ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
هەستكردنی كتوپڕ بە هەناسەتەنگی و دڵەكوتێ لە باوترین ئەو حاڵەتە تەندروستیانەن كە ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە. ئەم گرفتە زۆرجار لە كاتی نوستندا سەر هەڵدەدات و دەبێتە هۆی خەوزڕان و بێداری، لە هەندێك دۆخیشدا دەكرێت مەترسیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ژیانی مرۆڤ دروست بكات.
پەیوەندیی نێوان هەناسەتەنگی و دڵەكوتێ زۆر پتەوە؛ كاتێك بەهۆی تەنگەنەفەسی یان گیرانی ڕێڕەوەكانی هەواوە لەش بێبەش دەبێت لە ئۆكسجینی پێویست، دڵ ناچار دەبێت زیاتر كار بكات و بە خێرایی و نائاسایی لێ بدات تا خوێن و ئۆكسجین بە هەموو بەشەكانی جەستە بگەیەنێت، بەوەش دڵەكوتێ دروست دەبێت.
هۆكارەكانی هەناسەتەنگی
كۆئەندامی هەناسە و سووڕی خوێن پێكەوە كار دەكەن بۆ گەیاندنی ئۆكسجین و دەركردنی دووانئۆكسیدی كاربۆن. هەڵچوون و داچوونی ئاستی ئەم گازانە و بڕی هیمۆگلۆبین لە خوێندا ڕۆڵی سەرەكی لە ڕێكخستنی هەناسەدان دەبینن. لە دیارترین هۆكارەكانی هەناسەتەنگی:
• نەخۆشیی ڕەبوو و تەنگەنەفەسی.
• داخرانی بۆڕییەكانی هەوا لە قورگ یان سییەكاندا.
• كاردانەوەی توندی هەستیاری (ئەلێرجی).
• ژەهراویبوون بە گازی یەكانئۆكسیدی كاربۆن.
• نۆرەی دڵ و ئاوسانی ماسوولكەكانی دڵ.
• دابەزینی لەناكاوی پەستانی خوێن.
• هەوكردنی توندی سییەكان.
• كەمخوێنی و دابەزینی ژمارەی خڕۆكە سوورەكان.
• مەیینی خوێن یان جەڵتەی سییەكان (Pulmonary Embolism).
دڵەكوتێ چییە و هۆكارەكانی چین؟
دڵەكوتێ بریتییە لە هەستكردن بە لێدانی ناڕێك، زۆر خێرا (زیاتر لە ١٠٠ لێدان لە خولەكێكدا) یان نائاسایی لە دڵدا. هەرچەندە زۆرجار پەیوەستە بە دڵەڕاوكێ و سترێس، بەڵام چەندین هۆكاری تریشی هەیە:
• سترێس، دڵەڕاوكێ و ئەنجامدانی ڕاهێنانی وەرزشیی زۆر توند.
• كاریگەریی لاوەكیی هەندێك دەرمان، وەك دەرمانی بەرزیی پەستانی خوێن.
• ناڕێكیی كارەبای دڵ (Arrhythmia) و نەخۆشییەكانی دڵ.
• چالاكبوونی لەڕادەبەدەری ڕژێنی دەرەقی (تایرۆید).
• جگەرەكێشانی زۆر، خواردنەوەی كحوول و بەكارهێنانی زۆری مادەی كافایین (چا، قاوە و وزەبەخشەكان).
• بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش (تا) و كەمخوێنی.
ڕێگاكانی دەستنیشانكردن و چارەسەر
هەرچەندە ئەم حاڵەتانە لەوانەیە سەرەتا وەك نۆرەیەكی سووك دەست پێبكەن و بەهۆی ماندووبوونێكی كاتییەوە بن، بەڵام بەردەوامبوون و دووبارەبوونەوەیان ئاماژەیە بۆ گرفتێكی تەندروستیی قووڵتر.
بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی، پێویستە هۆكاری سەرەكیی حاڵەتەكە لە ڕێگەی پشكنینی پزیشكی و هێڵكاریی دڵ و پشكنینی سییەكانەوە دەستنیشان بكرێت. نابێت نیشانەكان فەرامۆش بكرێن، بەتایبەت كاتێك لە كاتی پشووداندا دووبارە دەبنەوە، تا ڕێگری لە هەر ئاڵۆزكارییەكی مەترسیدار بكرێت كە هەڕەشە لە ژیانی مرۆڤ بكات.

