رۆژنامەی ھەولێر

فشاری خـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــوێن چییە؟

ماکوان عێزەت – هەولێر

فشاری بەرزی خوێن کە لە ناوەندە پزیشکییەکاندا بە «بکوژە بێدەنگەکە» ناسراوە، یەکێکە لە بەربڵاوترین نەخۆشییە درێژخایەنەکانی سەردەم. ئەم نەخۆشییە گەرچی لە سەرەتادا نیشانەی دیاری نییە، بەڵام پشتگوێخستنی ڕێگە بۆ لێکەوتەی مەترسیدار و کوشندە خۆش دەکات. لە بەرامبەردا، دەستنیشانکردنی پێشوەختە و پابەندبوون بە وەرگرتنی دەرمانەکان دەتوانێت ژیانی تووشبوو ئاسایی بکاتەوە و لە هەموو لێکەوتە نەرێنییەکان بیپارێزێت.

مەترسی و لێکەوتە نادیارەکانی فشاری خوێن
پزیشكان ڕوونی دەكەنەوە کە پشتگوێخستن یان خراپ کۆنتڕۆڵکردنی فشاری خوێن دەبێتە هۆی ماکی مەترسیداری وەک:
• گەورەبوون و ئاوسانی ماسوولکەی دڵ.
• نۆرەی دڵ (جەڵتەی دڵ) و جەڵتەی مێشک.
• خوێنبەربوونی کوتوپڕی مێشک.
• سستبوون و لەکارکەوتنی گورچیلەکان.
هەروەها جەخت لەوە دەكەنەوە کە دەستنیشانکردنی لەکاتی خۆیدا و پەیڕەوکردنی ڕێنماییە پزیشکییەکان، وادەکات نەخۆش وەک هەر کەسێکی ئاسایی ژیانێکی تەندروست بەسەرببات.
هەڵەیەکی باو لە کۆمەڵگەدا: وازهێنان لە دەرمان و بەکارهێنانی «لازێکس»
پزیشكان نیگەرانن لەوەی كە بەشێکی زۆری نەخۆشان بەشێوەیەکی ناڕێک دەرمان بەکار دەهێنن ئەمەش بە بڕوای پزیشكان هەندێک نەخۆش هەر کە سەرئێشەکەیان نامێنێت، دەستبەجێ واز لە دەرمانەکانیان دەهێنن. ئەمەش وادەکات شەوانە بە سەرئێشەیەکی توند و فشارێکی زۆر بەرزەوە ڕوو لە بەشی فریاکەوتن بکەن و لەوێ دەرزیی میزپێکەر (لازێکس – Lasix) بەکاربهێنن.»

پزیشكان جەخت دەكەنەوە كە پەنابردن بۆ دەرزیی «لازێکس» بۆ دابەزاندنی خێرای فشار، لە ڕووی زانستییەوە هەڵەیەکی گەورە و مەترسیدارە:
1. پێویستیی دابەزاندنی هێواش: لە ڕووی پزیشکییەوە، پێویستە فشاری خوێن بە شێوەیەکی لەسەرخۆ و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا داببەزێنرێت، نەک بە شێوەیەکی کوتوپڕ.
2. لازێکس چارەسەری پەستانی خوێن نییە: کاری ئەم دەرزییە فڕێدانی بڕێکی زۆری ئاو و خوێیە لە ڕێگەی میزکردنەوە، کە دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی لەش.
3. مەترسیی نۆرەی مێشک و دڵ: لەبەر ئەوەی مێشک لەگەڵ ئاستە بەرزەکەی فشار ڕاهاتووە، دابەزینی لەناکاوی دەکرێت نەخۆش تووشی نۆرەی دڵ یان جەڵتەی مێشک بکات.

پەیامی کۆتایی: بەردەوامی لە دەرمان گرەنتیکەری سەلامەتییە
لە کۆتاییدا، پزیشكان داوا لە گشت فشارخوێندارێک دەكەن كە بەردەوام و لە کاتی دیاریکراودا دەرمانی ڕۆژانەیان بخۆن و چارەسەر نەبەستنەوە بە بوون و نەبوونی سەرئێشە؛ هەروەها خۆیان لە دەرزیی کوتوپڕی دابەزاندنی فشار بەدوور بگرن تا تەندروستییان پارێزراو بێت لە لێکەوتەی مەترسیدار.