یونس ڕزایی
سەد پەنجەرەت بە دەستەوە
لە هەر کام دا باڵندەیەک شاراوەیە
تا فڕین فێری کاتی ئێوارێ من کا
ئەو سەردەمەی
چەند هەنگاوم ماوە لە گریان تێپەڕم
تۆ هەموو دیوارەکان دەناسی
ناسنامەی سنوورەکانیش دەزانی
لە کوێ هەرەسی تەنیاییت هەست کرد
پەنجەرەیەک دەبەخشییە کات
لە کام شوێن ناوێک کەوتە تەنگابە
ناوی سنوور دەشۆیەوە
بە بارانێک
کە هەمیشە لە جانتات دا ئامادەیە.
سەد رێگات لە سەر نەخشەی هاتۆچۆی
پیاوێکی غەریب داناوە
هەر دەمایەک یادی دایکی
تا دەراوی هەنیسکی برد
هەنگاو بنێتە سەر یەکیان
لانی کەم نزیک بێتەوە
لە مانا ڕوونەکانی چۆم.
تۆ گشت هەرێمەکانت تام کردوون
لە باکوور چێژی بێکەسی و بەفرت لە بیر ماوە
لە باشوور تامی خەمۆکی پەنگوەنێک
کە بڕیاری داوە لە سنووری بادەوە تێپەڕێ
لە رۆژئاوا تاڵیی شەقامە تەنیاکانت لە بیرە
لە رۆژهەڵاتیش چێژی دووری چیا و
بەندیخایەک
کە هێندەی تاقەتی کاتژمێر بەرینە
تامێک لە هەزاران تام لە نیگات دایە
نە چۆم رچەی پێ دەزانێ
نە باڵندە
بۆیە دڵتەنگ
لە لێواری بزەیەکی پایزت دا
کەسیرە بووم
سەد پەنجەرەم بە دیاری دەیە
با گەرم بێتەوە دەنگم
بۆ سروودێک
کە هەموو هەر مەشخەڵانی سبەینێ وڵاتە.

