رۆژنامەی ھەولێر

هۆکار، جۆرەکان و مەترسییەکانی گیرانی ڕیخۆڵە لە ڕوانگەی پزیشکی پسپۆڕەوە

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

 

فتق (Hernia) یەکێکە لە نەخۆشییە بڵاوەکانی لەشی مرۆڤ کە بە ڕێژەی جیاواز تووشی هەردوو ڕەگەز دەبێت؛ بەپێی ئامارە پزیشکییەکان نزیکەی ٢٧٪ـی پیاوان و ٣٪ـی ژنان لە قۆناغێکی تەمەنیاندا دووچاری فتقی بن ‌ڕان دەبن، هاوکات دوای نەشتەرگەرییەکانی ناو سکیش، بەهۆی تێکچوونی پێکهاتەی شوێنی برینەکە، لە ٢٪ بۆ ١٠٪ـی نەخۆشەکان تووشی فتقی نەشتەرگەری دەبن.

دکتۆر فەرمان عوسمان بەرزنجی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی ڕوونی دەکاتەوە: فتق بریتییە لە دەرپەڕینی بەشێک لە ڕیخۆڵە، پەردەچەوری، یاخود چەورییە ئاساییەکەی سک بۆ دەرەوەی دیواری سک. ئەم حاڵەتە کاتێک پەیدا دەبێت کە ڕێڕەوە سروشتییەکانی لەش دەرگاکانیان فراوان دەبێت و وەک پێویست داناخرێن، یاخود دیواری سک لاواز دەبێت و، دەبێتە هۆی دەرپەڕینی ئۆرگانەکانی ژوورەوە.

نیشانە باوەکانی فتق
زۆربەی کات فتق بە شێوەی هەڵئاوسان و گرێیەک لە بن ‌ڕان، دەوروبەری ناوک، یان لە شوێنی برینی کۆنی نەشتەرگەریدا دەردەکەوێت:
• زیادبوون لە کاتی جووڵە: قەبارەی هەڵئاوسانەکە لە کاتی وەستان، ڕۆیشتن، وەرزش و کاری سەختدا زیاتر دەبێت، بەڵام لە کاتی پشوودان و ڕاکشاندا کەم دەکات یاخود نامێنێت.
• جووڵەی فتق: لە هەندێک حاڵەتدا فتقەکە بە دەست دەخرێتەوە ناو سک، بەڵام لە هەندێکی تردا ناچێتەوە شوێنی خۆی.
• ئازار: لە شوێنی فتقەکە هەست بە ئازارێکی سووک دەکرێت، کە لە کاتی کۆکە، هەڵبڕینی قورسایی یان لە کاتی سەرئاوکردندا ئازارەکە زیاد دەکات.

مەترسییە سەرەکییەکان؛ لە گیرانی ڕیخۆڵەوە تا گانگرین
گەورەترین مەترسیی فتق کاتێک دروست دەبێت کە بەشە دەرپەڕیوەکە لەناو دەرچەکەدا گیر دەخوات و ناگەڕێتەوە ناو سک. ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی گیرانی ڕیخۆڵە کە دۆخێکی کوتوپڕ و مەترسیدارە و نەخۆش تووشی سکئێشەی توند، ئاوسانی سک، ڕشانەوە، قەبزی، کەمبوونەوەی ئاو و کانزاکانی لەش و تەنگەنەفەسی دەکات.
پسپۆڕان هۆشداری دەدەن ئەگەر لەم دۆخەدا بە زوویی نەشتەرگەری ئەنجام نەدرێت، هاتوچۆی خوێن بۆ بەشە دەرپەڕیوەکە دەوەستێت و تووشی کەمخوێنی و لاڕەشە (Strangulation & Gangrene) دەبێت، کە مەترسیی ڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی نەخۆش دروست دەکات.

هۆکارەکانی دروستبوونی فتق
بە شێوەیەکی گشتی دروستبوونی فتق بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە:
1. لاوازبوونی دیواری سک و فراوانبوونی ڕێڕەوە سروشتییەکان: ئەمەش یان بە شێوەی زکماکییە، یاخود بەهۆی نەخۆشی، قەڵەوی، پیربوون و نەشتەرگەریی پێشووەوە دروست دەبێت.
2. بەرزبوونەوەی فشاری ناو سک: فشارەکە پاڵ بە ئۆرگانەکانەوە دەنێت بۆ دەرەوە، کە بەهۆی کۆکەی درێژخایەن، قەبزیی بەردەوام، گیرانی میز، یاخود هەڵبڕینی قورسایی و کاری سەختەوە دروست دەبێت.

جۆرە سەرەکییەکانی فتق
• فتقی بن‌ ڕان: بڵاوترین جۆری فتقە و جۆرەکانی وەک (Inguinal) و (Femoral) دەگرێتەوە، کە زیاتر لە پیاواندا باوە.
• فتقی ناوک (Umbilical Hernia): زیاتر لە منداڵان و تازەلەدایکبوواندا بەدی دەکرێت بەهۆی دانەخرانی تەواوەتیی شوێنی ناوک.
• فتقی دەوروبەری ناوک (Paraumbilical Hernia): ئەم جۆرە بە زۆری لە ژناندا دروست دەبێت.
• فتقی نەشتەرگەری (Incisional Hernia): لە شوێنی برینی نەشتەرگەرییەکانی پێشوو دروست دەبێت و لە ژناندا ڕێژەکەی زیاترە.
• فتقی ناوسنگ (Hiatal / Diaphragmatic Hernia): دۆخێکە کە تێیدا بەشێک لە ئۆرگانەکانی ناو سک دەخزێنە ناو بۆشایی سنگەوە و دەبێتە هۆی تەنگەنەفەسی و کێشەی تر.