رۆژنامەی ھەولێر

لە هەولێر كۆنسێرتێكی گۆرانی و موزیك پێشكەش كرا

شیڤان شێرزاد – هەولێر

لە هۆڵی میدیا لە هەولێر، بە ئامادەبوونی نوێنەری پارێزگای هەولێر و (د. زانا مەلا خالید) بەرپرسی لقی دووی پارتی و (ئاریان سەڵاحەددین) بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و (سیروان عوسمان) بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و (سەلیم قادر) جێگری بەڕێوەبەری گشتی و ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی حكوومی و حیزبی و هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و ڕاگەیاندنكاران و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی و بەشەكانی سەر بە بەڕێوەبەراتیی گشتیمان ئامادەی بوون، بەڕێوەبەرایەتی هونەرەكانی موزیك و كەلەپوور سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان، بە هەماهەنگیی پارێزگای هەولێر و بە سپۆنسەریی میدیایی تۆڕی میدیای كوردستان، لە چوارچێوەی كار و چالاكییە هونەرییەكانی خۆیان، ئێوارە كۆنسێرتێكی موزیك و گۆرانییان پێشكەشكرد.

لە كۆنسێرتەكەدا (سیروان عوسمان) بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بەناوی پارێزگای و هەولێر و وەزارەتی ڕۆشنبیری وتەی بەخێرهاتنی بە میوانانی پێشكەشكرد و پاشان بەكورتی تیشكی خستە سەركار و چالاكییە هونەرییەكان لە هەولێری پایتەخت و ئەو هەماهەنگییەی لەنێوان دامەزراوەكاندا هەیە و ستایشی ئەو هەموو میوان و هونەرمەندانەیشی كرد، كە لە چالاكییەكاندا ئامادەییان هەیە و سوپاسی هونەرمەندانی بەشداری كۆنسێرتەكە كرد.
ئەو ئێوارە كۆنسێرتەكە گرووپی موزیكی بەڕێوەبەرایەتی هونەرەكانی موزیك و كەلەپوور بەشدارییان تێدا كرد، چەندین بەرهەمی گۆرانی و موزیکی لە خۆ گرتبوو، هەروەها هونەرمەندانی گۆرانیبێژ (زاهیر عومەر، یوسف كوردستانی، رزگار هەولێری، ئەندام محەمەد) بە بەرهەمەكانی خۆیان بەشدارییان تێدا كرد و ئێوارەكەیان رازاندەوە.
هەر لە چوارچێوەی چالاكییەكەدا، رێزلێنان پێشكەش بە شاعیر و ئاوازدانەر (وشیار عەبدوڵا) كرا و ڕۆڵی ئەو لەو بوارەدا بەرز نرخێنرا و هیوای بەردەوامیشیان بۆی خواست، چەپكە گوڵی بەشێك لە ئامادەبووان پێشکەش بە هونەرمەندانی بەشدار و گرووپی موزیك كرا.