رۆژنامەی ھەولێر

پزیشکێکی پسپۆڕ هۆشداری دەدات و خێزانەکان ڕێنمایی دەکات

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

لەگەڵ داهاتنەوەی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، چەندین نەخۆشی جیاواز لە نێوان منداڵاندا بڵاودەبنەوە. بۆ پاراستنی منداڵان لەم مەترسییە تەندروستییانە، د. تەرزە عەلی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، چەند ئامۆژگاری و ڕێنماییەکی گرنگ ئاراستەی دایکان و باوکان دەکات.

ئەم پزیشکە ڕوونی دەکاتەوە کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گۆڕانی کەشوهەوا، ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەکردن و دەرکەوتنی بەکتریای و ڤایرۆسەکان دەڕەخسێنێت. یەکێک لە باوترین نەخۆشییەکانی ئەم وەرزەش، تووشبوونە بە “سکچوون و ڕشانەوە”. بەکتریای و ڤایرۆسەکانی هاوین جیاوازن لەوانەی وەرزی زستان و دەبنە هۆی هەوکردنی توندی کۆئەندامی هەرسی منداڵ.
جگە لە سکچوون، چەندین حاڵەتی دیکەی وەک گەرمابردن، هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە و، مەترسیی پێوەدانی مێروو و زیندەوەرانی وەک هەنگ، دووپشک و مار لە هاویناندا زیاد دەکا؛ بۆیە پێویستە دایکان و باوکان بەرچاوڕوونیەکی تەواویان لەسەر ئەم حاڵەتانە هەبێت.

چ کاتێک سکچوون پێویستی بە سەردانی پزیشک هەیە؟
د. تەرزە عەلی ئاماژە بەوە دەکات کە سکچوون بەهۆی ڤایرۆس، بەکتریا یان ژەهراویبوونی خۆراکەوە ڕوو دەدات و پێویستی بە پۆلێنکردن هەیە:
• حاڵەتی سووک: لەم جۆرەدا تەنیا پێویستە دایکەکە بە بەردەوامی شلەمەنی بداتە منداڵەکەی بۆ ئەوەی جەستەی لە وشکبوونەوە بپارێزێت.
• حاڵەتی مەترسیدار: ئەگەر نیشانەکانی وەک بەرزبوونی پلەی گەرمای لەش (تا)، ڕشانەوەی بەردەوام، یان گۆڕانی ڕەنگی ڕشانەوەکە دەرکەوتن، پێویستە دەستبەجێ منداڵەکە ببرێتە نەخۆشخانە تا لەلایەن پزیشکەوە ببینرێت و چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت.
کاتە گونجاوەکان بۆ یاریکردنی منداڵ لە دەرەوە
سەبارەت بە چوونە دەرەوەی منداڵان بۆ کۆڵان و تێکەڵاوبوونیان لەگەڵ هاوڕێکانیان، دکتۆرە تەرزە ڕێنمایی دەکات کە کاتەکانیان بەم شێوەیە بۆ دیاری بکرێت:
• بەیانیان: لە کاتژمێر ٩:٠٠ـی سەرلەبەیانیانەوە تا سەعات ١٠:٣٠ خولەکی بەیانیان (بە مەرجێک ڕاستەوخۆ نەچنە بەر تیشکی بەتینی خۆر).
• ئێواران: لە کاتژمێر ٦:٠٠ـەوە هەتا ٧:٠٠ی ئێواران.
• نیوڕان (نیوەڕوان): لە کاتی گەرمای توندی نیوەڕۆدا، پێویستە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە منداڵان نەدرێت بچنە دەرەوە.

چۆن لەم وەرزی گەرمایەدا پارێزگاری لە منداڵەکانمان بکەین؟
د. تەرزە عەلی چەند ڕێسایەکی زێڕین بۆ پاراستنی تەندروستی خێزان دەخاتە ڕوو:
1. تەندروستی خۆراک: پێویستە دایکان تەنیا بەپێی پێویستی یەک ژەم خواردن ئامادە بکەن و نەهێڵن خواردن بمێنێتەوە؛ چونکە لە گەرمادا خێرا کەڕوو دەکات و تێکدەچێت. ئەگەر خواردنیش مایەوە، پێویستە پێش پێشکەشکردنی بە باشی گەرم بکرێتەوە.
2. دوورخستنەوەی منداڵی نەخۆش: ئەگەر منداڵێک تووشی سکچوون یان هەر نەخۆشییەک بوو، پێویستە کەلوپەلەکانی لە منداڵەکانی دیکە جیا بکرێنەوە بۆ ڕێگری لە گواستنەوەی گشتگیر.
3. ڕێکخستنی پلەی گەرمی ماڵ: لە کاتی بەکارهێنانی ئامێرەکانی ساردکەرەوەی وەک سپلیت و موبەڕیدە، پێویستە پلەی گەرمی ژوورەکە مامناوەند و گونجاو بێت و منداڵەکە ڕاستەوخۆ لەبەر دەمەوای ساردەکەدا نەبێت.
4. بایکۆتی خواردنی سەر شەقام:
لە کۆتاییدا پزیشکی پسپۆڕ جەخت
دەکاتەوە کە پێویستە منداڵان
بە تەواوی لە خواردنی
سەر شەقام، عارەبانەکان و
خواردنە دانەپۆشراوەکان
بەدوور بگیرێن، چونکە
سەرچاوەی سەرەکین بۆ
ژەهراویبوون.