چەند پەیامێکی زانستیی لەسەر نەخۆشیی سوورێژە و ڤاکسینی سوورێژە

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، هەرێمی كوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق، کەمتریین رێژەی کوتانی دژ بە نەخۆشیی دره میی ڤایرۆسیی سوورێژە (سۆریکە) یان پێکوتەی سیانیی MMR( سوورێژە، ملەخڕێ یان گێ رەپە و سورێژەی ئەڵمانی)ی تێدا کراوە.

بە تایبەت لە پارێزگای سلێمانی، لە یەکەم رۆژی هەڵمەتی نیشتمانیی پێکوتەی سوورێژەوە تاوەکو ئێستا، تەنیا 19%ـی منداڵان ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە، زۆرترین کوتان لە پارێزگاکانی باشووری عێڕاقە.
د. زانا دزەیی پسپۆڕی وردی کۆئەندامی هەناسە و سییەکان چەند پەیامێکی زانستیی لەسەر نەخۆشیی سوو رێژە و ڤاکسینی سورێژە دەخاتە ڕوو:
یەکەم – نەخۆشیی سوورێژە، بە خێراترین نەخۆشیی دره میی ڤایرۆسی دادەندرێت، زۆر خێرایە لە بڵاوبوونەوە و ئەگەر کەسێک بەرکەوتەی لەگەڵ 10 کەسدا هەبێت، ئەوا نۆیان تووشی هەوکردن بە ڤایرۆسەکە دەبن. لە سوورێژەدا هەوکردنی سییەکان و مێشک، بە هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدان دادەنرێن.
دووەم – پێش دۆزینەوەی ڤاکسینی سوورێژە لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوو، نەخۆشییەکە بە یەکێک لە سەختترین نەخۆشییە دره مییەکان دادەنرا و رێژەیەکی زۆر لە تووشبووان یان گیانیانلەدەستدەدا یان تووشی ماکە درێژخایەنەکانی نەخۆشییەکە دەبوون. ژمارەی مردن بەهۆی نەخۆشییەکەوە بەتایبەت لە جیهانی سێیەم، ساڵانە 2.5 ملێۆن منداڵ بوو، ئێستا و پاش دۆزینەوەی ڤاکسینی سوورێژە، رێژەکە کەمترە لە 140 هەزار مردن لە ساڵێکدا.
سێیەم – تەنیا ڤاکسین دەتوانێت بە تەواوی کۆتایی بە نەخۆشییەکە بهێنێت، بەجۆرێک دەبێت زیاتر لە 90%ی ئەو منداڵانەی کە پڕۆگرامی ڤاکسینەکە دەیانگرێتەوە، ڤاکسینەکە وەربگرن.
چوارەم – ڤاکسینی سوورێژە یان ڤاکسینی سیانی، ڤاکسینێکی سەلامەتە، ئەو باوەڕەی کە دەگوترێت منداڵ تووشی ئۆتیزم دەکات، هیچ بنەمایەکی زانستیی نییە، بە پێچەوانەوە ئەو منداڵانەی کە تووشی هەوکردنی سورێژە دەبن و تووشی ماکەکانی نەخۆشییەکە دەبن لەسەر کۆئەندامی مێشک و دەمار، رێژەی تووشبوون بە ئۆتیزم تێیاندا بەرزترە.
پێنجەم – هەندێک گروپ لە منداڵان نابێت ڤاکسینی سوورێژە وەربگرن، ئەوانیش وەکو: ئەوانەی هەستیاریی توندیان بەرامبەر پێکهاتەی ڤاکسینەکە هەیە و ئەوانەی سیستمی بەرگریی لەشیان بەهەر هۆکارێک کەمبووبێتەوە وەکو (تووشبووانی شێرپەنجە، ئەوانەی دەرمانی کەمکردنەوەی بەرگریی جەستە بەکاردەهێنن یان چاندنی ئەندامێکیان بۆ کراوە.
شەشەم – بڕوات بە زانست هەبێت و گوێ لە کەسانی نابەپرس مەگرە، دڵ لە دڵ مەدە و تاوەکو زووە هەوڵ بدە منداڵەکەت بەشداربێت لەو هەڵمەتە نیشتمانییە و ڤاکسینەکە وەربگرێت.

ھەواڵی زیاتر