رۆژنامەی ھەولێر

گونجاوترین تەمەن بۆ منداڵبوون چ کاتێکە؟

ئەژین عەبدوڵڵا – هە‌ولێر

 

گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانی هاوچەرخ و بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی، بووەتە هۆی ئەوەی نەوەی ئێستا بەراورد بە نەوەکانی پێشوو درەنگتر بڕیاری پێکهێنانی خێزان و منداڵبوون بدەن. هاوکات لەم نێوەندەدا جیاوازیی هۆشیاری لەنێوان ژنان و پیاواندا بەدی دەکرێت؛ بەشێوەیەک پیاوان بەراورد بە ژنان کەمتر لە مەترسیی درەنگکەوتن یان دروستنەبوونی منداڵ نیگەرانن.

تەمەن و کاریگەریی لەسەر پیتی زاوزێ
کاتێک ژن و مێرد بڕیاری وەچەخستنەوە دەدەن، پێویستە تەمەنی هەردووکیان لەبەرچاو بگیرێت، چونکە توانای زاوزێ بەپێی قۆناغەکانی تەمەن گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.
لەوبارەیەوە، دکتۆرە ڤیان سەعدی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و لەدایکبوون، ڕوونی دەکاتەوە: «هەرچەندە تا ئێستا تەمەنێکی دیاریکراو وەک تاکە کاتی منداڵبوون نەچەسپێندراوە، بەڵام زۆربەی توێژینەوە زانستییەکان دەریدەخەن کە تەمەنی ۲۰ بۆ ۳٥ ساڵان گونجاوترین قۆناغە، چونکە لەم تەمەنەدا جەستە و باری دەروونیی ژنان لەوپەڕی ئامادەییدایە بۆ دووگیانی.»
دکتۆرە ڤیان ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم بابەتە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە بایۆلۆجیای جەستەوە هەیە، بەتایبەت لە سەروو تەمەنی ٣٥ بۆ ٣٧ ساڵانەوە توانای پیتاندنی هێلکە بە ڕێژەی نزیکەی سەدا ٥٠ کەم دەبێتەوە.
هۆکارەکانی زیادبوونی نەزۆکی؛ هۆشداری لە وردەکیسی هێلکەدان
لە لایەکی ترەوە، دکتۆرە شنە بەگزادە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ئافرەتان و منداڵبوون، باس لە دیاردەی زیادبوونی نەزۆکی لە کۆمەڵگەدا دەکات و دەڵێت: «بەداخەوە لە ئێستادا هەست بە بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی نەزۆکی دەکرێت. هۆکاری سەرەکیی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پیسبوونی ژینگە، شێوازی ناتەندروستی خۆراک و کەمبوونەوەی جووڵە، کە ئەمانەش هۆکارن بۆ زیادبوونی کێش و قەڵەوی لەنێو ژناندا.»
ئەو پسپۆڕە جەخت لە مەترسیی وردەکیسی هێلکەدان (PCOS) دەکاتەوە و ئاشکرای دەکات: «تێکچوونی شێوازی ژیان و قەڵەوی بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی وردەکیسی سەر هێلکەدان، کە بە هۆکاری نزیکەی سەدا ٤٠ـی حاڵەتەکانی نەزۆکی لەنێو خانماندا دادەنرێت.»
ڕێنمایی بۆ هاوسەران
دکتۆرە شنە بەگزادە لە کۆتاییدا ڕێنمایی دەداتە هاوسەران و دەڵێت: «لە کاتی درەنگکەوتنی منداڵبوون یان دروستبوونی هەر گومانێک، پێویستە ژن و مێرد پێکەوە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن و پشکنینی پێویست ئەنجام بدەن، نەک تەنها لایەنێکیان، چونکە پرۆسەی منداڵبوون پەیوەستە بە هەردوولا و زوو دەستنیشانکردنی کێشەکەش چارەسەری ئاسانتر دەکات.»