رۆژنامەی ھەولێر

د. دلێر غازی: پێویستە گەنجان بەر لە دەستپێکردنی هەر وەرزشێک سەردانی پزیشک بکەن

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

 

جەڵتەی دڵ یەکێکە لە کێشە مەترسیدارەکانی سەر تەندروستی کە چیتر تەنیا بەساڵاچووان ناگرێتەوە، بەڵکو ڕوو لە زیادبوونە لەنێو گەنجانیشدا. لەم بارەیەوە، د. دلێر غازی عەبدولڕەحمان، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی دڵ و بۆرییەکانی خوێن، ئامۆژگاری و ڕێنمایی گرنگ لەسەر فاكتەرەکانی مەترسی، هۆکارەکانی زیادبوونی نەخۆشییەکە لەنێو گەنجان و ڕێگەکانی خۆپارێزی دەخاتە ڕوو.

د. دلێر غازی ڕوونی کردەوە: “دڵ ماسوولکەیەکە بەردەوام کار دەکات و پێویستی بە خوێنە، ئەو خوێنەش لە ڕێگەی چەند دەمارێکەوە دەگاتە ماسولکەی دڵ. گیرانی یەکێک یان زیاتر لەم دەمارانە دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ.”
لەبارەی ئەو کەسانەی زیاتر تووشی جەڵتەی دڵ دەبن، پزیشکەکە ئاماژەی بە دوو جۆر فاکتەر کرد:
١. فاکتەرە دەستکارینەکراوەکان (کە ناتوانرێت بگۆڕدرێن)
• تەمەن: بە هەڵکشانی تەمەن، مەترسیی تووشبوون زیاتر دەبێت.
• ڕەگەز: بەپێی ئامارەکان، ئافرەتان زیاتر تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن.
• بۆماوەیی: مێژووی خێزانی لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.
٢. فاکتەرە دەستکاریکراوەکان (کە دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێن)
• کێشی زیادە: کەسێک کە قەڵەو بێت دەتوانێت کێشی دابەزێنێت.
• فشاری خوێن: دەتوانرێت لە ڕێگەی دەرمان و پارێزەوە کۆنترۆڵ بکرێت.
• جگەرەکێشان: وازهێنان لە جگەرەکێشان مەترسییەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.
پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی دڵ هۆکاری زیادبوونی ئەم حاڵەتەی لەنێو گەنجاندا بۆ دوو خاڵی سەرەکی گەڕاندەوە:
1. پێشکەوتنی ئامێرە پزیشکییەکان: لە ئێستادا ئامێری وەک قەستەرە و تیشکی تەنووری (CT Scan) بەردەستن کە جاران نەبوون؛ ئەمەش وا دەکات کێشە و گرفتەکانی دەماری دڵ زووتر دەستنیشان بکرێن.
2. گۆڕانی شێوازی ژیان: جاران خەڵک چالاکتر بوون و زۆر بەپێ دەڕۆیشتن. بەڵام ئێستا شێوازی ژیان گۆڕاوە؛ جوڵە و چالاکی کەمی کردووە، قەڵەوی زیادی کردووە و، ئارەزووی خواردنی ناتەندروست بەرزبووەتەوە.
چەند ڕێنماییەکی گرنگ بۆ گەنجان و وەرزشوانان
د. دلێر غازی هۆشداریی تایبەت دەداتە ئەو گەنجانەی ڕوو لە هۆڵەکانی لەشجوانی دەکەن و دەڵێت:
“ئامۆژگاریی ئەو گەنجانە دەکەین کە بەشداری لە هۆڵەکانی لەشجوانیدا دەکەن، بەر لە دەستپێکردنی هەر جۆرە وەرزشێک، سەرەتا سەردانی پزیشک بکن بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستییان.”
ڕێگەکانی خۆپارێزی لە جەڵتەی دڵ
لە کۆتاییدا، د. دلێر ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بەم شێوەیە کورت کردەوە:
• دابەزاندنی کێش: ئەو کەسانەی کێشیان زیادە، پێویستە کێشیان دابەزێنن.
• کۆنترۆڵکردنی چەوریی خوێن: لە ڕێگەی پارێزی خۆراکییەوە یان بەکارهێنانی دەرمانی تایبەت بەپێی ڕێنمایی پزیشک.
• گۆڕینی شێوازی ژیان: بەردەوامبوون لەسەر وەرزشکردن، زیادکردنی چالاکیی ڕۆژانە و، گرنگیدانی جدی بە خواردنی ساغ و رەسەن.