رۆژنامەی ھەولێر

هۆکاری دوورخرانەوەی بەشێک لە ئەستێرە کوردەکان لە هەڵبژاردەی عێراق ئاشکرا دەبێت

ئەسعەد ئیسماعیل – هە‌ولێر

 

لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ جامی کەنداوی 2026 کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی بەهۆی دوورخرانەوەی دوو ئەستێرە کوردستانییەکەی ئەورووپا مارکۆ فەرەخ و ئەیمار شیر لەگەڵ بانگهێشتــنــەکردنی ئاکۆ عوزێر و هیران ئازاد.

لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ جامی کەنداوی 2026 راگەیاندرا و حەوت یاریزانی یانە کوردستانییەکان بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کران.
هەفتەی رابردوو لە بەغدا گراهام ئارنۆڵد راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی بۆ بەشداریکردن لە جامی کەنداوی 2026 راگەیاند، بۆ یەکەمجار محەمەد دلاوەر کاپتنە کوردەکەی یانەی نەورۆز بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کرا.
چوار یاریزانی کوردستانی ئاکام هاشم، مێرخاس دۆسکی، محەمەد دلاوەر و یوسف ئیمام بانگێشتی هەڵبژاردەی عێراق کران.
یانەکانی زاخۆ، شورتە و تەڵەبە زۆرترین یاریزانیان بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کراون، هەر یانەیەکیان 3 یاریزانی بانگهێشت کراوە.
لە یانەی زاخۆ ئاکام هاشم، عەلی جاسم و مستەفا سەعدون بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کران
ئیبراهیم بایش و حوسێن حەسەن لە یانەی هەولێر بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کران.
لە یانەی تەڵەبە کەرار نەبیل، زەید ئیسماعێل و سەیف رەشید بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کران. لە لایەکی دیکەشەوە لە یانەی شورتە بانگهێشتی ئەحمەد یەحیا، مەیسەم جەبار و بەسام شاکر کراوە.
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری ئوسترالی هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا رایگەیاند لە دوا خولەکەکان بڕیارمدا محەمەد دلاوەر لە شوێنی حوسێن عەلی بانگهێشت بکەم.
لەنێو هۆڵی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە زۆرترین پرسیار لەبارەی دوورخرانەوەی مارکۆ فەرەج و ئەیمار شێر کرا. لەمبارەیەوە، گراهام ئارنۆڵد گوتی: زۆر لە ئاستی ئەیمار شێر و مارکۆ فەرەج رازیم، من دەزانم ئاستی ئەو دوو یاریزانە چۆنە، بەڵام پێویستە لە پاڵەوانێتییەکی وەکو جامی کەنداو یاریزانی نوێ تاقی بکەمەوە و دەرفەت بە یاریزانی دیکە بدرێت.
گراهام ئارنۆڵد گوتیشی: بانگهێشتکردنی یاریزانەکان لەسەر بنەمای ئاستیان بووە لەگەڵ یانەکانییان. یاریزانێکی وەکو مونتەزر ماجدیش ئەو مافەی نییە هەر کاتێک بیەوێت بە ئارەزووی خۆی یاریی بۆ عێراق بکات، من یاریزانێکم دەوێت نرخ و گرینگی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بخاتە پێش یانەکەی، بۆیە مونتزر ماجید ئەگەر بیەوێت یاریی بۆ هەڵبژاردەی عێراق بکات دەبێت خۆی یەکلایی بکاتەوە.
ئارنۆڵد لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا لەبارەی جامی کەنداو ئاماژەی بۆ ئەوەی کرد لای ئەو هیچ پاڵەوانێتی دۆستانە بوونی نییە لە هەر پاڵەوانێتییەک بۆ بردنەوەی نازناوەکانە دەجەنگن.
لەمبارەیەوە راهێنەرە ئوسترالییەکە دەڵێت: من یاریزانەکانم هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی نازناوی جامی کەنداو ببەینەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە، میدیایەکانی عێراق لە سۆشیاڵمیدیا رەخنەیەکی زۆریان گرت بەهۆی بـانگهێشتنــەکردنی ناوەراستکاری کوردی یانەی هەولێر ئاکۆ عوزێر و هێرشبەری یانەی زەورا هیران ئازاد کە ئەم وەرزە ئەو دوو ئەستێرە کوردە ئاستێکی بەرزیان لەگەڵ یانەکانیان پێشکەش کردووە.
لە لایەکی دیکەشەوە، رازی شنێشل راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی عێراق رایگەیاند محەمەد دلاوەر دەمێکە شایستەی ئەوە بوو بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بکرێتم دەشڵێت: محەمەد دلاوەر لە سێ ساڵی رابردوو یەکێک بووە لە باشترین یاریزانەکانی عێراق.
لە لایەکی دیکەشەوە، عەلی وەهیب کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق رایگەیاند زوڵمە یاریزانێکی وەکو ئاکۆ عوزێر کاپتنی یانەی هەولێر بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق نەکرێت لە کاتێکدا لە پێگەی خۆی باشترین یاریزانی عێراقە.
جامی کەنداوی عەرەبی بە بەشداریی هەشت هەڵبژاردە بەڕێوەدەچێت کە دابەش کراون بەسەر دوو کۆمەڵە. هەڵبژاردەی عێراق لە جامی کەنداو کەوتووەتە کۆمەڵەی یەکەم هاوشانی هەڵبژاردەکانی سعوودیە، عومان و کوێت یاری دەکات. کۆمەڵەی دووەمیش پێکهاتووە لە هەڵبژاردەکانی ئیمارات، قەتەر، بەحرێن و یەمەن.
هەڵبژاردەی عێراق رۆژی 23ـی ئەم مانگە رووبەڕووی عومان دەبێتەوە. رۆژی 26ـی ئەم مانگە بەرامبەر کوێت یاری دەکات، لە دوایین یاریی قۆناخی کۆمەڵەکان شێرەکانی رافیدەین لە رۆژی 29ـی ئەم مانگە رووبەڕووی سعوودیە دەبێتەوە.