ماكوان عێزەت – هەولێر
ئاوی سپی یەكێكە لە نەخۆشییە باوەكانی چاو كە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر كواڵیتیی بینین دادەنێت. فەرامۆشكردنی نیشانە سەرەتاییەكانی ئەم گرفتە ڕەنگە نەخۆش بەرەو زیانی قەرەبوونەكراوە ببات، تا دەگاتە لەدەستدانی تەواوەتیی بینین و مردنی دەماری چاو.
ئاوی سپی چۆن دروست دەبێت؟
د. ئەحمەد خەتاب، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی چاو ڕوونی دەكاتەوە كە هاوێنەی چاو دەكەوێتە پشت بیلبیلەوە و بە پەردەیەكی تەنكی ڕوون داپۆشراوە. ئەم هاوێنەیە لە پرۆتین و ئاو پێكدێت كە بە تەواوی ڕوون و شەفافن؛ بەڵام بەركەوتنی زەبر، كونبوون یان شەكانی ئەو پەردەیە وا دەكات پرۆتینەكان لەگەڵ شلەی چاودا كارلێك بكەن، لە ئەنجامدا ڕەنگی هاوێنەكە دەگۆڕێت بۆ سپی و تارمایی لەسەر چاو دروست دەكات، كە لە ڕووی پزیشكییەوە بە “كاتاراكت” دەناسرێت.
هۆكارە سەرەكییەكان
دروستبوونی ئاوی سپی پەیوەستە بە چەندین هۆكاری جیاوازەوە:
• بەتەمەنداچوون: باوترین هۆكارە كە بەهۆی گۆڕانی سروشتیی پێكهاتەی هاوێنەكە لەگەڵ هەڵكشانی تەمەندا ڕوودەدات.
• گرفتی زكماكی: بەهۆی هەوكردنی میكرۆبی لە كاتی دووگیانیدا، بەكارهێنانی دەرمان بەبێ ڕاوێژی پزیشك، یان هۆكاری بۆماوەیی.
• نەخۆشییە درێژخایەن و تایبەتەكان: نەخۆشیی شەكرە، بەكارهێنانی دەرمانی كۆرتۆن (كۆرتیزۆن)، هەوكردنی كۆپانەی چاو (قەزەحییە) و بەرزبوونەوەی پەستانی ناو چاو (ئاوی شین).
• زەبر و پێكان: بەركەوتنی توند بە چاو یان برینداربوونی کۆرنیا كە دەبێتە هۆی دزەكردنی شلە بۆ ناو هاوێنە.
• هۆكارە ژینگەیی و ڕەفتارییەكان: جگەرەكێشانی زۆر و بەرکەوتنی بەردەوام بە تیشكی سەرووی بنەوشەیی.
نیشانە هۆشیاركەرەوەكان بەپێی هاوپەیمانیی ئەڵمانی
بەگوێرەی ڕاپۆرتی هاوپەیمانیی ئەڵمانیا بۆ پزیشكانی چاو، نیشانەكان بەم شێوەیە دەردەكەون:
• لێڵبینی: نەخۆش وا هەست دەكات لەناو تەمومژدا سەیری دەوروبەر دەكات.
• هەستیاریی زۆر بە ڕووناكی: درەوشانەوەی بێزاركەری گڵۆپ و تیشكی خۆر.
• شێوانی بینینی ڕەنگەكان: ئاڵبوونی ڕەنگەكان و نەمانی سنووری جیاكەرەوەی نێوانیان.
• زوو ماندووبوونی چاو: لە كاتی خوێندنەوە یان سەیركردنی شاشەكاندا.
چارەسەری پزیشكی
ئاوی سپی لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەوە چارەسەر دەكرێت، كە پڕۆسەیەكی سەركەوتوو و باوە؛ نەشتەرگەرییەكە بە شەپۆلی دەنگی یان لێزەر ئەنجام دەدرێت:
• بە شەپۆلی دەنگی: لە ڕێگەی كونی زۆر بچووكەوە هاوێنە تاریكبووەكە ورد دەكرێت و دەمژرێت، پاشان هاوێنەیەكی دەستكردی نوێ لە شوێنی دادەنرێت.
• بە تەكنەلۆجیای لێزەر: بە هەمان شێوازی هاوشێوە و بە وردكارییەكی ئەلیكترۆنیی بەرز، هاوێنە زیانپێگەیشتووەكە لا دەبرێت و هاوێنەی نوێ دەچێنرێت.
پزیشكان جەخت دەكەنەوە لەوەی لە كاتی دەركەوتنی نیشانەكانی لێڵبینیدا، پێویستە دەستبەجێ سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكرێت؛ چونكە گەیشتنی نەخۆشییەكە بە قۆناغی زۆر پێشكەوتوو، چارەسەركردنی سەختتر دەكات و مەترسیی لەدەستدانی یەكجارەكیی بینایی لێ دەكەوێتەوە.

