مستەفا مەحمەد مستەفا – هەولێر
نەخۆشیى دووجەمسەرى : کاتێک میزاج لە لووتکەوە دەگاتە قوڵایی بێهیوابوون.
زۆرجار لە گفتوگۆى ڕۆژانەدا گوێمان لێ دەبێت دەڵێن فڵان کەس ئەمرۆ میزاجى تەواو نییە، بەڵأم ئەوە ئەم ڕاستییە بە تەواوى نیشان نادات کە کەسێکى دووجەمسەرییە.
دووجەمسەرى، نەخۆشییەکى دەروونى درێژخایەنە، کە دەبێتە گۆڕانکارى میزاج، ئەم گۆڕانکاریانە لە نێوان قۆناغى بەرزبوونەوەى مانیا وهایپۆمانیا و قۆناغى نزمبوونەوەى خەمۆکیى ڕوودەدەن، ناوى دووجەمسەرى لە وە هاتووە کە میزاج لە نێوان دوو جەمسەرى پێچەوانەدا دەگۆڕێت، ئەم نەخۆشییە زۆرجار لە تەمەنى هەرزەکارى و بیستەکان و سییەکان دەست پێدەکات و تەمەنێک لەگەڵ کەسەدا دەمێنێتەوە، بەڵام دەکرێت تاکو ئاستێک بە چارەسەرى گونجاو کۆنتڕۆڵ بکرێت، کەسى تووشبوو بەگشتى لە نێوان دوو قۆناغى جەمسەرى سەرەکیدا میزاجى دەگۆڕێت (مانیا و خەمۆکیى)، دەمێک خەمبارە و دەمێک دڵخۆشە، نەخۆشیى دووجەمسەرى، کاریگەرى زۆرى هەیە لە سەر ژیانى مرۆڤ، دەبێتە هۆى گۆڕانکارى توند و نا ئاسایى، بەشێوەیەکى بەرچاو لە بارى دەروونى و هەڵسوکەوت وشێوازى بیرکردنەوە و خەوتن و ئاستى وزە و چاڵاکییەکانى مرۆڤ، ئەم نەخۆشییە لە زانستى پزیشکیدا بە )بایپۆلەردیسئۆردەر( ناسراوە، بە ماناى شلەژانى دەروونى دێت، ئەم گۆڕانکاریە کاریگەرى زۆرى هەیە لەسەرکەیف و وزە و تواناکانى مرۆڤ، لەکاتى کارکردنى ڕۆژانە، بە گۆڕانکارییە توندەکانى میزاج دەناسرێت، کە لە نێوان نەخۆشیى (مانیا وخەمۆکیى) دەگۆڕێت، ئەم گۆرانکاریانە دەتوانن بۆ چەند کاتژمێرێک و چەند ڕۆژێک و هەفتەیەک یان چەند مانگێک بەردەوام بن و تواناى ئەنجامدانى ئەرکەکانى ڕۆژانە نەهێڵن، ئەم نەخۆشییە لە هەرتەمەنێکدا بێت دەردەکەوێت بەڵام لە تەمەنى هەرزەکارى و بیستەکان و سییەکان زیاترسەرهەڵدەدات، بە دەگمەن لە دواى تەمەنى چڵ ساڵیدا دەردەکەوێت، بە گوێرەى ئامارى ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى (WHO) ساڵانە بە ملیۆنان کەس لە جیهاندا تووشى ئەم نەخۆشییە دەبن، بەڵام هەتاکو ئێستا لە زۆر کۆمەڵگادا ئەم نەخۆشییە وەک شلە ژانێکى دەروونى نامۆ سەیردەکرێت، پسپۆرانى دەرووناسى تاکو ئێستا هۆکارى نەخۆشیى دووجەمسەریان بۆدەرنەکەوتووە، بەڵام پێیان وایە یەکێک لە بەهێزترین هۆکارەکان بۆماوەیى بێت، چونکە زۆربەى ئەو کەسانەى کە تووشى ئەم نەخۆشییە بوونە کەسێکى نزیکى پێشووتر تووشبووى ئەم نەخۆشییە بووە، وەک دایک و باوک یان خوشک و برا، لەگەڵ گۆڕانکارى ژینگەیى وەک زەبر و زەنگ وفشارى دەروونى و جیابوونەوە و مردنى کەسێکى نزیک و نەخۆشیی سەخت و کێشەى دارایى.
نەخۆشیى دووجەمسەرى (بایپۆلەر) بە چەند قۆناغى جیاواز تێدەپەرێت.
• قۆناغى مانیا (Mania) دڵخۆشییەکى بێ سنور :- وزەیەکى زیاد لە پێویست و بەهێز و کەم خەوى و بیرکردنەوەى خێرا و هەندێک جار بڕیاردانى هەڵە یان مەترسیدار، کاتێک خەو کەم دەبێت بەڵام وزە زیاد دەکات هەندێک جار نەخۆشەکە هەست دەکات تواناکانى زۆر لە ئاستى ئاسایى زیاترە، کەسێک لە ماوەى قۆناغى مانیادا بێت، دەتوانێت هەست بە وزەى زۆر بکات، کەم بخەوێت و زۆر قسەبکات و بڕیارى خێرا بدات، لە کاتێکى تردا نەخۆشەکە ئەگەرى هەیە تووشى خەمۆکییەکى قووڵ بێت.
• قۆناغى هایپۆمانیا (Hypomania) :- شێوازێکى سووکترى مانیایە و توندی کەمترە لە مانیاى تەواو. • قۆناغى خەمۆکیى (Depression) :- خەمۆکیى قوول و بێزارى لە چاڵاکییەکانى ڕۆژانە، و کەمبوونەوەى وزە و هەندێک جار بیرکردنەوە لە بارەى خۆکوشتنەوە .
جۆرەکانى نەخۆشیى دووجەمسەرى (Bipolar)
پسپۆرانى دەرووناسى نەخۆشیى بایپۆلەر دەکەن بە چەند جۆرێک :
• بایپۆلەر جۆرى یەکەم (Bipolar I) :- ئەوکەسانەى بەلایەنى کەم قۆناغى مانیاى تەواوى هەبووبێت، زۆربەى ئەم کەسانە هەروەها قۆناغى خەمۆکییشیان هەیە، کە زۆرجار لەگەڵ قۆناغى خەمۆکیى دێت (Depression).
• بایپۆلەرجۆرى دوو (Bipolar II) :- قۆناغى هایپۆمانیا لەگەڵ قۆناغى خەمۆکیى توند بەبێ مانیاى تەواو، ئەو کەسانەى کە قۆناغى خەمۆکیى گەورەیان هەبووبێت و بە لایەنى کەم یەک قۆناغى کەمترهایپۆمانیا شیان هەبووبێت، بەڵام هەرگیز قۆناغى تەواوى مانیایان نەبووە، ئەم جۆرە وەک جۆرى یەکەم نیشانەکانى کەمترنییە، بەڵکو جۆرێکى ترە لە نەخۆشییەکە.
• سایکلۆثیمیا (Cyclothymia) خوڵگەیى :- ئەو کەسانەى کە ماوەى دوو ساڵ یان زیاتر قۆناغى هایپۆ مانیا و خەمۆکییان هەیە، بەڵام ئەم نیشانانە لە خەمۆکیى گەورە کەمترە.
• جۆرەکانى تر:- نەخۆشیى دووجەمسەرى ئەوکەسانەى بەهۆى ماددە هۆشبەرەکان و کحول یان نەخۆشییەکى تر
وەکو:- نەخۆشیى کوشێنگ سیندرۆم (Cushing syndrome) و نەخۆشیى کۆئەندامى دەمار
(MS) Multiple Sclerosis دروست دەبێت.
نیشانەکانى جەمسەرى مانیا ( هەوەس)
• دڵخۆشییەکى بێ سنور.
• متمانە بەخۆبوون وهێزو چاڵاکییەکى زۆر.
• بەخێرایى دێن و دەچن و دەرۆن .
• کەم خەوى و زۆرقسەکردن بەخێرایى و دەرپەڕینى پروشکە تف لە دەمى لە کاتى قسەکرندا .
• ئەنجامدانى هەندێک بڕیارى سەرسورهێنەر یاخوت ترسناک بەبێ بیرکردنەوە .
• مێشکى پڕە لە بیرۆکە، پلان لە دواى پلان لە مێشکى دروست دەبێت .
نیشانەکانى جەمسەرى خەمۆکیى ( Depression )
• هەستکردنێکى توند بە دڵتەنگى و ناخۆشییەکى زۆرقووڵ، بێ ئومێدى لە ژیان وەرنەگرتنى چێژ لە کارەکانى ڕۆژانەدا.
• هەستکردن بە ماندوبونێکى زۆر و بەردەوام کەوا ناتوانێت هیچ کارێک ئەنجام بدات .
• تێکچوونى بەرنامەى خەوتن و نەمانى ئارەزووى خواردن و بیرکردنەوە لە هەندێک بیرۆکەى خراپ .
هۆکارەکانى تووشبوون بە نەخۆشیى دووجەمسەرى ( Bipolar )
هۆکارێکى دیاریکراوى نییە، دیارى بکات کە ئەو کەسە چۆن تووشبووە، بەڵام پسپۆرانى دەروون ناسى دەڵێن هۆکارى بۆماوەیى و گۆڕانکارى لە گەیەنەرە دەمارییەکان و کیمیاى مێشک ڕۆڵ دەبینێت لە دروستبوونى نەخۆشییەکە.
• بۆماوەیى (Genetic) : ئەگەر کەسێک لە خێزانەکەى نەخۆشیى بایپۆلەرى هەبووبێت مەترسیى زیاترە بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییە.
• کیمیاى مێشک : نائاسایى لە گەیەنەرە دەمارییەکانى مێشک، نیڕۆترانسمیتەرەکانى وەک ( دۆپامین و سیرۆتۆنین )
• گۆڕانى پێکهاتەى مێشک .
• سترێسى درێژخایەن و کارەساتەکانى ژیان .
• کێشەى خەوتن و ڕیتمى بایلۆجى، وەک تێکچوونى ڕیتمى خەو (Cercadian rhythm)
چارەسەر بە دەرمان
پێدانى دەرمانى چارەسەر لە ڵایەن پزیشکى پسپۆرى تایبەت بە نەخۆشییە دەروونییەکان بۆ ڕێکخەرى میزاج و چارەسەرى بارى دەروونى نەخۆشەکە .
نەخۆشیى دووجەمسەرى بەبێ چارەسەرى پزیشکى چاک نابێتەوە، بۆیە ئەگەرهەر نیشانەیەکى خەمۆکیى یان مانیا یان هەبێت پێویستە سەردانى پزیشکى پسپۆرى تایبەت بە نەخۆشییە دەروونییەکان بکات، بۆ وەرگرتنى چارەسەرى گونجاو و پێویست.
وەرزەکانى ساڵ و کاریگەریان لە سەر نەخۆشیى دووجەمسەرى .
گۆڕانى وەرزەکانى ساڵ کاریگەرى بایلۆجى و دەروونى ڕاستەوخۆ و بەرچاویان هەیە لە سەر کەسانى تووشبوو بە نەخۆشیى دووجەمسەرى، ئەم دیارەدەیە بەندە بە گۆڕانى بڕى تیشکى خۆر و تێکچوونى کاتژمێرى پایلۆجى جەستە (Cercadian)، کە ڕاستەوخۆ دەمارە گەیەنەرەکان وەک سیرۆتۆنین و هۆڕمۆنى میلاتۆنین دەگۆڕێت.
(بەهار و هاوین) خولى مانیا وهایپۆمانیا :- درێژبوونى ڕۆژەکان و زیادبوونى تیشکى خۆر دەبێتە هۆى چاڵاکبوونى سیستەمى دەمار، کە ئەمەش ئەگەرى سەرهەڵدانى خولى مانیا یان هایپۆمانیا بەرزدەکاتەوە، کەتێدا ئاستى وزە بە شێوەیەکى نا ئاسایى بەرزدەبێتەوە و پێویستى جەستە بە خەو کەم دەبێتەوە.
(پایز و زستان)خولى خەمۆکى :- کورتبوونى ڕۆژەکان و کەمبوونەوەى ڕووناکى دەبێتە هۆى دابەزینى وزەى جەستە، کە زۆرجارنەخۆش بەرەو خوولى خەمۆکى و هەستکردن بە ماندویەتى بەردەوام و خەوالووى زۆر دەکات.

