هۆكار و چارەسەری پەڵەی پێست

ماكوان عێزەت – هه‌ولێر

پەڵە بریتیە لە دروستبوونی پەڵەی قاوەیی ( ڕەساسی باو) لەسەر پێست، ئافرەتان زیاتر تووشی پەڵەی پێست دەبن لە چاو پیاوان، ئەم پەڵانەش لە تەمەنی نێوان 20 تا 40 ساڵی دەردەكەون، زیاتر ئەو كەسانە تووشی ئەو پەڵەیە دەبن كە پێستیان ئەسمەرە یانیش گەنم ڕەنگە، ئەمەش لە چاو ئەوكەسانەی كە پێستان سپییە یان ڕەش.

دکتۆر شادیار حەمەلاو پزیشکی پسپۆڕی جوانکاری و نەخۆشییەکانی پێست هۆكارەكان و چارەسەری دەخاتە ڕوو:

هۆكاری دروستبوونی پەڵە:
هۆركاری دروستبوونی پەڵە دەگەڕێتەوە بۆ خانەی میلانین لە پێست، كە ئەم خانانە زیاد لە ڕێژەی پێویست ماددەی میلانین دەڕێژن هۆكارەكانیش بریتین لە:
*بۆماوەیی، بە گوێرەی توێژینەوەكان ڕوونبووەتەوە ئەو خێزانانەی كە لە باوانەوە پەڵەیان هەیە نەوەكانیشیان تووشی ئەم پەڵەیە دەبن.
*زۆر چوونە بەرتیشكی خۆر: ئەوكەسانەی كە كارەكانیان وەهایە و زۆر لەبەر تیشكی خۆر ڕادەوستن زیاتر تووش دەبن.
*هۆرمۆن: ئەو ئافرەتانەی كە دوگیانن زیاتر تووشی دەبن لە چاو ئەو ئافرەتانەی كە دوگیان نین. هەروەها ئەو ئافرەتانەی كە زیاتر حەبی دژە سكپڕی بەكار دەهێنن ئەگەری تووشبوونیان زیاترە.
*زۆر بەكارهێنانی میكیاژ و بۆن: ئەمانەش بەهۆی ئەوەی بەر پێست دەكەون و دەبنە هۆی هەستیاری پێست و پەڵە.
(د.شادیار حەمەلاو ) دەشڵێت: پەڵە لە ڕووخسار و جەستەش ڕوودەدات، هەر بۆیە لە ڕووخساردا لە سەدا 70ـی لە ناوەڕاستی دەموچاودایە، لە هەندێك حاڵەتیش تەنها سەر ڕوومەت دەگرێتەوە.
و لە لەجەستەش: شان و مل و پشت دەگرێتەوە .

جۆرەكانی پەڵە:
1-پەڵەی ڕووكەش: ئەمەش تەنها لە بەشی سەرەوەی توێژی پێست هەیە، ئەم پەڵەیە زیاتر قاوەیی دەردەكەوێت، لێوارەكانی زیاتر دەردەكەوێت.
2-پەڵەی قوڵ: ئەم پەڵەیە لە ژێر چینی دووەم و بەشی خوارەوەی پێست هەیە، ڕەنگەكەی زیاتر بۆر باوە، لێوارەكانی جوان دیار نییە.
3-پەڵەی تێكەڵاو: ئەم جۆرەیان باوترینیانە لە ناو خەڵكی ئێمەدا.

لە بارەی چارەسەری پەڵەشەوە دکتۆر شادیار حەمەلاو ئاماژەی بەوەدا كە:
گرنگترین هەنگاو بەكارهێنانی دژە خۆرە، پێویستە ئەم دژە خۆرەیە بە شێوەی گونجاو لەگەڵ پێستت بەكار بهێنیت، هەروەها كرێم، یاخوود حەب، هەیشە ئەم چارەسەرییانە بەكاردەهێنێت و سوودی لێ نابینێت، هەر بۆیە ئێمەی پزیشكان لەم كاتەدا كار لەسەر پێستەكەدەكەین تاوەك ئەو پەڵانە لەناو دەبەین.

ھەواڵی زیاتر