رۆژنامەی ھەولێر

تەندروستیی هەرێم دەستی کردەوە بە كوتانی پێکوتەی ئەنفلەوەنزای وەرزی

ماكوان عێزەت – هەولێر

 

هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی سەرما و بەرزبوونەوەی ئەگەری تووشبوون بە پەتا و نەخۆشییەکانی هەناسە، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان بە فەرمی دەستپێكردنی پرۆسەی پێدانی پێكوتەی (ڤاكسین) وەرزیی ئەنفلەوەنزای لە سەرجەم بنكە تەندروستییەكان ڕاگەیاند، بە ئامانجی كەمكردنەوەی مەترسیی ئاڵۆزییە تەندروستییەكان و پاراستنی هاووڵاتییان.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستپێکردنی هەڵمەتەکەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی سەردانیکردنی بنکە تەندروستییەکانەوە ئەم ڤاکسینە وەربگرن.
گرووپە لەپێشینەکان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین
د. بینا شەوقی، بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە وەزارەتی تەندروستی، ڕوونی کردەوە سەرەڕای ئەوەی هەموو کەس ئەگەری تووشبوونی بە پەتاکە هەیە، بەڵام هەندێک توێژ بەهۆی لاوازیی بەرگری یان دۆخی تەندروستییانەوە زیاتر لەژێر مەترسیی تووشبوونی سەختدان. بەپێی ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، پێشنیار دەکرێت ئەم گرووپانە دەستبەجێ ڤاکسینەکە وەربگرن:
• بەساڵاچووان (تەمەن سەروو ٦٥ ساڵان).
• منداڵانی تەمەن ٦ مانگان تا ٥ ساڵان.
• ئافرەتانی دووگیان.
• تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و ئەوانەی سیستەمی بەرگریی لەشیان لاوازە.
• کارمەندانی کەرتی تەندروستی و پزیشکی لە تەواوی دامودەزگاکاندا.
• هەر هاووڵاتییەک کە ئارەزووی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرگریی جەستەی بکات بەرامبەر پەتاکە.

گرنگی، كاریگەری و كاتی بەكارهێنان
ڤاکسینی ئەنفلۆنزا لە ڤایرۆسی ناچالاک دروست کراوە و لەڕێگەی دەرزییەوە لێدەدرێت. بە نزیکەیی دوای ١٤ ڕۆژ لە وەرگرتنی، کاریگەرییەکانی لەسەر بەهێزکردنی بەرگریی لەش دەردەکەوێت. پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە پێویستە ئەم ڤاکسینە ساڵانە نوێ بکرێتەوە، چونکە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا بەردەوام گۆڕانکاری بەسەردا دێت و توانای بەرگریی لەشیش بە تێپەڕینی کات کەم دەبێتەوە.
باشترین کات بۆ وەرگرتنی پێکوتەکە مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمە پێش تەشەنەسەندنی وەرزی پەتاکە، بەڵام لە هەر کاتێکی وەرزی سەرمادا بێت وەرگرتنی سوودی خۆی دەبێت. ئەم پێکوتەیە مێژووی زیاتر لە ٥٠ ساڵ بەکارهێنانی بۆ سەدان ملیۆن کەس هەیە و تۆمارێکی بەرز و سەلمێنراوی سەلامەتیی هەیە.

کاریگەرییە لاوەکییەکان و ڕێگرییەکانی بەکارهێنان
کاریگەرییە لاوەکییەکانی کوتانی ئەنفلۆنزا سووک و کاتین، لە گەورە و منداڵدا بە شێوەیەکی هاوشێوە دەردەکەون و زۆربەیان لە ماوەی یەک بۆ دوو ڕۆژدا نامێنن:
• ئازار، سووربوونەوە، گەرمبوون یان کەمێک ئاوسان لە شوێنی دەرزییەکە (دەتوانرێت ئازارشکێن بۆ هێورکردنەوەی بەکار بهێنرێت).
• سەرئێشە، تەزین و ئازاری ماسولکەکان لە ڕۆژی یەکەمدا.
• هەستکردن بە گێژی یان سەرگێژخواردنی کاتی.
• بەرزبوونەوەیەکی کەمی پلەی گەرمای لەش (نزیکەی ٣٨ پلەی سیلیزی یان کەمتر).
تەندروستیی هەرێم هۆشداری دەدات کە ئەو کەسانەی پێشتر لە کاتی وەرگرتنی ڤاکسینی ئەنفلۆنزادا تووشی کاردانەوەی توندی هەستیاری (حەساسیەت) بوون، نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەم پێکوتەیە وەربگرنەوە.