رۆژنامەی ھەولێر

منداڵ و قەڵەوی

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

ئایا دەزانیت کەی گرنگە سەرنج بدەیت لە کێشی منداڵەکەت؟ بێگومان هەموو منداڵێک کاتێک گەشە دەکات، کێشی زیاد دەبێت. بەڵام کێشی زیاتر لە پێویست دەبێتە هۆی قەڵەوی لە منداڵان.

قەڵەوی بارێکی گرنگ و ترسناکی تەندروستییە کە کاریگەری لەسەر منداڵان و هەرزەکاران دەبێت. ئەگەر کێشی زیاترە لە کێشی ئاسایی بە گوێرەی درێژییەکەی، ئەو قەڵەوییە. قەڵەوی لە منداڵان کێشەیە، چونکە دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی تەندروستی لە داهاتوودا، بە تایبەتی کاتێک منداڵ دەگات بە تەمەنی پێگەیشتوویی.
باشترین ڕێگا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشی زیاد لە منداڵان بریتییە لە باشکردنی خۆراک و زیادکردنی چالاکی و وەرزش لە ئاستی خێزان، نەک تەنها بۆ منداڵەکە.

هۆکارەکان
هەرچەندە هەندێک هۆکاری بۆماوەیی و هۆرمۆنی هەیە کە دەتوانێت ببێتە هۆی قەڵەوی لە منداڵان، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هۆکارە سەرەکییەکە بریتییە لە زۆرخواردن و کەمجووڵانەوە. منداڵان وەک کەسانی پێگەیشتوو پێویستیان بە ڕێژەیەکی دیاریکراوی وزە (کالۆری) هەیە بۆ گەشە و ئەوزەڵکردن (گەورەبوون). ئەگەر ئەو پێداویستییە بە شێوەیەکی هاوسەنگ پەیڕەو بکرێت، هیچ کێشەیەک دروست نابێت. بەڵام ئەگەر منداڵ زیاتر لە پێویست خۆراک بخوات، ئەوا کێشی زیاد دروست دەبێت.

هۆکارە مەترسیدارەکان
•خۆراک: بەکارهێنانی خۆراکی پڕکالۆری و ناته‌ندروست
• ناچالاکی: نەجووڵان و وەرزشنەکردن
• بۆماوە: هۆکاری خێزانی و بۆماوەیی
• هۆکارە دەروونییەکان: وەک خواردن بە هۆی هەست و ورووژان (Emotional eating)
• هۆکاری خێزانی: باوانان بەڕێوەبەری سەرەکی خۆراکی ماڵن. ئەگەر خۆراکی ناته‌ندروست لە ماڵدا هەبێت، نابێت تەنها منداڵ تۆمەتبار بکرێت. پێویستە باوانان کۆنترۆڵی جۆری خۆراک بکەن و ڕێگە نەدەن منداڵ بە هەموو جۆرە خۆراکێک بەردەست بێت.
• هۆکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی: کاریگەری لەسەر جۆری خۆراک و ژیان دەبێت.

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟
هەر منداڵێک کە کەمێک لە کێشی ئاسایی زیاتر بێت، بە تەنها مانای قەڵەوی نییە. بەڵام ئەگەر تۆ هەستت کرد کە کێشی منداڵەکەت بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە، ئەوا باشە سەردانی پزیشک بکەیت بۆ هەڵسەنگاندن و ڕێنمایی پێویست.

ئاڵۆزییەکان
منداڵانی قەڵەو زیاتر لە مەترسیدادەبن بۆ ئەم نەخۆشیانەی خوارەوە لە تەمەنی هەرزەکاری و گەورەییدا:
• نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو
• بەرزی پەستانی خوێن
• کێشەی هەناسە (وەک ڕێبۆ و ئاستانی هەناسە)
• تێکچوونی خەو
• دەستپێکردنی پێش وەختی گەشەی هۆرمۆنی
• کێشەی جگەر (Fatty liver)