ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
لە سەردەمێکدا کە شێوازی ژیانی دانیشتوو و کەمجووڵە بووەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر تەندروستی، پسپۆڕانی پزیشکی، پیادەڕەوی و پیاسەی رێکوپێک بە یەکێک لە کاریگەرترین و بێخەرجترین چارەسەرەکان دادەنێن. توێژینەوە نوێیەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە تەنیا چەند خولەکێک ڕێکردنی ڕۆژانە نەک تەنیا بەرگریی جەستە بەرامبەر نەخۆشییە درێژخایەنەکان بەهێز دەکات، بەڵکو کاریگەرییەکی بنەڕەتیشی لەسەر ئارامیی دەروونی و کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ هەیە.
سوودە جەستەییەکان:
قەڵغانێک بەرامبەر نەخۆشییە درێژخایەنەکان
پزیشکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەردەوامبوون لەسەر ئەم ڕاهێنانە سادەیە چەندین دەستکەوتی گرنگی بۆ ئەندامەکانی جەستە هەیە:
• کەمکردنەوەی چەوری و دابەزاندنی کێش: کێشی زیادە لە ئەنجامی کۆبوونەوەی چەوریی زیانۆک دروست دەبێت، کە هۆکاری سەرەکییە بۆ نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە، بەرزیی پەستانی خوێن و هەوکردنی جومگەکان. ڕێکردنی ڕۆژانە یارمەتییەکی گەورەی سووتاندنی کالۆری دەدات؛ بە جۆرێک تەنیا چەند هەنگاوێکی کورت نزیکەی ٦٠ کالۆری دەسووتێنێت.
• ڕێکخستنی لێدانی دڵ لە کاتی پشوودا: لێدانی کەمی دڵ لە کاتی پشوودا نیشانەی کارامەیی و تەندروستیی ماسوولکەی دڵە؛ وەرزش وا دەکات دڵ بە کەمترین لێدان، زۆرترین بڕی خوێن بۆ ئەندامەکانی جەستە بنێرێت.
• دابەزاندنی ئاستی کۆڵسترۆڵ: بەرزیی کۆڵسترۆڵ دەبێتە هۆی ڕەقبوون و گیرانی خوێنبەرەکان، بەتایبەت دەمارەکانی دڵ. ڕێکردن دەبێتە ڕێگر لە نیشتنی چەوری و داخرانی یەکجارەکیی لوولەکانی خوێن.
• کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن: پەستانی بەرزی خوێن لە هۆکارە سەرەکییەکانی جەڵتەی مێشک و دڵە. ڕێکردنی بەردەوام هۆکارێکی کاریگەرە بۆ هاوسەنگکردنەوەی فشار بەبێ پەنابردن بۆ دەرمان.
• بەرەنگاربوونەوەی زۆرخۆری: جووڵەی بەردەوام ئارەزووی خۆراکی زیادە لە پێویست ڕێک دەخات و ناهێڵێت وزەی بەکارنەهاتوو وەک چەوری لە لەشدا کۆببێتەوە.
• بەهێزکردنی ئێسکەکان: لەگەڵ چوونە تەمەن، ئێسکەکان توانای هەڵمژینی کالیسیۆمیان کەم دەبێتەوە. لە کاتێکدا نزیکەی 20%ـی خەڵکی بەدەست پووکانەوە و کێشەی ئێسکەوە دەناڵێنن، ڕۆیشتن پەیکەری ئێسک پتەو دەکات و مەترسیی شکان کەمدەکاتەوە.
• تۆکمەکردنی ماسوولکەکان: ڕێکردن ڕیشاڵە ماسوولکەییەکان چالاک دەکات، توانای کێشکردنیان بەرز دەکاتەوە و لە سستی دەیانپارێزێت.
• پاراستنی نەرمی و جووڵەی جومگەکان: کەمجووڵەیی هۆکاری وشکبوون و ڕەقبوونی جومگەکانە؛ ڕۆیشتن نەرمی و توانای جووڵەی ئەندامەکان لە پیریدا دەپارێزێت.
• چالاککردنی کۆئەندامی هەناسەدان: بەکارهێنانی ماسوولکە گەورەکانی وەک قاچ، حەوز و پشت وا دەکات سییەکان ئۆکسجینی زیاتر وەربگرن و دڵ بە کاریگەریی زیاتر سووڕی خوێن بەڕێوەببات.
سوودە دەروونییەکان: ئارامبەخشێکی سروشتی
کاریگەرییەکانی بەپێ ڕۆیشتن تەنیا لە جەستەدا کورت نابنەوە، بەڵکو کاریگەرییەکی خێرایان لەسەر باری دەروونی هەیە:
• دەردانی هۆرمۆنی دڵخۆشی: لە کاتی وەرزشدا جەستە ئەم پێکهاتە کیمیاییە دەردەدات کە هەستی ئارامی دەبەخشێت و ئازار کەمدەکاتەوە.
• ڕزگاربوون لە پەستانی ڕۆژانە: ڕێکردن مێشک لە بیرکردنەوەی نەرێنی و جەنجاڵییەکانی ژیان دادەبڕێت، وەک چارەسەرێکی سروشتی بۆ دڵەڕاوکێ کار دەکات.
• ئاشتبوونەوە لەگەڵ خود: مرۆڤ لە کاتی وەرزشدا بڕوابەخۆبوونی زیاد دەکات و دەگاتە ئاستێکی باشتر لە ئارامیی دەروونی.

