چواس خالید – هەولێر
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ڕۆنانی شەقامی بۆ شەش گوند لە سنووری قەزای شێخان دەست پێکردووە، مەودای ڕێگەکە کە حەڤدە کیلۆمەترە، بە گوژمەی چوار ملیار دیناری عێراقی و بە کوالێتی بەرز و شێوازی سەردەمیانە جێبەجێ دەکرێت.
لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئاودانکردنەوەی گوندەکانی ھەرێمی کوردستان و بە ھۆیانەوە بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ، لە ھەوڵێکی نوێدا، پڕۆژەی خزمەتگوزاریی جێبەجێکردنی دروستکردنی ڕێگا و قیرتاوکردنی شەقام بۆ شەش گوندی سنووری قەزای شێخان دروست دەکرێت.
پڕۆژەی ڕۆنانی ڕێگەوبان بۆ گوندەکانی شێخان، مەوداکەی حەڤدە کیلۆمەترە و لە پردی پیربوبەوە تا دووڕیانی خنس کۆتایی دێت، کە بە گوژمەی چوار ملیار دیناری عێراقی بە کوالێتی بەرز جێبەجێ دەکرێت.
واتا پڕۆژە خزمەتگوزارییەکە لەسەر ڕێگەی سەرەکی ھەولێر – دھۆک و گوندی پیربوب دەست پێدەکات تا دووڕیانی گوندی خەنس لە ناحیەی قەسرۆک درێژ دەبێتەوە و لەسەر بودجەی تایبەتی پارێزگای دھۆک جێبەجێ دەکرێت.
پڕۆژەکە گوندەکانی باڤیان و سێلکا و شیڤکا و باڕەشێ و زیناڤا و پیربوب دەگرێتەوە و لێی سودمەند دەبن و ئەو ڕێگە کۆنەی ڕابردووی خۆڵ، بۆیان دەبێتە ڕابردوویەک و بۆ لەمەودوا مەودای ڕێگەکەیان کەمتر و سەلامەتتر دەبێت.
ئێستا ڕشتانە کار لە ڕۆنانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ڕۆنانی شەقام لە ناوچەی شێخان دەکرێت و کارەکانی گەیشتونەتە قۆناغی کۆتایی و قیرتاوکردن، کە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە لە گوندی سێلکا بۆ دووڕیانی خنس بە درێژایی سێ کیلۆمەتر و شەش سەد مەتر کۆتایی ھاتووە و لەم نزیکانەدا دەخرێتە خزمەت ھاووڵاتیانەوە.
پڕۆژەی ڕۆنانی شەقام لە سنووری قەزای شێخان، بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی چاککرنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی دھۆک و کۆمپانیای جێبەجێکارینوور مچولی جێبەجێ دەکرێت، کە کاریگەری ئەرێنی دەبێت بۆ دانیشتوانی گوند و سنووری شێخان.
پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ڕۆنانی شەقام لە ناوچەی شێخان، نموونەیەکی بێدەنگی ئاوەدانییە، کە تەنیا بەرد و قیر ڕاناخات، بەڵکو ژیانێکی ئارامتر و سەلامەتتر دەبەخشێتە دانیشتوانی ئەم گوندانە و ئەم ھەنگاوە نەخشەی ھاتوچۆی ناوچەکە دەگۆڕێت و بۆشایی نێوان گوند و شارەکان کەمتر دەکاتەوە، تا ڕێگەی گەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان ئاسانتر و ڕوناکتر بێت بۆ ئایندەی شایستەی جەڵکی ناوچەکە.
قەزای شێخان لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای دھۆکە و سەرباری نەناردنی بەشە بودجەکەی لەلایەن بەغدادی فیدڕاڵەوە بە بیانووی بێبنەما، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان دەستی ئاوەدانی بۆ پارێزگای دھۆک درێژکردووە و لە ماوەی ڕابردوودا بە سەدان پڕۆژەی خزمەتگوزاریی پێشکەش بەو پارێزگایە کردووە، کە بەپێی ئاماری بەردەست ڕۆژنامەی ھەولێر، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٤ دا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە گوژمەی چوار سەد و دوو ملیار و دوو سەد و پێنج ملیۆن دیناری عێراقی، دوو سەد و حەفتا پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێویست لەناو شاری دھۆک و قەزا و ناحییەکانی سەربە پارێزگای دھۆک جێبەجێیکردووە و بەکوالێتی بەرزەوە خراونەتە خزمەت دانیشتوانی ناوچەکەوە.

