رۆژنامەی ھەولێر

پزیشکێکی پسپۆڕ: شەوکوێری نیشانەی کێشەیەکی تەندروستییە نەک نەخۆشییەکی سەربەخۆ

ماکوان عیزەت – هە‌ولێر

 

شەوکوێری حاڵەتێکی تەندروستییە کە تیایدا کەسی تووشبوو لە کاتی کەمبوونەوە یان نەبوونی ڕووناکیدا، بینایی بە تەواوی لەدەست دەدات یان توانای بینینی زۆر كەمدەبێت. هەرچەندە بە شێوەیەکی سروشتی ئاستی بینینی هەموو مرۆڤێک لە تاریکیدا کەمترە بەراورد بە کاتی ڕووناکی، بەڵام پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە دابەزینی لەڕادەبەدەری بینین لە شەودا ئاماژەیە بۆ کێشەیەکی دیکەی تەندروستی چاو.

لەو بارەیەوە، د. کانی عەلی، پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی چاو، جەخت دەکاتەوە کە شەوکوێری لە بنەڕەتدا خۆی لە خۆیدا نەخۆشییەکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو نیشانەیەکە بۆ بوونی نەخۆشی یان تێکچوونێکی دیکەی چاو. ناوبراو ڕوونیشی دەکاتەوە کە ئەم حاڵەتە زۆربەی کات بە هۆی کێشەکانی تۆڕی چاوەوە دروست دەبێت، کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای بینین لە کاتی تاریکیدا یان کاتێک سەرچاوەی ڕووناکی سنووردارە.
هۆکارە سەرەکییەکانی شەوکوێری
د. کانی عەلی هۆکارە سەرەکییەکانی پەیدابوونی ئەم حاڵەتە بۆ چەند فاکتەرێک دەگەڕێنێتەوە، لەوانە:
• ئاوی ڕەش: بەرزبوونەوەی پەستانی ناو چاو کە زیان بە دەماری بینین دەگەیەنێت.
• ئاوی سپی: تەڵخبوونی هاوێنەی چاو کە ڕێگری لە گەیشتنی ڕووناکی پێویست دەکات.
• هەوکردنی خانەڕەنگییەکانی تۆڕی چاو (Retinitis Pigmentosa): تێکچوونێکی بۆماوەییە و کار دەکاتە سەر تۆڕی چاو.
• نەخۆشیی تۆڕی چاو بەهۆی شەکرەوە: کاریگەرییە نەرێنییەکانی نەخۆشیی شەکرە لەسەر دەمار و بۆرییە خوێنەکانی چاو.
• کەمیی ڤیتامین A: ئەم ڤیتامینە یەکێکە لە توخمە سەرەکییەکان بۆ خۆراکدان و پاراستنی خانەکانی تۆڕی چاو و بەهێزکردنی بینایی لە تاریکیدا.
• تێکچوونی دووربینی: کێشەکانی شکاندنەوەی ڕووناکی لە چاودا.
شێوازەکانی چارەسەر
سەبارەت بە شێوازی دەستنیشانکردن و چارەسەر، ئەو پزیشکە پسپۆڕە ئاماژە بەوە دەکات کە چارەسەرەکان بەپێی هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی حاڵەتەکە دەگۆڕێن، گرنگترین ڕێکارەکانیش بریتین لە:
• قەرەبووکردنەوە و وەرگرتنی پێداویستیی لەشی لە ڤیتامین A.
• پشکنینی دووبارەی چاو و گۆڕینی چاویلکەی پزیشکی بە نمرەی گونجاو.
• بەکارهێنانی دەرمانی تایبەت بە کەمکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی پەستانی چاو.
• ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ لادانی ئاوی سپی چاو.