رۆژنامەی ھەولێر

هەر شۆفێرێک یان سەرنشینێک زبڵ فڕێ بداتە سەر شەقام ٤٠ هەزار دینار سزا دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم، لە بڵاونامەیەکی فەرمیدا ئاگادارییەکی ئاراستەی شۆفێران و سەرنشینان کرد و ڕایگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی پاکوخاوێنی و ژینگەی کوردستان، فڕێدانی هەر جۆرە زبڵ و خاشاکێک لە ناو ئۆتۆمبێلەوە بۆ سەر شەقام و شۆستەکان قەدەغەیە.

دوێنێ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم، ڕایگەیاند: پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ، هەر کەسێک (شۆفێر یان سەرنشین) لە کاتی ڕۆیشتن یان وەستانی ئۆتۆمبێل زبڵ فڕێ بدات، بڕی 40،000 (چل هەزار دینار) سزای دارایی بۆ ئۆتۆمبێلەکەی یان ماتۆڕسکیلەکەی تۆمار دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم ڕاشیگەیاند: ئەم سزایە لە ڕێگەی سیستمەکانی PDA و کامێراکانی چاودێری و تۆمارکردنی تیژڕۆییەوە دەخرێتە ناو سیستمی سەرپێچییەکان.
هەروەها هاتوچۆی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد کە ئەفسەرانی هاتوچۆ دەسەڵاتیان پێدراوە ڕاستەوخۆ سزا بەسەر سەرپێچیکاراندا بسەپێنن لە کاتی بینینی سەرپێچییەکەدا. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە ئەو ڤیدیۆیانەی لە لایەن هاووڵاتییانەوە بۆ پلاتفۆرمەکانی هاتوچۆ ڕەوانە دەکرێن، وەک بەڵگە وەردەگیرێن بۆ سزادانی سەرپێچیکاران.
لە کۆتایی بڵاونامەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆ داوا لە هاونیشتمانیان دەکات هاوکار بن لە پاراستنی ژینگە و خۆیان لە فڕێدانی زبڵ و خاشاک بپارێزن، هەروەها پۆلیسی هاتوچۆ ئاگادار بکەنەوە لە هەر سەرپێچییەک لە ڕێگەی ناردنی وێنە و ڤیدیۆوە، تاوەکو پێکەوە پاکوخاوێنیی شەقام و شۆستەکان بپارێزرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمساڵدا زۆرترین کاری کردووە لەپێناو پاکڕاگرتنی ژینگە و بۆ ئەو مەبەستە لەسەرجەم سێکتەرە جیاوازەکان هەنگاوی ناوە و بڕیاری پێویستی دەرکردووە، بە مەبەستی ئەوەی هاووڵاتیان هاوکاربن لە پاراستنی ژینگەی شارەکانی هەرێمی کوردستان.