ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
خوێنەچۆڕە لە كاتی دووگیانیدا یەكێكە لە نیشانە نیگەرانیبزوێنەكانی خانمانی دووگیان، چونكە زۆرێك لە خانمان پێیان وایە ئەم حاڵەتە دەتوانێت ببێتە هۆی لەبارچوون. بەڵام پسپۆڕان دەڵێن ئەمە هەمیشە ڕاست نییە.
بەپێی زانیارییە پزیشكییەكان، نزیكەی 20%ی خانمانی دووگیان لە ماوەی 12 هەفتەی یەکەمی دووگیانیدا تووشی خوێنەچۆڕە دەبن. لە زۆربەی ئەم حاڵەتانەدا، واتە نزیكەی 90%، دووگیانییەكە بە شێوەیەكی سروشتی بەردەوام دەبێت و هیچ ئاڵۆزییەكی جدی ڕوو نادات.
د. جوانیتا سەلاح، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان، منداڵبوون و نەزۆكی، ڕوونیدەكاتەوە كە خوێنەچۆڕە لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا هەندێك جار دەتوانێت جێگەی نیگەرانی بێت، بەڵام هەمیشە نیشانەی كێشەیەكی گەورە نییە. بەوتەی ئەو، ئەم حاڵەتە دەتوانێت بەهۆی چەند هۆكارێكەوە ڕوو بدات، لەوانە:
• خوێنەچۆڕەی کولانەکردن یاخود چاندن (Implantation): پەڵەیەكی سووكی خوێنە كە كاتێك ڕوو دەدات كە كۆرپەلە لە ناوپۆشی منداڵداندا دەچەسپێت.
• لەبارچوون: هەندێك جار خوێنەچۆڕە ڕەنگە نیشانەی لەبارچوون بێت، بە تایبەت ئەگەر لەگەڵ گرژی سك و خوێنەچۆڕەی توند هاوبەش بێت.
• دووگیانیی دەرەوەی منداڵدان: ئەم حاڵەتە كاتێك ڕوو دەدات كە كۆرپەلە لە دەرەوەی منداڵدان دەچەسپێت، كە زۆرجار دەبێتە هۆی خوێنەچۆڕە و ئازاری سك.
• بوونی خوێن لە دەوری كۆرپەلە: ئەمە بریتییە لە كۆبوونەوەی خوێن لە نێوان دیواری منداڵدان و وێڵاش، كە دەتوانێت ببێتە هۆی خوێنەچۆڕە، بەڵام لە هەندێك حاڵەتدا خۆی بە خۆی چارەسەر دەبێت.
• گۆڕانكاریی ملی ڕەحم: لە كاتی دووگیانیدا ملی ڕەحم هەستیارتر دەبێت و بەهۆی زیادبوونی ڕۆیشتنی خوێن بۆ ئەو ناوچەیە، دەتوانێت ببێتە هۆی خوێنەچۆڕەی سووك.
د. جوانیتا سەلاح هۆشداری بە خانمان دەدات و دەڵێت ئەگەر خانمێك لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا تووشی خوێنەچۆڕە ببێت، پێویستە بۆ دڵنیایی و پاراستنی تەندروستی خۆی و كۆرپەلەكەی، پەیوەندی بە پزیشك یان ناوەندی تەندروستییەوە بكات.

