوڵەمەند و (واسپ – WASP) (پڕۆتێستانتی ئەنگلۆساکسۆن) بوو؛ لەوێ جوولەکەکان – وەک ڕەشپێست و کاتۆلیکەکان – لە زۆربەی کۆڵانەکان پێشوازییان لێنەدەکرا. من لەوێ تووشی جۆرە شۆکێکی ڕۆحی بووم.
– باشترین ستەیک (گۆشتی برژاو) لە شیکاگۆ لە کوێیە؟
سکۆت تورۆ: لە ماڵی خۆمان، کە لەسەر مەقەڵیی (Big Green Egg) بە ڕەژووی دار و داری (مەسکیت- mesquite) دەیبرژێنین. ئەگەریش تا ئێستا دەعوەت و بانگهێشتمان نەکردوویت، ئەوا دەتوانیت بچیت بۆ ڕێستۆرانتی (Gene & Georgetti’s) کە هندە بەنوبانگە لە کتێبی (Humboldt’s Gift)ـی (ساوول بێڵۆو – Saul Bellow)دا ناوی هنراوە. ڕێستۆرانتێک لە هەر لە سەردەمی (ڕیچارد دەیل – Richard Daley)ی یەکەم سەرۆکی شارەوانی (١٩٥٥ تا ١٩٧٦) وەک خۆی ماوەتەوە و نەگۆڕاوە.
– هاندەری یانەی (کووبس – Cubs)یت یان (وایت سۆکس – Sox)؟
سکۆت تورۆ: کووبس، هەرچەندە خەریکە گومان دەکەم نەکا وەک باوکم بم و هەرگیز بە چاوی خۆم (چامپزی وۆڵد سیریز – World Series champs) نەبینم.
– تۆ یاسات خوێندووە و پارێزەرێکی کارایت. ئایا کەیسێکی یاسایی – مێژوویی هەبوو کە ئیلهامبەخشت بێت بۆ بوونە پارێزەر، یان لە کاتی خوێندندا سەرنجت ڕابکێشێت؟
سکۆت تورۆ: ڕاستییەکەی، نەخێر. وەک زۆربەی ئەمریکییەکانی هاوتەمەنم، زۆر سەرسام بووم بە توانای داینامیکیی یاسا، کە لە بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان و پاشان واتەرگەیتدا دەردەکەوت، بە تایبەت دروشمەکەی (سام ئێرڤین – Sam Ervin) کە دەیگوت: “هیچ کەس لە سەرووی یاساوە نییە”، بەڵام ئەو کەیسەی زۆرترین کاریگەری لەسەرم هەبوو، کەیسێکی خەیاڵی بوو لەناو ڕۆمانێک کە نەمتوانی بڵاوی بکەمەوە کاتێک لە (ستانفۆرد – Stanford) بووم. وردەکارییە یاساییەکان کە خستبوومنە ناو کتێبەکە، خۆمی کەمەندکێش کردبوو، ئەمەش نیشانەی ئەوە بوو چەند حەزم لە یاسا بوو، بۆیە هەر خۆم شۆک ببوم.
– چی هانی دایت لە سەرەتای کارە یاساییەکانت، یەکەم کتێبت بنووسیت؟
سکۆت تورۆ: کتێبی (One L) بە ڕێکەوت نووسرا، کتێبێک کە باس لە ئەزموونی ساڵی یەکەمی خوێندنی یاسا دەکات لە هارڤارد. شەرمم دەکرد بە چاپەرەکە بڵێم دەچم بۆ کۆلێژی یاسا، چونکە بەڕاستی زۆر ماندوو بوو بە فرۆشتنی ڕۆمانەکەوە، بۆیە بە گاڵتەوە پێمگوت کتێبێکی ناخەیاڵی نییە باسی ژیانی خوێندکارێکی یاسا بکات (پێکەنین). بەڕاستی مەبەستم نەبوو بینووسم و چاپی بکەم، بەڵام کاتێک گرێبەستێکی بۆ هێنام، نەمتوانی بڵێم نا. دەنا بەڕاستی پێشتر دونیایەک نامەی ڕەتکردنەوەی بەرهەمەکانم بەدەست گەیشتبوو.
– ئەم پرسیارەم لە دادوەر (ڕیچارد پۆزنەر – Richard Posner) کردووە، دەمەوێت لە تۆشی بکەم. جگە لە ئەمریکا، سیستەمی یاسایی کام وڵاتی تر بەلاتەوە سەرنجڕاکێشە، و چی تێدایە کە جیاواز و جێی سەرسامی بێت؟
سکۆت تورۆ: بە پێچەوانەی دادوەر پۆزنەر، من خۆم بە شارەزا لە سیستەمی یاسایی وڵاتانی تر نازانم، هەرچەندە چانسی ئەوەم هەبووە گەشتی زۆر بکەم. لەگەڵ ئەوەشدا، گەورەترین جیاوازی کە تێبینیم کردبێت ئەوە نییە کە ئایا سیستەمەکە لەسەر بنەمای یاسای نووسراوە یان بڕیاری دادوەر، بەڵکو ئەوەیە کە ئایا هاووڵاتییان بەڕاستی پابەندن بە سەروەری یاساوە یان نا. بەریتانییەکان لەو ڕووەوە هێشتا نموونەن بۆ جیهان.
– باس لە ڕۆتینی بەیانیانت بکە.
سکۆت تورۆ: لە ڕاستیدا ڕۆتینێکی جێگیر نییە، چونکە خێرایی کارەکان دەگۆڕێت، بەڵام زۆربەی ڕۆژەکان سەعات ٧ لە خەو هەڵدەستم و لە کاتی قاوەخواردنەوەدا تەماشای سێ ڕۆژنامە دەکەم. پێش سەعات ٨:٣٠ لەسەر مێزەکەمم و دەنووسم. ڕاستییەکەی، ئەگەر لەگەڵ خۆم دڵڕەق بم، لە هەر سەعاتێکدا تەنها ٤٥ خولەک خەریکی نووسینم لەسەر کاغەز. کاتەکەی تر بە ئیمەیل و پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە خەریکم، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە تەکنەلۆژیا ژیانمی تێکداوە، چونکە ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر ئەو ١٥ خولەکەم بە پیاسەکردن لەناو ماڵەکە بەسەر دەبرد و زۆربەی جار لەبەردەم سەلاجەکەدا کۆتاییم پێ دەهێنا.
– خوویەکی تایبەت یان شێوازێکی جیاوازت هەیە؟
سکۆت تورۆ: نازانم ئەمە بە خوو هەژمار دەکرێت یان نا، بەڵام هۆکاری ئەوەی توانیومە بەردەوام بم لە کاری پارێزەری ئەوەیە کە دەتوانم لە گەرمەی نووسینی ڕستەیەکدا وەڵامی تەلەفۆنی بریکارێک بدەمەوە و هەرکە تەلەفۆنەکەم داخستەوە، ڕستەکە تەواو بکەم.
– گرووپی ڕۆکی نووسەرە ناودارەکان، (Rock Bottom Remainders)، چۆن دروست بوو؟
سکۆت تورۆ: خوالێخۆشبوو (کاسی کامین گۆڵدمارک – Kathi Kamen Goldmark)، کە هاوەڵی نووسەران و مۆسیقارێکی پیشەگەر بوو لە سان فڕانسیسکۆ، بیرۆکەی ئەوەی بۆ هات کە هەندێک لەو نووسەرانەی کاریان لەگەڵ دەکات کۆبکاتەوە بۆ مۆسیقاژەنین. [ئەندامانی باندەکە پێکهاتبوون لە (دەیڤ باری – Dave Barry)، (مایا ئەنجێلۆ – Maya Angelou)، (ئیمی تان – Amy Tan)، (باربارا کینگسۆڵڤەر – Barbara Kingsolver)، (مات گرۆنینگ – Matt Groening) و (ستیفن کینگ – Stephen King) و زۆری تر]. جارێکیان کە کاسیم بینی، پێمگوت دڵت هشاندووم، بۆ بانگهێشتت نەکردووم بۆ گرووپەکەت؟ ئەویش بە سەرسامییەوە پرسی: چ ئامێرێک دەژەنیت یان چ بەهرەیەکی مۆسیقیت هەیە؟، وەڵامی ڕاستگۆیانەم ئەمە بوو: هیچ، بەڵام هەر بریندارم! دوای چەند ساڵێک بوومە ئەندامێکی هەمیشەیی، بەڵام تەنها وەک ڕێگەیەک بۆ ئەوەی ئەندامە بەهرەمەندەکان بسەلمێنن کە خۆیان زۆر بە جدی وەرناگرن.
– تکایە سێ ڕۆمان پێشنیار بکە کە باس لە پارێزەران دەکەن و پێشمان بڵێ بۆچی پێت باشن؟
سکۆت تورۆ: ڕۆمانی یەکەم، (دادوەر و نادادوەر – The Just and the Unjust) لە نووسینی (جەیمس گۆڵد کۆزێنس – James Gould Cozzens)ە. کۆزێنس کە ئێستا زۆرێک لەبیریان کردووە، نووسەرێکی ڕیالیستی سەدەی بیستەم بوو. هەرچەندە کتێبەکە بە پێوەرە نوێیەکان هێواش و خاوە، بەڵام وێناکردنی ژیانی پارێزەرێکی شارۆچکەیەکی بچووک زۆر سەرنجڕاکێشە. کتێبی دووەم، بریتییە لە (فینیاس فین – Phineas Finn) لە نووسینی (ئەنتۆنی تڕۆلۆپ – Anthony Trollope)ە. چیرۆکی پارێزەرێکی ئێرلەندییە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەچێتە ناو پەرلەمان. تڕۆلۆپەی نووسەر، زۆر دەدوێت و هەندێک جار دەقەکان دوای سەدان لاپەڕە دووبارە دەبنەوە، بەڵام گۆڕانی بیرکردنەوەی فینیاس دەربارەی یاسا و پەیوەندی بە کێشەکانی ژیانەوە، زۆر وردبینانەیە. سێیەم ڕۆمان کە پێتان بناسێنم بریتییە لە (پیاوێکی خێزاندار – A Married Man) لە نووسینی ( پیرس پۆڵ ڕید – Piers Paul Read)ە. ئەم ڕۆمانە ئێستا بە چاپکراوی نەماوە، بەڵام گرنگە کە ناوی بهێنم. باس لە پارێزەرێکی سەرکەوتووی لەندەنی دەکات بە ناوی جۆن ستریکلاند. ستریکلاند لە تەمەنی چلەکاندایە و تووشی جۆرێک لە قەیرانی تەمەن بووەتەوە. هەرچەندە ژیانێکی جێگیری هەیە، بەڵام هەست بە بێزاری دەکات لە پارێزەری و ژیانی هاوسەرگیرییەکەشی. کە لە کۆلێژی یاسا بووم ئەمەم خوێندنەوە، تێکەڵکردنی چیرۆکێکی زیرەکانە و تێڕامانێکی قووڵ، بووە مۆدێلێک بۆ ئەوەی دەمویست لە ڕۆمانەکەم (Presumed Innocent) ئەنجامی بدەم.
– باس لە شێوازی کارکردنت بکە کاتێک بیر لە کتێبێک و پلانەکەی دەکەیتەوە پێش دەستکردن بە نووسینی. ئایا حەز دەکەیت پێشوەختە نەخشەی کتێبەکە بکێشیت یان تەنها لێدەگەڕێیت بڕوات؟
سکۆت تورۆ: من بە ناوکێک یان چەمکێکی ناڕوون دەست پێ دەکەم، و تەنها دەست دەکەم بە نووسین – تێبینی دەربارەی کارەکتەرێک، چەند دێڕێکی گفتوگۆ، وەسفی شوێنێک، ئیتر بەم شێوەیە بیرۆکەیەک، بیرۆکەیەکی دیکە دادەگیرسێنێت. نزیکەی ساڵێک ئەمە دەکەم. تا ئەو کاتە چیرۆکێک دروست دەبێت، و پاشان دەست دەکەم بە ڕەشنووسی یەکەم کە هەموو پارچە دابڕاوەکان پێکەوە دەبەستێتەوە. ئەمە ڕێگەیەکی کارا نییە بۆ نووسین، بەڵام من ئاشقی ئەو قۆناغی گەڕانەم، کە تەنانەت نووسینە خراپەکانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان ئومێدبەخش دەردەکەون.
– دەبێت چی لە لاپەڕە یەک و بەشی یەکەمدا ڕووبدات بۆ ئەوەی کتێبەکە سەرکەوتوو بێت و هانی خوێنەر بدات تا دوالاپەڕە واز لە خوێندنەوەی کتێبەکە نەهێنێت؟
سکۆت تورۆ: خوایە، خۆزگە بمزانیبایە. بۆ زۆربەمان وەک پێناسەکەی دادوەر (ستیوارت – Stewart)ە بۆ پۆڕنۆگرافی کە گوتی: کاتێک بیبینم، دەیناسمەوە.
– ئایا شتێکی جیاواز یان نائاسایی لە شوێنی کارەکەتدا هەیە؟
سکۆت تورۆ: تەنها ئەوەی کە، وەک چاوەڕوان دەکرێت، یاسای سزادانی ئەمریکا و کۆمەڵە یاسایەکی هاوشێوەی ویلایەتی ئیلینۆی لە نزیکمەوەن.
– جگە لە شتە ئاساییەکان، چی تر لەسەر مێزەکەت دادەنێیت؟
سکۆت تورۆ: دوو یادگاری سۆزداری لەسەر مێزەکەم دەهێڵمەوە بۆ ئەوەی دوو کەسی خۆشەویستم بیر بخەنەوە. مەرەکەبدانێک کە مامی خۆشەویستم (سیمۆر – Seymour) دروستی کردووە، و کووپێکی ڕیشتاشینی باپیرم کە بۆ هەڵگرتنی پێنووس و قەڵەم بەکاری دەهێنم. کاتێک منداڵ بووم، سەیری باپیرمم دەکرد کە چۆن کەف لەو کووپەدا دروست دەکات و بە گوێزانێکی تیژ ڕیشی دەتاشێت. باپیرەیەکی ناوازە بوو، سەیرەکەی لەوەدایە کە هەردوو منداڵەکەی (دایک و باوکم) بەرگەیان نەدەگرت. ئێستا خەریکی نووسینی ڕۆمانێکم بۆ تەمەنی گەنجان کە ئەو ئیلهامبەخشیەتی.
– ئایاچ کاتێک هەستت کرد وەک نووسەرێک گەیشتوویتە ئامانج؟
سکۆت تورۆ: کاتێک وەک هاوکار چوومە سەنتەری نووسینی داهێنەرانە لە ستانفۆرد دوای تەواوکردنی زانکۆی (ئەمێرس – Amherst). دەمویست ببمە (جەیمس جۆیس – James Joyce)ی داهاتوو. بوون بە پڕفرۆشترین هەرگیز ئامانجم نەبووە، بۆیە ساتێکی سەیر بوو کاتێک ڕۆمانی (Presumed Innocent) بڵاوکرایەوە و چووە نێو لیستی پڕفرۆشترینەکانی دونیاوە. لەگەڵ خێزانەکەم لە پشوودا بووم لە (ئۆشکۆش – Oshkosh) و (ویسکۆنسن – Wisconsin). بیرمە گەڕامەوە ناو شوقە کرێیەکەم بۆ هێنانی شتێک کە یەکێک لە منداڵەکان لەبیری کردبوو. لەوێ بە تەنها لەناو شوقە تاریکەکە، کتوپڕ شۆک بووم بەو سەرکەوتنە گەورەیەی کە کتێبەکەم بەدەستی هێنابوو. دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ کە تەنها دەمویست ببمە ڕۆماننووسێکی خاوەن بەرهەمی بڵاوکراوە، زۆر سەیر و قوورس بوو لەەوە تێبگەم کە سەرکەوتنێکم بەدەستهێناوە زۆر گەورەتر لەوەی وێنام دەکرد.
– ڕۆژێکی بەرهەمداری نووسین لای تۆ چۆنە؟
سکۆت تورۆ: ژمارەی لاپەڕە یان وشەم گرنگ نییە، بەڵام دەبێت خۆم بە کورسییەکەوە بلكێنم و هەڵنەستم، کە ئەمە لە سەرەتای پڕۆسەکەدا زۆر قورسە. ئەگەر ڕێگە بدەم سەرنجم پەرت بێت، ئەوا لە خۆم بێهیوا دەبم.
– چیرۆکێکی پێکەنیناویمان بۆ بگێڕەوە لە کۆڕی ناساندنی کتێبەکانتدا تووشت بووبێت؟
سکۆت تورۆ: زۆرن، بەڵام من هەمیشە گەشتم لەگەڵ هێڵی ئاسمانی (United Airlines) پڕ لە کێشە بووە. گەشتی ناساندنی ڕۆمانی (Identical) لە ٦ی تشرینی یەکەم دەستی پێکرد بۆ (پڕۆڤیدێنس – Providence). سەعات ٥:٣٠ی ئێوارە لە ماڵ دەرچووم و سەعات ٤:١٥ی بەیانی گەیشتمە هۆتێلەکە. لەو نێوەندەدا، من و سەرنشینەکانی تر تووشی چەندین سووکایەتی بووینەوە کە لە ژیانی کەسێکدا کە ساڵانە ١٠٠ هەزار مایل دەبڕێت، بێوێنە بوون. لەوانە: بردیانین بۆ سەر فڕگەکە و لەژێر بارانێکی بەخوڕدا ڕایانگرتین، چونکە تیمەکە ڕێگەیان نەدەدا بچینە ناو فڕۆکەکە، تەنانەت پیاوێکی کەمئەندامیشمان لەگەڵ بوو. وابزانم کێشەی تێکچوونی ئامێر و گۆڕینی فڕۆکە و کێشەی کاغەز وکاغەز کاری بوو، بەڵام خراپتر لە هەموویان ئەوە بوو کاتێک گەیشتینە پڕۆڤیدێنس واتە کاتژمێر ٣ی بەیانی. بەر لەوەی لە فڕۆکەکە دابەزین ڕایانگەیاند: تیمی فڕۆکەکە ناتوانن دەرگاکە بکەنەوە! ئاخیری ئەوە بوو لە ڕێگەی دەرچەی فریاکەوتنەوە (emergency hatch) دابەزین. ئەوەش بەشێک لە ژیانی پڕ لە شکۆ و جوانیی نووسەرێکی پڕفرۆش!
– چ ئامۆژگارییەکت بۆ نووسەرێکی تازەدەستپێکردوو هەیە ؟
سکۆت تورۆ: بنووسە. باسی ئەوە مەکە کە چی دەنووسیت، یان وا تێمەگە، تەنها لەبەر ئەوەی لەگەڵ نووسەران دادەنیشیت ئەتر کە دەگەیتە شوێنێک. کۆمپانیای (نایک – Nike) باشترین قسەی کردووە: “تەنها ئەنجامی بدە – Just do it”.
– حەز دەکەیت چی لەسەر کێلی قەبرەکەت بنووسرێت؟
سکۆت تورۆ: ڕێکەوتی کۆتایی، لە ئایندەیەکی زۆر دوور.
– پڕۆژەی ئایندەت چییە؟
سکۆت تورۆ: جگە لە کتێبی گەنجان، دەستم کردووە بە توێژینەوە بۆ ڕۆمانێک کە ڕووداوەکانی لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای (The Hague) ڕوودەدەن.

