رۆژنامەی ھەولێر

ئاگاداری ئەم نیشانانە بن؛ کەی پێویستە بۆ پاراستنی دڵت سەردانی پزیشک بکەیت؟

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

نەخۆشییەکانی دڵ بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیان لەدەستدان لە جیهاندا دادەنرێن، زۆرجار جەستە پێشوەختە لە ڕێگەی چەند نیشانەیەکەوە ئاماژەی ئاگادارکردنەوەمان بۆ دەنێرێت. لەم چوارچێوەیەدا، د. ئەحمەد ئەدیب نوری، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە، ئامۆژگاری هاووڵاتیان دەکات کە لەکاتی دەرکەوتنی ئەم نیشانانەی خوارەوە، بەبێ دواکەوتن سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن:

١. تەنگەنەفەسی لە کاتی چالاکیدا
ئەگەر لە کاتی جێبەجێکردنی کارە ئاسایی و ڕۆژانەدا، وەک ڕێکردن یان سەرکەوتن بە پەیژەدا (قادرمە)، هەستت بە تەنگەنەفەسی کرد، ئەمە دەکرێت نیشانەیەکی سەرەتایی بێت بۆ بوونی کێشە لە کارکردنی دڵدا.
٢. ماندووبوونی نائاسایی
هەستکردن بە ماندوویەتییەکی زۆر و نائاسایی، تەنانەت لە کاتی پشوودان یان دوای ئەنجامدانی کارێکی کەم، ئاماژەیە بۆ ئەوەی دڵ ناتوانێت بەو شێوەیەی کە پێویستە خوێن بۆ ئەندامەکانی جەستە پەمپ بکات.
٣. ئاوسانی ئەندامەکانی جەستە
ئاوسانی قاچەکان، پاژنەی پێ و سک، بەتایبەت ئەگەر ئاوسانەکە لەناکاو و بەردەوام بێت، نیشانەیە بۆ لاوازیی ماسولکەکانی دڵ. ئەمەش دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی شلەمەنی لە جەستەدا چونکە دڵ ناتوانێت سووڕی خوێن بە دروستی ڕێک بخات.
٤. سەرەسووڕە و گێژخواردن
هەستکردن بە سەرەسووڕە و گێژخواردن، بەتایبەت لە کاتی هەستانەوەی کوتوپڕدا، دەکرێت پەیوەندی بە ناڕێکی پەستانی خوێن یان کێشەکانی تری دڵەوە هەبێت کە پێویستیان بە پشکنینە.
٥. هێڵنجدان و کێشەی کۆئەندامی هەرس
نەمانی ئارەزووی خواردن یان هێڵنجدان بەردەوام دەکرێت نیشانەی ناڕاستەوخۆی نەخۆشیی دڵ بن. کاتێک ڕێژەی ڕۆیشتنی خوێن بۆ کۆئەندامی هەرس کەم دەبێتەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەم جۆرە گرفتانە.
٦. ناڕێکی لە لێدانی دڵ (دڵەکوتێ)
هەستکردن بە لێدانی ناڕێکی دڵ یان خێرالێدانی (دڵەکوتێ) مەترسییەکی جددییە. پشتگوێخستنی ئەم حاڵەتە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشک و چەندین گرفتی تەندروستی تر زیاد دەکات، بۆیە پێویستە فەرامۆش نەکرێت و پزیشک بڕیاری لەسەر بدات.